ئێمه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن پرس و داگیركراو، ده‌بێت به وریاییه‌وه خاوه‌ندارێتی له پرس و مافه‌كانمان بكه‌ین. بێگومان كورد له زۆربه‌ی قۆناغ و جومگه مێژووییه‌كاندا وریا و وشیار بووه، به‌ڵام برینی بێده‌وڵه‌تی و ژانی ژێرده‌سته‌یی، وایكردووه له‌گه‌ڵ وریایی و وشیاریشدا كارێكی ئه‌وتۆی پێ نه‌كرێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دۆخه به‌پێی گۆڕانی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان تاكه‌كان و كۆی شێوازی پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی له ئاستی جیهانی و ئه‌و ڕێكخستنه نوێیه‌ی دنیا له ڕووی به‌ها و دانوستاندا پێیدا ده‌ڕوات، گۆڕانێكی بنه‌مایی تۆمار كردووه.
كورد ئێسته ناسراوه، به ئاستی خۆی دۆستی هه‌یه و له هه‌مووش گرنگتر، باوه‌ڕمه‌ندییه‌كی ته‌واوی هه‌یه كه خاوه‌نی پرس و دۆزێكی بنچینه‌ییه‌یه و وازی لێ ناهێنیت. له مێژووی ئه‌م وشیاری و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی مافخوازیی كورددا، دوو گوتاری ئیسلامی سیاسی و چه‌پی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاری، هه‌ڵبه‌ت ئێسته‌ش چه‌پی نوێ هه‌موو هه‌وڵی خۆی داوه ئیراده‌ی "مافی دیاریكردنی چاره‌نووس" كه ددانپێدانراوی ده‌قه ئیسلامی و كۆمۆنیستییه‌كانیشه، كاڵ و لاواز بكه‌نه‌وه، ئه‌مه له مێژووی خه‌باتی كوردستاندا ئه‌م ڕاستییه‌ی بۆ ئێمه ئاشكرا كرد كه له هه‌ناوی ئیسلامی سیاسی‌دا، فاشیزم خۆی حه‌شار داوه و هه‌روه‌ها ڕه‌وتی چه‌پیش به نیسبه‌ت كورده‌وه، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ت یارییه‌كی سیاسی ده‌كات كه دیسان له ناسیونالیزمێكی ڕادیكاڵ و نارسیستێكی نه‌ته‌وه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كان كه گوتاری چه‌پیان ئاراسته ده‌كرد، سه‌رچاوه ده‌گرێت.
هه‌ر له حزبی توده‌ی ئێرانییه‌وه بگره تا شیوعییه‌كانی سووریا و عێراق و ته‌نانه‌ت یه‌كێتیی سۆڤییه‌تیش. ئه‌وده‌م كه ئه‌وان ئه‌م یارییه‌یان ده‌كرد و ته‌نانه‌ت حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ئیشتیراكی و فه‌توای موفتییه ئیسلامییه‌كانی دنیای عه‌ره‌ب، بۆ ڕه‌واییدان به پاكتاوكردنی كورد له چڵه‌پۆپه‌دا بوون، كورد زۆر ده‌نگی به دنیا نه‌ده‌گه‌یشت و یاساكانی یاریی دنیاش به‌م شێوه‌یه نه‌بوون، ئه‌گه‌رچی دنیاكه هێشتا هه‌ر ڕه‌ش و تاریكه و جه‌نگ و بۆمب و مووشه‌ك، هه‌ر له ئاسمانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین نه‌بڕاون، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین ئه‌و سه‌رده‌مه ڕۆیشت كه ئیسلامی سیاسیی وه‌ك مه‌فتیزاده‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شیوعییه‌تی جیهانی عه‌ره‌بی، كورد بخافڵێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی وشیاری و گه‌شه‌سه‌ندنی خواستی كورده بۆ مافی خۆی.
هه‌ڵبه‌ت هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته هه‌واری هه‌موار و ئارام و ڕێگه‌ی سه‌ختمان هه‌ر ماوه. شۆڕشی ژینا له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له ئێران و ته‌نانه‌ت زۆر وڵاتی دنیا ده‌نگی دایه‌وه، كۆمه‌ڵێك شه‌پۆلی گۆڕانكاریی له ئاستی به‌هاكان، تێگه‌یشتن و پێوه‌ندیی ژن و شۆڕش و پیاو، داهاتووی سیستمه سیاسییه‌كان و... دروست كرد. ده‌توانین بڵێین هێشتاش هه‌ر له گه‌ڕدایه و بۆ بیچم و شێوه‌ی پته‌و و جێگیری خۆی ده‌گه‌ڕێت. له هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه چاوی لێ بكه‌ی، ئاخێزگه‌ی ئه‌م شۆڕشه كوردستان و كورد بوو، كورد ئه‌م شۆڕش و ڕابوونه‌ی له دڵی داگیركه‌ردا، واته شاری تاران كرد به كردار و دواتر هه‌موو ئێرانی گرته‌وه و دروشمه‌كانی ژنانی كورد بوون به نموونه‌یه‌ك بۆ زۆر له ڕه‌وته‌كانی تری دنیا.
ئه‌وه‌ی كه ژینا كورد بووه، هیچ كه‌س ناتوانێت به سووسه‌یه‌ك گومانی لێ بكات، به‌ڵام ئایا كوردبوونی ژینا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشی ژینا به شۆڕشێكی كوردی و كوردستانی بزانین؟ له وه‌ڵامدا ده‌بێت بگوترێ شۆڕشی ژینا، شۆڕشێك نییه كه له یه‌ك كه‌س و كه‌سایه‌تیی دیاریكراودا مانا وه‌ربگرێت، به‌ڵكو ئه‌م شۆڕشه به ناو دنیایه‌ك خه‌ون و خواست و به‌رخۆداندا هاتووه، له كوژرانی دڵڕه‌قانه‌ی ژینای كوردستانیدا، هێمایه‌كی گشتگیر و فره‌ڕه‌هه‌ندی په‌یدا كرد، واته ژینا درێژبووه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شۆڕه‌ژنانه بوو كه هه‌ر له سه‌رده‌می قه‌ڵای دمدمه‌وه تا كۆماری كوردستان، دواتر شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی ١٩٧٩دا هاتبووه ئاراوه.
ئه‌مه ده‌شێت باس و خواستی زیاتر هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه من مه‌به‌ستمه، ڕه‌چه‌ڵه‌كی سیاسی و وشیارانه و شۆڕشگێڕانه‌ی شۆڕشی ژینایه له ناو مێژووی هاوچه‌رخی كورد و كوردستاندا. واته له ڕووی گوتار و كرداردا زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌م شۆڕشه داگیر بكرێت و فارس و عه‌ره‌ب و تورك یان هه‌ر لایه‌نێكی تر، مۆركی خۆیان لێ بده‌ن، به‌ڵام داوی زۆریشی بۆ دانراوه و ده‌بێت له‌م داوانه ده‌رباز بین، ئه‌گه‌رنا مه‌ترسیی هه‌ر هه‌یه. ترسناكترین و له هه‌مان كاتدا، قێزه‌ونترین دا‌و ئه‌وه‌یه كه شۆڕشی ژینا و خواسته ژیرانه سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌كانی، دابه‌زێنرێت بۆ هه‌ندێ مافی بچووكی وه‌ك لادانی باڵاپۆش و فڕێدانی سه‌رپۆش و ئازادیی جلوبه‌رگ و پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆزداری. بێگومان ئه‌م مافه بچووكه یان به‌گوته‌ی هه‌ندێك گه‌وره‌یه، به‌شێكه له مافی ئینسانه‌كان له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بن، به‌ڵام به‌تاڵكردنه‌وه‌ی له وشیاریی سیاسی و ڕٶشنبیری و مێژوویی كوشتنی خودی شۆڕشی ژینا، خیانه‌تكردنه به خوێنی ژینا و هه‌موو ئه‌وانه‌شی ڕێگه‌ی ڕه‌مزیی ئه‌ویان هه‌ڵبژارد و ئێسته‌ش هه‌ندێكیان له گۆشه‌ی گرتووخانه‌كاندان.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئێران هه‌ندێك وێنه و ڤیدیۆ لێره و له‌وێ بڵاو ده‌كاته‌وه كه گوایه گوزارشت له ئازادیی جلوبه‌رگ و باڵاپۆشیی و هتد ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌یه به ناڕاسته‌وخۆ پێمان بڵێت به‌ڵی ئامانجی شۆڕشه‌كه‌تان مسۆگه‌ر بووه، ئه‌وه نییه خه‌ڵك ڕووته و به ئازادانه دێت و ده‌ڕوات! بێگومان ئه‌م ڤیدیۆیانه كه له‌م بابه‌ته بڵاو ده‌بنه‌وه، له ڕووبه‌رێكی زۆر بچووكی شارێكی وه‌ك تاراندایه و قه‌تیش به مانای ئازادیی ڕاسته‌قینه و ته‌نانه‌ت ئازادیی جلوبه‌رگیش نایه‌ت، به‌ڵكو یاری و داوێكه كه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی وا هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌مه‌یان ویست و ئه‌وه‌مان داونه‌تێ و وازیان هێناوه! ئه‌مه یارییه‌كی ترسناك و مه‌ترسیداره كه دڵنیام له كوردستان هه‌رگیز سه‌ر ناگرێت، به‌ڵام له تاران و ناوچه ناكوردستانییه‌كان ده‌شێت سه‌ربكه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وشیاریی زیاتر و زۆرتر ژنان و كچانی كورد ڕازی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م دا‌و و ته‌ڵه‌یانه‌یه.