په‌روه‌رده (paideia) و مێژوو
هه‌ر باڵێک له باڵه‌کانی زانست، مێژوویه‌کی هه‌یه له پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی خۆیدا و ڕه‌نگه گه‌ڕان بۆ سه‌رچاوه و بنه‌مای ئامۆژگاری و دیسپلینه‌کانی ئه‌و زانسته، باشترین یاریده‌دەر بێت تا ئێمه هه‌نگاوێکی پته‌و و گه‌وره له پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگەی خۆمان و خزمه‌تکردنی نه‌وه‌کان و نیشتماندا بهاوێژین. وشه‌ی پایدیا (paideia) وشه‌یه‌کی کۆنی یۆنانییە، به مانای په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ یان په‌روه‌رده به‌گشتی دێت. له شاری ئه‌سینای کۆندا پایدیا به سیست‌می په‌روه‌رده ده‌گوترا که لەسه‌ر بنه‌مای ئه‌و سیستمه قوتابی یان به گشتیی خوازیارانی زانست و مه‌عریفه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مە ده‌خرانه به‌ر په‌روه‌رده و ڕاهێنانی کو‌لتووریی چڕ‌وپڕ و ته‌واو، به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو زانسته‌کانی شێوازی لێدوان، ڕێزمان، بیرکاری، مۆسیقا، فه‌لسه‌فه، جیۆگرافیا، مێژووی سروشتی و جیمناستیکیان پێ ده‌وترایه‌وه.
پایدیا له بنه‌مادا پرۆسێس و ڕه‌وتی په‌روه‌رده و ڕاهێنانی مرۆڤه‌کانه به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی به‌رز و پله‌ی که‌ماڵ و پێگه‌ی ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ. دیاره ئه‌و تێڕوانینه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه بۆ په‌روه‌رده هه‌بووه، ئێستە ناکرێت به وردی پێڕەو بکرێت بەسه‌ر کۆمه‌ڵگەدا، ئه‌مه‌یش هۆکاری زۆروزەوه‌ندی هه‌یه. به‌ڵام بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئه‌و په‌روه‌رده‌یه سه‌تان فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ند و هه‌زاران کتێبی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فی و زانستیی بۆ مرۆڤ به‌جێ هێشتووه که ئێمه له‌م سه‌رده‌مه و له سه‌ده‌ی 21یش هه‌ر به‌هره‌یان لێ وه‌رده‌گرین و زانستی سه‌رده‌م له‌سه‌ر ئه‌و کۆڵه‌کانه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌وینی زانست و مه‌عریفه و فه‌لسه‌فه دایانمه‌زراند و پته‌ویان کرد.
یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی سیست‌می په‌روه‌رده‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه كە ناکرێت له‌م ڕۆژگاره‌دا جێبه‌جێ بکرێت، پێشکه‌وتنی زانستە تا ئاستی پسپۆڕیی و پیشەییبوون، واته پۆلێنبوونی هه‌رکام له باڵه‌کانی زانست و به‌ربڵاوی ئه‌م باڵانه و به‌رته‌سکبوونی ته‌مه‌نی مرۆڤ له ئاستی به‌رفرەوانیی هه‌ر لقێک له لقه‌کانی زانست‌دا، وایکردووه مرۆڤی سه‌رده‌م نه‌توانێت له چه‌ند زانستێکدا به‌شێوه‌ی هاوکات پسپۆڕ بێ، ئه‌وانه‌یشی ئه‌مڕۆ ئه‌و پله‌یه‌یان به‌ده‌ست هێناوه، سه‌ربه چه‌ند نه‌وه پێشترن و ئێسته ژماره‌یان ناگاته پەنجەكانی ده‌ستێک و هه‌موویشیان به‌جێیان هێشتووین.
ئێسته ئێمه له سه‌رده‌مێکی دیکه‌ی په‌روه‌ردە و نه‌زمێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکهاتێکی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگەکاندا ده‌ژین كە به پله‌ی یه‌که‌م گیرۆده‌ی پێشکه‌وتنی خۆیه‌تی! به‌و مانایه‌ی پێشکه‌وتنه‌کان له هه‌رکام له باڵه‌کانی زانست‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وتی به‌رز و ئاسایش و سه‌رکه‌وتنی بۆ مرۆڤایه‌تی هێناوه، بەڵام بووه به مایه‌ی جۆرێک لە په‌شێوی و په‌رێشانی و هاوكات سه‌رلێشێواوی مرۆڤی سه‌رده‌میش.
هه‌ر له هاوکێشه و ململانێی زلهێزه‌کانه‌وه بگره تا شه‌ڕه ڕاسته‌وخۆ و سه‌خته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م که سه‌ده‌ی ته‌قینه‌وەی پێشکه‌وتن و هاوکات جه‌نگه‌کان بوو، مرۆڤایه‌تی له ڕێگه‌ی ئه‌م پێشکه‌وتنانه‌وه خه‌ساری زۆری لە خۆی داوە و له‌سه‌ر وێرانه‌ی جه‌نگه‌کان وڵاتانی ڕۆژئاوا و میراتگره ڕاسته‌قینه‌کانی جیهانی که‌ونارای یۆنان، بیریان کرده‌وه و چاره‌ی خۆیان کرد، کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان و دواتر ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و سه‌تان و هه‌زاران دامه‌زراوه‌ی یاسایی و سیاسیی و کو‌لتووری و مرۆییان دامه‌زراند، تا له‌م ڕه‌شۆداماڵراویی و بێباکیه‌ی مرۆڤ که خۆیان ڕچه‌شکێنی بوون، شتێک که‌م بکه‌نه‌وه.
گومان له‌وه‌دا نییه له پاش شۆڕشه پیشه‌یی و زانستییه‌کانی ڕۆژئاواوه تا ئێسته‌یش، ڕۆژهه‌ڵات له په‌راوێزی پلان و پیلانه‌کانی ڕۆژئاوادایه، ئه‌مه‌یش ته‌نیا ڕه‌هه‌ندی سیاسی ناگرێته خۆی، به‌ڵکوو لایه‌نی کو‌لتووری، ئابووری، نه‌ته‌وه‌یی، هونه‌ری، میدیا، په‌روه‌رده‌یی و ده‌یان لایه‌نی تریش ده‌گرێته خۆ. چه‌ند وڵاتێکی لێ ده‌ركە، زۆرینە‌ی وڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ناو تۆڕی مێژوویی هاوکێشه‌کانی ڕۆژئاوادان، ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسیی و پۆست کۆلۆنیالیزمه‌وه چاوی لێ بکه‌ین، هوشیاربوونه‌وه‌ی دوای جه‌نگه‌کان که ڕۆژئاوا بانگه‌شه‌ی بۆ کرد، هوشیاربوونه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ ئه‌وان مانای پاراستن و به‌رگریی زیاتر له خه‌ڵک و شارستانییه‌ت و کو‌لتوور و هه‌موو کیان و وجوودی خۆیان بوو، كەچی ڕۆژهه‌ڵات له‌م هاوکێشه‌ی هوشیاربوونه‌وه‌یه‌دا په‌راوێزێکی به‌کارهێنراو و سووتماکی پێویستی کاتیی بوو.
مێژووی سه‌ده‌ی 20 له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی و کوردستان به تایبه‌تی، شایه‌تی ئه‌وەن كە زانست ڕووه ڕه‌شه‌که‌ی له شێوازی کیمیاباران و ئه‌نفالدا به پێشکه‌وتووترین ئامێره‌کانی ڕۆژئاوا له‌سه‌ر ده‌ستی به‌عسییه شۆڤێنییه‌کان ده‌رخست، ئه‌مه به‌و مانایه دێت که هه‌رکام له‌م وڵاتانه دواتر بارگه و بنه‌ی خۆیان پێچایه‌وه و له‌ژێر ڕه‌شه‌بای ناپاڵم و کڕێوه‌ی بۆردمان و ڕه‌هێڵه‌ی فیشه‌کدا کیانی خۆیان دامه‌زراند و بزووتنه‌وه و بزاوتێکی هوشیارانه‌ی ئه‌گه‌رچی خواروخێچ و نیوه‌چڵ ده‌ست پێ کرد و له پله‌ی یه‌که‌میشدا له سیست‌می په‌روه‌رده‌یاندا ڕه‌نگی دایه‌وه.
بۆ نموونه، سیسته‌می په‌روه‌رده له سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم له عێراق، سیاسه‌ت و پلاتفۆرمێکی پێڕه‌و ده‌کرد تا ئه‌وه‌ی سه‌دام حسێن ئه‌گه‌رچی له هه‌ردووکیاندا ڕۆژئاوا هه‌ر جه‌مسه‌ره ڕه‌شه‌که و عه‌ره‌بیش نه‌ته‌وه‌ی باڵا و سه‌رده‌ست بوو! له وڵاتی ئێرانیش دۆخه‌که به هه‌مانشێوه بوو، له سه‌رده‌می شادا ئه‌مەریکا وڵاتێکی هاوپه‌یمان و له دوای هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌لاتی مەلاكانیش ئه‌مەریکا کرا بە شه‌یتانی گه‌وره! هه‌ر ئه‌مه وایکردووه به ده‌گمه‌ن عێراقی و ئێرانییه‌کان بتوانن ددان به کیان و شوناسێکدا جگه له خۆیان، بنێن. ئه‌مه له هەموو وانه‌کان و کتێوی فێرکاری له سه‌ره‌تاییه‌وه تا زانکۆ پێڕه‌و ده‌کرێت و مێشکی منداڵانی پێ زاخاو یان باشتر وایه بڵێم، پێ ده‌شۆرنەوە!
په‌روه‌رده و شوناس و کوردبوون
گومان له‌وه‌دا نییه کورد له کاره‌سات و مه‌رگه‌سات و شێواندنی شوناس و که‌سایه‌تییدا خه‌ساری به‌رکه‌وتووه و له‌لایه‌ن نه‌ک ئه‌و وڵاتانه‌ی داگیریان کردووه، به‌ڵکوو له‌لایه‌ن زلهێزه‌کانیشه‌وه به‌رده‌وام غه‌دری لێ ده‌کرێت و چه‌وسێنراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناتوانین به‌هیچ شێوه‌یه‌ک حاشای شکۆ و که‌رامه‌ت و خۆڕاگریی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بکه‌ین که له‌ناو دنیایه‌ک جه‌نگ و دووکه‌ڵ و شه‌ڕی نابه‌رانبه‌ردا هێشتا هه‌ناسه ده‌دات و جله کۆن و که‌ونینه‌کانی خۆی له دووکه‌ڵ و بارووتی سه‌ده‌کان ده‌سڕێته‌وه و تیشکی دیرۆکه‌کانی شوناسی خۆی له‌ژێر ئه‌و توێژاڵه ڕه‌شه و لادانییه‌وه ده‌بریسکێنێته‌وه.
زیاتر له 10 ساڵه ده‌بیستین شیعره‌کانی مامۆستایه‌کی مه‌زن شێرکۆ بێکه‌س له وانه‌ی خوێندنی قوتابیانی پۆلێكدا لە ئه‌مەریکا ده‌وترێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه و سه‌تان وتار و کتێب و دانوستان و که‌مپین، نه‌یتوانی ترەمپ له پشتکردنه کوردانی ڕۆژئاوا په‌شیمان بکاته‌وه، ئه‌مه ژانێکی گه‌وره‌یه، نه‌ک ته‌نیا بۆ ئێمه که جه‌نگ و کۆچڕه‌ومان بینیوه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وانه‌یشی تەنیا وه‌ک قسه و چیڕۆك بیستوویانه، ده‌بێت خاڵ و برینێکی ته‌ڕی هوشیاركەرەوە و ئاگایی نه‌ته‌وه‌یی بێت.
وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، یه‌کەمه‌کانی سه‌ر ئاستی هه‌رێم مایه‌ی دڵخۆشی و سه‌ربه‌رزیی ئێمه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که سیست‌می په‌روه‌رده‌ی خۆمان هه‌ڵنه‌سه‌نگێنین، به‌ڵکوو ڕێک به‌م مانایه‌یه ده‌رفه‌تێکی باشه بپرسین، پێگه‌ی سیست‌می په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستان له چ ئاستێکدایه و ئایا به‌پێی پێوه‌ره‌کانی وڵاتانی سه‌رده‌مه؟ یا هه‌ر ده‌بێت به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌کانی ئه‌وان بێت؟ وڵاتێکی وه‌ک ژاپۆن ته‌نیا په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوا ده‌کات به پێوه‌ر یان پرسگر و پێشینه و کێشه و کو‌لتووریی خۆی ده‌کات به بنه‌ما و له ئەزموونەكانی ڕۆژئاوایش که‌ڵک وه‌رده‌گرێت؟
ئێمه له هه‌رێم چه‌نده کێشه نه‌ته‌وه‌یی و خه‌مه نیشتمانییه‌کانمان له چوارچێوه‌ی سیست‌می په‌روه‌رده‌دا گونجاندووه؟ دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ئازار و خه‌مه‌کان بکه‌ین به وانه و بیڵێینه‌وه، به‌ڵکوو پرسیار له بوونی پلاتفۆرمێکی نه‌ته‌وه‌ساز و نیشتمانته‌وه‌ره که پێش به کاره‌ساتی وه‌ک ئه‌نفال و کۆڕه‌و و مه‌ینه‌تی و هه‌ڵه‌بجه بگرێت، له ڕێگه‌ی زانست و ژیری و مه‌عریفه‌ی نه‌وه‌کانی داهاتوومانه‌وه.
کۆمه‌ڵناسان باس له ئیلیت یان خوێنده‌واری ناهوشیار ده‌که‌ن و نموونه به‌و که‌سانه دێننه‌وه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ئیش و پیشه‌که‌ی خۆیاندا پسپۆڕ و ته‌واون، به‌ڵام هیچ ئاسۆ و پێناسه‌یه‌کیان بۆ ئازار و ڕه‌نجه‌کانی کۆمه‌ڵگە و پێشینه و کاره‌ساته‌کانی نییه، بۆیه ناویان ده‌نێن خوێنده‌واره بازرگانه‌کان! كەواتە ده‌بێت بە ئا بین لە سه‌رمایه مرۆییه‌کانی کۆمه‌ڵگەکه‌مان و بزانین چۆن سه‌رمایه‌گوزاری تێدا ده‌که‌ین، بۆ ئەوە ده‌بێت چاومان له داهاتوو بێت سه‌رکه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئێستە.
بۆیه ئه‌و پرسیارانه‌ی لێره‌دا گه‌ڵاڵه‌م کردن و ئه‌و سه‌رنجانه‌ی ده‌بێت له‌لایه‌ن پسپۆرانی په‌روه‌رده و کارناسانی ئه‌و بواره‌وه هه‌م هه‌ڵوێسته‌ی وردی له‌سه‌ر بکرێت و لێک بدرێته‌وه و هه‌میش پلان و پرۆژه‌یه‌کی تۆکمه‌یان هه‌بێت، تا بزانین سه‌رمایه مرۆییه‌کانمان به‌ره‌و چ ئاقارێک دەبەین، ئه‌ینا ده‌یان ماڵ و سه‌یاره بدرێت به یه‌که‌م و دوو‌ەمه‌کانیش، کاتێک ئه‌و ده‌ربه‌ستییه ئه‌خلاقی و مێژوویی و مرۆییه نه‌بێت و نه‌پشکوێت، وه‌ک ئه‌وه وایه ئاومان به بێژنگ گواستبێته‌وه.