ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە لە 25ی ئەیلوولی 2017 لە كەرنەڤاڵێكی نەتەوەیی و یەكگرتوودا بەڕێوە چوو، دەنگی كورد بوو بۆ دنیا و مرۆڤایەتی و هەرگیز پێوەندیی بە كات و ساڵەوە نییە، بەڵكو قووڵاییەكەی لە ناوەڕۆكە بەنرخەكەیدایە كە بۆ یەكەمجار كوردستان لە ژێر زنجیری ترس لە داگیركەر هاتە دەرەوە و گوتی، "سەربەخۆییم دەوێ".
سەربەخۆیی مافە و مرۆڤ هەر لە دایكبوونیەوە مومارەسەی دەكات، شەڕیشی بۆ دەكات بەو هۆیەی لە ئامانجە پیرۆزەكانە و كۆڵی لێ نادرێ، چونكە هەر كەس و نەتەوەیەك نەیەوێ سەربەخۆ بژی، ئەوە ئەقڵی داگیر كراوە و ناتوانێ خاوەن بیركردنەوەی دروست و ئاسایی بێت.
كورد لەوەتەی 100 ساڵی ڕابردووەوە بەبێ خواستی خۆی و بە دابەشكارییەكی بێویژدانانە، لەلایەن زلهێزەكان و داگیركەرانیەوە دابەش كراوە، سەدەیەكی تەواوە بە هەموو ڕێگەكانی لەناوبردندا گوزەری كردووە، هیچ جۆرێكی ستەم نەماوە بەسەریدا تاقی نەكرێتەوە، ئامانجی داگیركەرانی كوردستان توانەوە و كۆتاهێنان بوو بەو گەلە، بەڵام گەلی كورد بەهێزتر بوو، بە پێوە وەستا و هەرچی جۆری خەباتە گرتییەبەر تا بۆ یەك چركەیش مل كەچ نەكات و بڵێ، "من ماوم و بۆ مافەكانم دەجەنگم".
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی جگە لەوەی شارستانیترین شێوەی خەبات و مۆدێلێكی نوێی سیاسی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیاندنی دەنگی حەق، هاوكات ساتێكی پڕ لە جوانیی كوردستان بوو كە پیر و گەنج و ئاین و نەتەوەكانی ناوی، پێكەوە شادییان دەگێڕا و پەیامەكەیان گەیاند بە ڕۆژی دەنگدان و 93% گوتیان، "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی"، ئەم پێكەوەیی و یەكڕیزییەی كوردستان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جوانتریش بوو، ئەوانیش مۆریان لە خواستە مەزنەكەیان دا كە دەیانەوێ لەگەڵ كوردستان بژین.
سەرۆك بارزانی كە وەك هەمیشە ڕابەرایەتیی دۆزی كوردی كردووە، لەو ڕۆژانەی بەرلە رۆژی ریفراندۆم ئەوەندە چالاك بوو، لە زاخۆوە كەوتە جۆشدانی خەڵك و شار بە شار خۆی وتاری پێشكەش دەكرد، میلەت تێكڕا چەپڵەیان بۆ لێ دەدا و پشتیوانی بوون، من نامەوێ برینەكانی دواتر هەڵدەمەوە، بەڵام گرنگە بەلامەوە بزانین، ریفراندۆم پەیامە و مێژووە و پێوەندی بە كاتەوە نییە، تا پێش ئەو ڕۆژە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیدەزانی كورد چیی دەوێ، بەڵام لە 25ی نۆی 2017 مێژوو تۆمار كرا، ئێستە هەموو كەس و وڵاتێك دەزانێ ستەمێكی مێژوویی لە كورد كراوە و ئەم گەلە ئازادی و سەربەخۆیی دەوێ.