یەكەم/ ستراتیجی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر کۆمەڵێک ستراتیج بنیات نراوە لە جیهاندا، هەر کیشوەر و هەرێم و ناوچەیەک بەپێی گرنگی و بەرژوەندییە باڵاکانی ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ستراتیجی بۆ دادەڕێژرێت، هەر لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیاوە تا دەگاتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەوڕوپا و زەریای ئەتڵەسی و ناوچە جیاوازەکانی جیهان.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو پانتاییانەی ئەمەریکا بەردەوام چاوی لەسەرە و بەگوێرەی بایەخ و بەرژەوەندییەکانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بەشێوەیەکی گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر چوار کۆڵەكەی سەرەکی بنیات نراوە بەمشێوەیە:
یەکەم: پاراستنی کۆمەڵگەی جوو و بەرژەوەندییەکانی.
دووەم: نەوت و سامانی سروشتی.
سێیەم: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
چوارەم: گەیشتن بە ئاسایش و ئارامی.
ئەمڕۆ زیاتر لە ئەکتەرێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە مەیدان و سیستمی هەرێمی ناوچەکەدا دەجووڵێن و خۆی پێشان دەدات، بەشێک لەو ئەکتەرانە هێزی هەرێمین و خاوەن قووڵایی ستراتیجی و پێگە و جیۆگرافیا و هەژموون و ئامرازی کاریگەرن لە سیاسەتی دەرەوەدا. هەندێکی تریان ئەکتەری ئاسایی و خاوەن هێزێکی مامناوەندن و توانای رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی لەخۆیان بەهێزتر و کاریگەرتر نییە. بەشێکی تریان ئەکتەری نا-دەوڵەتین، واتە دەوڵەت نین و خاوەن سەروەری و سەربەخۆیی تەواو نین و لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندام نین و خاوەن سنور و ددانپێدانان نین، بەڵام ئەمەریکا مامەڵەی تایبەتییان لەگەڵدا دەکات و پێوەندی دبلۆماسی و بازرگانی و ئاسایش و سەربازی لەگەڵ دروستکردوون، لەوانە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە کەمینەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و چەندان ئەکتەری تر.
ئەم جۆرە پێوەندییە مانا و گرنگی خۆی هەیە، بە تایبەت لە دەوڵەتێکدا کە بەهۆی جیاوازی نەتەوەیی و ئاین و مەزەوەوە چەندان ئەکتەر هەن بە دیدگا و تێگەیشتنی جیاوازەوە.
دووەم/ ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان
پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، پرسێکی گەرمی ئەمڕۆی میدیا و شەقامی عێراقییە، دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیریی بەهەردوو جومگەی شیعە و سوننەوە لە عێراق، باسی ئەم کشانەوەیە دەکەن و لە بنەڕەتیشدا ئەم دەستەبژێرە هیچ لارییەکی نییە لە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، بە تایبەت ئەمەریکا لە عێراق و بگرە هێزە شیعییەکان لۆبی و گوشاریش دەکەن بۆ کشانەوەی ئەم هێزانە و لە ماوەی رابردوودا بینرا لە ڕێگەی چەندان کەناڵەوە گوشاریان دەکرد، تەنانەت ماوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و تازە ناکرێتەوە کە دەزگایەكی نێودەوڵەتیی مەدەنییە و کار و ئەرکەکانی بۆ خزمەتی کۆمەڵگەی عێراقییە، بەڵام لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا دەنگی دەستەبژێری شیعە بۆ بەگژداچوونەوەی هێزە بیانیی و ئەمەریکاییەکانە، ئەمە وایکردووە ئەگەری کشانەوە ئەگەرێکی کراوە و بەهێز بێت.
بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستانیش دەکشێتەوە؟ ئەمەریکا هەرێم و بەغدا وەک یەک دەبینێت و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات؟
بێگومان هەردوو ئەکتەری هەرێم و بەغدا لەلایەن ئەمەریکاوە بەیەک ئاست مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، چونکە بونیاد و ستراتیج و دید و سیاسەتی هەردوولا بۆ ئەمەریکا و پێوەندییە دەرەکی و دبلۆماسییەکان جیاوازە، ئەمەریکا بە نیازە گەورەترین کونسوڵگەی لە جیهاندا، لە هەولێر بکاتەوە، ئەمەیش بۆخۆی ئاماژەیەکی دیارە کە ئەمەریکا وەک هاوبەشێک لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت لە ئێستەدا و ئەگەری کشانەوە لە هەرێم، ئەگەرێکی دوورە و نالۆجیكییە.
سێیەم/ عێراق بەبێ ئەمەریکا
بێگومان ئەمەریکا بە هاوکاری وڵاتە هاوپەیمانەکانی بەعسی رووخاند و دەرفەتێکی زێڕینی بۆ شیعە هێنایە پێشەوە، بۆ ئەوەی بگەن بە دەسەڵات و حکومڕانی و سیاسەت و دبلۆماسی. دوای 2003 شیعەکان توانیان بۆ یەکەم جار خۆیان بگەیەننە ناو جومگەکانی حکومڕانی و پێگە و پایەیان بەهێز بکەن، بەڵام لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە تا ساڵی 2011 ئەمەریکا ئاسایشی عێڕاقی دەپاراست.
دوای جێهێشتنی ئەمەریکا لە ساڵی 2011، بە ماوەیەکی کەم داعش بەشێکی عێراقی داگیر کرد، ئەمەیش وەک ئاماژە و پرسیارێک کە عێراقی شیعە بەبێ ئەمەریکا دەتوانێت چی بکات و چۆن حکومڕانی بکات و بگات بە ئاسایش و سەقامگیری؟. بێگومان کاتێک ئەمەریکا جارێکی تر گەڕایەوە و بەهاوکاری وڵاتانی جیهان و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی جیهانی بۆ رووبەڕووی داعش، توانی ئاسایش و سەقامگیرییەکی رێژەیی بۆ عێراقییەکان بهێنێتەوە و رێگە لە رووخان و داتەپینی وەک دەوڵەت و کۆمەڵگە و ئاسایش و سەرباز و سوپا، بگرێت. بۆیە ئەمڕۆ پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە، كشانەوەی ئەمەریکا جارێکی تر چ چیڕۆک و تڕاجیدیاییەک بەدوای خۆیدا دێنێت؟
یەکێک لە سیناریۆکان ناسەقامگیرییە بەهۆی پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارەکان و ئەمەریکا خۆیەوە، چونکە ئەمەریکا بەهۆی دۆخی هەرێمی و ململانێ و جەنگی تازەوە، دەیەوێت ئەو گرووپە چەکدارانە بپێکێت کە بە مەترسی و زیانی دەزانێت بۆ سەر ناسنامە و پێگە و هەژموونی وڵاتەکە، بە تایبەت لە عێراق کە لەسەر ئاستی گوتار و ریتۆریک هەمیشە ناڕەزاییەکی قووڵ هەیە بەرانبەر ئەمەریکا و لە بەرامبەریشدا ئەمەریکا هەڕەشەی لێدان و لاوازکردن و بچووککردنەوەی گرووپەکان دەكات.
ئەمجارە ئەمەریکا عێراق جێ بهێڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو گرووپە چەکدارانە دەپێکێت کە ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەی لەناوبردنی ئەمەریکا دەکەن.