بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بنەمایەکی زانستی و تەکنیک و تەکتیک و ستراتیجێکی بەهێزی لە پشتە، هەڵچوون و سۆز و یاریکردن بە عەقڵی دەنگدەر نییە و بەشێکی زۆری بانگەشە و گفت و تێڕوانینە سیاسی و ئابووری و کولتووری و یاساییەکانیان لە دوای هەڵبژاردن جێبەجێ دەکرێن، چونکە دەنگدەر دەنگ بە بەرنامە و بۆچوونەکان دەدات و ئەگەر کاندید و لایەنە سیاسییەکان بەرنامەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن، سزایان دەدەن، نەک بە فشە و خۆفشکردنەوە و فووتێکردنە خەیاڵیان، دنیایەکی جیاواز دروست بکرێت.
لەم وتارەدا ئاماژە بە هەواڵ و ڕاپۆرتی شیکاری دوو سەرچاوەی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی، ڕۆژنامەی (زی نیۆیۆرک تایمز) و گۆڤاری (نیوزویک) دەکەم، لەبارەی "بانگەشەکەی زهران مەمدانی کاندید و نوێنەری دیموکراتەکان بۆ پارێزگاری نیۆیۆرک"، ئەو ڕاشکاوانە گوتارێکی تووندی دژ بە ئیسرائیل هەیە و گوتی: "ئەگەر هەڵبژاردن ببەمەوە، بڕیاری گرتنی ناتەنیاهۆ دەدەم و ناهێلم پێ بنێتە ناو نیویۆرک".
ئەم کاندیدە، لە ناوەڕۆکی ئاخاوتنەکەیدا دەبێژێت، بە تۆمەتی تاوانکاری لە غەزە، هەڵبژاردن ببەمەوە بڕیاری گرتنی ناتەنیاهۆ دەردەکەم و لێناگەڕێم پێ بنێتە ناو نیویۆرک. هەرچەندە وەک ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە بۆچوونی یاساناسان دەڵێت: گرتنی ناتەنیاهۆ بەهیچ شێوەیەک ناکرێت. تەنانەت هەندێکیان دەڵێن، ئەمە پێشێلی یاسای فیدرالییە. مەمدانی لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگ ئەم لێدوانەی داوە و پێی وایە لەو رێگەیەوە سۆزی دەنگدەر، ئەوانەی دژی ئیسرائیلن، ڕادەکێشێت و بەم هەڵوێستە لە هەڵبژاردن دەیباتەوە.
بەپێی ڕاپرسییەکان، دیموکراتەکان دەیانەوێت شتێک پێشان بدەن کە حکوومەتی فیدرالی نایکات. گوایە ئاماژەی بە هەمان شت دژی بووتینیش کردووە و دەیەوێت شارەکە بکاتە "ناوەندێک بۆ داکۆکی لە یاسای نێودەوڵەتی". بیرۆکەکە پێچەوانەی ئەم یاسایەیە کە ساڵی ٢٠٢٢ دەرچووە و بریتییە لە "پاراستنی ئەندامانی هێزی چەکداری ئەمەریکا و بە ڕوونی ویلایەت و دەزگا ناوەخۆییەکانی ئەمەریکا قەدەغە دەکات، هاوکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەن، هەرچەندە هەموارکردنەوەی یاساکە ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات هاوکاری بکات دژی ئەوانەی تۆمەتبارن بە جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی".
ڕۆژنامەکە ئاماژەی داوە، مەمدانی پشتی بەم دۆخە بەستوە گوایە "ناتەنیاهۆ ئەو کاتەی لەسەر خاکی نیویۆرک بووە، بڕیاری سەربازی بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە". ترەمپیش گوتویەتی "باشترە مەمدانی ڕەفتار و ڕەوشتی خۆی چاک بکاتەوە، ئەگەرنا تووشی کێشەی زۆر دەبێتەوە" .
لای خۆیەوە گۆڤاری
نیوزویک دەنووسێت "هەرچەندە مەمدانی ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەشێک لە دانیشتوانی نیویۆرک بووەتەوە، لە بەرانبەر هەڵوێستی لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا، لەوانەیش ڕووبەڕووی ڕەخنەی گرووپەکانی جوو بووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمە ڕوو دەدات کە پشتیوانی ناتەنیاهۆ لە ناوەخۆی ئیسرائیل و ئەمەریکایش کەمی کردووە". ناوبراو گوتی، ئەگەر ببمە پارێزگار، ناتەنیاهۆ سەردانی نیویۆرک بکات، فەرمان بە پۆلیسی شارەکە دەکەم بیگرن".
با سەرنجەکانی خۆیشم لەم بوارەدا بیر بێنمەوە، بە کورتی و کوردی، مەمدانی بە ڕەگەز فەلەستینییە و هەنووکە وەک ئەمەریکاییەک نوێنەرایەتی دیموکراتەکان لە نیویۆرک دەکات، ئەو دیموکراتەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو تووشی شکان و پاشەکشەیەکی مێژوویی گەورە هات، زۆر زەحمەتە بە گوتاری لەم جۆرە هەڵبژاردن بباتەوە.
ئێمە دەزانین دووەم گەورەترین ڕەوەندی جوو لە نیویۆرک دەژین و بەردەوامیش کاریگەرییان لەسەر دەنگدان هەیە، نەک هەر ئەمە، بەڵكوو جووەکان لەناو ئەمەریکا بە گشتی و بەردەوامیش کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبووە، بۆیە ئەوەی ڕوو دەدات مەرج نییە بۆ ڕاستبوونەوە و بەهێزبوونەوەی دیموکراتەکان گوتارێکی سوودبەخش بێت، دوور نییە بەرانبەر ئەوە سەرۆک ترەمپ و کۆمارییەکان ئەم گوتارە وەک گوتاری "ڕەگەزپەرستی و لایەنگریی لایەنێکی تیرۆرستی وەک حەماس" بۆ پاشەکشەی پتری دیموکراتەکان بەکار بێنن.
ئەم هەڵوێستەی مەمدانی بە ڕاشکاوی دژایەتی ئیسرائیلە و داکۆکییە لە غەزەی حەمساوی، واتا لایەنگریی ئاشکرا لە گوتارە سیاسییەکەی هەیە، ئەم لایەنگرییە دوور نییە زیانی پێ بگەیەنێت، بە خەیاڵی ڕاکێشانی سۆزی پتری دیموکراتەکان و کۆمەڵگەی ئیسلامی و لایەنگرانی فەلەستین لەناو نیویۆرک، مەگەر ڕووداوی تر بێنە پێشەوە و هاوکێشەکان لە قازانجی دیموکراتەکان بگۆڕێت، یان تا ڕۆژی دەنگدان کۆمارییەکان هەڵەیەکی گەورەتر لەو هەڵەیە بکەن، لە گوتارەکەی مەمدانی هەیە. گریمانەی زۆر دەکرێت، ڕووداوەکان کاریگەرییان لەسەر هەڵوێست و بیرکردنەوە و بڕیاری دەنگدەر دەبێت.
گوتاری هەڵبژاردن و گفت و بەرنامەی هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک و لایەنێکی سیاسی هەر تەنیا متمانە و ڕاستگۆیی پیادە ناکات، بەڵکوو ئیلتیزامێکی ئەخلاقی و سیاسی گەورەی ڕاشکاوانەیشە و دەنگدەر چاودێری وردی و ڕاستگۆیی کاندید و جێبەجێکردنی گوتارە سیاسییەکەیان دەکات. کاندیدیش بە ئاشکرا و دوور لە دیپلۆماسیەت و پراگماتیکی ژمارەیەک کردەی بە کردەوە ڕادەپەڕێنێت کە پێوەندییان بە قسە و ئاخاوتنەکانیانەوە هەیە.
دیموکراتەکان هەموو شتێک دەکەن لەپێناو بەدەستهێنانەوەی متمانەی زۆرینەی دەنگدەر و وەرگرتنەوەی زۆرینە لە سەنات و کۆنگرێس و ئینجا سەرۆکی وڵات، لە بەرانبەریشدا کۆمارییەکان بەهەموو توانایەکیانەوە کار بۆ پارێزگاریی لەو پێگەیە دەکەن کە هەنووکە هەیانە.
گوتاری دژایەتی و لایەنگریی لە ئیسرائیل، یەکێکە لە خاڵ و دیاردە باوە ئاشکراکانی ناو هەموو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، هەر سەرۆکێک بیەوێت هەڵبژاردن بباتەوە و پێگەیەکی بەهێزی هەبێت، ڕاشکاوانە "رای دەگەیەنێت دۆست و هاوکار و پاڵپشتی ئیسرائیلە". بۆیە ئەم گوتارەی مەمدانی بە رەگەز فەلەستینی، پێچەوانەی ئەو گوتارە باوەی کۆمارییەکان و تەنیا دیموکراتەکان خۆیشیانە، واتە دیموکراتەکانیش خاوەنی هەمان گوتاری پاڵپشتی ئیسرائیلن و ناشتوانن سەنگەری دژایەتی لە ئیسرائیل بگرن، باشە دەبێت سەردەم و بیرکردنەوەکان گۆڕا بن و من نەمزانیبێت، یان مەمدانی قووڕێکی مەترسیداری خەستی تری بۆ دیموکراتەکان گرتەوە؟ دەپرسم چۆن دەتوانێت پێچەوانەی بیرکردنەوەی حزبەکەی و شەپۆلەکان مەلە بکات، یان بە کردەوە ئەو فۆرمە باوە تێکدەشکێنێت کە لەناو ئەمەریکادا پێڕەو دەکرێ؟
دوور نییە ئەم گوتارە تووندە، دژ بە ئیسرائیل و لایەنگیریی بۆ حەماس ببێتە هۆکار بۆ پاشەکشە و دۆڕانێکی دیکە لە هەڵبژاردن و پتر ماڵی دیموکراتەکان وێران بکات و بەمە خزمەتێکی خۆڕایی کۆمارییەکان و سەرۆک ترەمپ بکات. لە بیری نەکەین، گوتاری تووندوتیژی، کردەی تووندوتیژ بەرهەم دێنێت و شتێکی ڕەوایە گریمانەی ئەوە بکرێت، لەناو ئاژاوەی تووندوتیژی ناو ئەمەریکادا، ئاژاوەیەکی پێوەست بەو جۆرە بیرکردنەوە و گوتارە دروست ببێت و ترەمپ بڕیاری بەکارهێنانی سوپا بدات، بەوەیش پێگەی دیموکراتەکان بچووکتر بکاتەوە.