پڕۆژە ستراتیجییەكانی مەسروور بارزانی دیدگایەك بۆ داهاتووی باشتر

AM:11:29:21/09/2025 ‌
لە ماوەی سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، ژمارەیەك پڕۆژە و بەرنامەی بنەڕەتی جێبەجێ كراون و دەكرێن كە ئامانج لێی گەشەپێدانی هەرێمی كوردستانە لەڕووی چاكسازی سیستم و دروستكردنی ئابوورییەكی جیاواز و درێژخایەن.

١-  حكوومەتی دیجیتاڵی و شەفاف
یەكێك لە گەورەترین هەوڵەكان، بە دیجیتاڵكردنی حكوومەتە، ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەیە خزمەتگوزاری بەشێوەیەكی خێراتر و ئاسانتر بگەیەنرێت بە هاووڵاتی، ڕۆتین كەم بكرێتەوە و شەفافیەت بەرزتر بكرێتەوە.

٢- ئابوورییەكی جیاواز و سەربەخۆ
مەسروور بارزانی هەوڵ دەدات هەرێمی كوردستان تەنیا پێوەستیی بە نەوت نەبێت و ئابوورییەكەی هەمەچەشن بێت، بۆیە پەرەپێدانی كشتوكاڵ، گەشتوگوزار، بازرگانی و كەرتی تایبەتی لە پلانی بنەڕەتی ئەوان و ڕۆژانە گەشەكردنەكانیان دەبینین، ئەمە پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئابووری سەربەخۆ و داهاتووی باشترەوە.

٣- پڕۆژەی ئاو و كشتوكاڵ
پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر بۆ دابینكردنی ئاو بۆ ملیۆنان هاووڵاتی، پڕۆژەی بەنداوەكان و پوند، بووژانەوەی كشتوكاڵ و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی بۆ بەرهەمی ناوخۆ، بەڵگەی ئەوەن كە ئەم سەركردەیە هەوڵ دەدات هەرێمی كوردستان بخاتە سەر ڕێگەی خۆبژێوی و پشت بەخۆبەستن.

٤- شوێنە گەشتیارییەكان
پەرەپێدانی پاركە گەورەكان و ناوچەكانی سەوزایی كە بووەتە بەرنامەی ڕۆژانەی حكوومەت و دواین پاركیش كە لە شاری دهۆك كرایەوە، "سەرهەڵدان" بوو كە قووڵایی زۆر لە پشت ئەو پرۆژەوە هەیە، بەوەی شوێنی ناوچەی پیشەسازیی پێشووی دهۆك بوو، گۆڕا بۆ سەوزایی، واتە ئەم حكوومەتە دیدگای گەورەی هەیە بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی و پاككردنەوەی هەوا و دابینكردنی شوێنی حەسانەوەی هاووڵاتییەكانی.

٥- بناغەی پێوەندیی نێودەوڵەتی
بناغەی گۆڕانكاری وەك چاككردن و دروستكردنی ڕێگە و شەقام، لەگەڵ بەشداریی لە پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان"  كە بە هەوڵی كابینەی نۆ ناچار كرا ڕێڕەوەكەی بە هەرێمی كوردستانیشدا تێپەڕێ، دەتوانێت هەرێمی كوردستان بە ناوەندی ترانزێت و بازرگانی لە نێوان كەنداو، عێراق، توركیا و ئەوروپا بگۆڕێت و هەزاران هەلی كار و گەشەی ئابووری گەورە بۆ دانیشتوانی كوردستان دابین بكات.

٦- ڕاكێشانی سەرمایەی نێودەوڵەتی
هەوڵێكی گرنگی تری مەسروور بارزانی، ڕاكێشانی كۆمپانیا و سەرمایەدارانی جیهانییە، كرانەوەی ناوچەیەك بۆ كۆمپانیای Toyota  لە دهۆك، نیشانەیەكە لەو باوەڕەی كە كۆمپانیا جیهانییەكان بە هەرێمی كوردستان هەیانە، جیا لەوەی سەرەتای ئەم مانگە ژووری بارزگانیی ئەمەریكا كە كۆڵەكەیەكی سەرەكی بازاڕی جیهانین، گەشتێكی بەهاداریان بۆ كوردستان كرد و بە دەستی پڕ و خۆشحاڵییەوە گەڕانەوە، ئەمانە ئەگەر راستەوخۆ بەرهەمەكیشیان نەبینین، بەڵام لە داهاتوودا رەونەقیان دەبێ.

٧-  یاسای حوكمڕانی و شارەزایی
چاكسازی لە سیستمی یاسایی و پەرەپێدانی حوكمڕانیی باش، بەشێوەیەكی پێوەندیدار لەگەڵ پڕۆژەی حكوومەتی دیجیتاڵی، هەوڵەكانیان ئەوەیە حكوومەت زیاتر لە هاووڵاتی نزیك بكرێت و بە ستانداردە نێودەوڵەتییان بگات و بە بانكیكردنی سیستمی مووچەیش سەرەتای چوونە ناو بازاڕی جیهانییە.

كار و پڕۆژە ستراتیجییەكانی سەرۆك وەزیران بە گشتی ئامانجیان ئەوەیە، هەرێمی كوردستان بخاتە سەر ڕێگەی گەشەپێدانی جیاواز، سەربەخۆیی ئابووری، خۆبژێوی و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ لە كەرتی تایبەت، پەرەپێدانی كشتوكاڵ، پاككردنەوەی هەوا و زیادكردنی سەوزایی، كوردستان دەبن بۆ سەقامگیرییەكی هەمیشەیی و پێوەندی حكوومەت و خەڵكیش لەوپەڕی دابڕانەوە دەگۆڕێ بۆ باشترین جۆری پێوەندی.