هه‌ر ماوه‌ی جارێك هه‌واڵێك له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان ده‌بیستین، چه‌ند مانگێك به‌ر له ئێسته پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئاو و دواتر پڕۆژه‌ی ڕووناكی و ئێسته‌ش ڕێگه‌وبان. گومان له‌وه‌دا نییه هیچ حكوومه‌تێك نییه له دنیادا له ڕوانگه‌ی هه‌موو هاووڵاتییان 100% پێرفێكت و ته‌واو بێت، به‌شێك له‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خواستی هاووڵاتییان و ڕۆحیی ڕه‌خنه‌گرانه و ویستی زیاتری كۆمه‌ڵگه له‌و حوكمڕانییه، به‌شێكی تریش به‌تایبه‌تی له كوردستان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوانه‌ی كه له مێژه به‌سه‌ریه‌كه‌وه كه‌ڵه‌كه بوون و ئێسته كه‌وتووه‌ته سه‌رشانی حكوومه‌ت.
كاتێك ده‌ڵێم له مێژه باسی مێژوویه‌كی دوور و درێژ له كاولكاری و شه‌ڕ و تێكدان ده‌كه‌م كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی به‌غداوه، به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و به هێزی ڕه‌ق ئه‌نجام دراون. خاپووركردنی گوند و شاره‌كان و فه‌رامۆشكردنی هه‌ر جۆره پڕۆژه‌یه‌كی پێشكه‌وتن له هه‌ر سێكته‌رێكدا، یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌نفالكردنی كوردستان كه ئێسته ژانه‌كه به‌سه‌ر جه‌سته‌ی تاك و كۆمان هه‌ست پێ ده‌كرێت، له ڕووی كرده‌نیشه‌وه حكوومه‌تی كوردستان ده‌بێت قه‌ره‌بووی بكاته‌وه. قه‌ره‌بوویه‌ك كه ده‌بوو به‌غداد بیكاته‌وه، به‌ڵام نه‌ك ته‌نیا به‌غدا نه‌یكرد، به‌ڵكو له ٢٠٠٣وه كه گوایه قۆناغی نوێی حوكمڕانیی له عێراق و پێكهاته‌ی فره و ڕه‌نگاوڕه‌نگ خۆی تاقی كرده‌وه، تا ئێسته له‌بری قه‌ره‌بووكردنه‌وه، سه‌تان كێشه و له‌مپه‌ری له به‌رده‌م ئیراده‌ی حكوومه‌ت و ژیانی هاووڵاتییانی كوردستان دروست كردووه.
ئه‌مه واقیعێكی دژوازه له وڵاتێكی به‌زۆر به یه‌كه‌وه‌نراو كه مافی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له نه‌ته‌وه‌یه‌ك زه‌وت ده‌كرێت و به شێوازی جۆراوجۆر یاریی به چاره‌نووسی ده‌كرێت، كورد و مه‌رجه‌عی سیاسیی كورد به ئیراده‌ی به‌هێزه‌وه، هه‌وڵی دا له ڕێگه‌ی گشتپرسییه‌وه له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌م كێشه‌ی ببڕێنێته‌وه و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی دامه‌زرێنێت، كه‌چی به‌وه‌ش ڕازی نه‌بوون و پیلانێكی ناوچه‌ییان دژی ئه‌م ئیراده به‌رزه ڕێكخست، ئه‌گه‌رچی ئێسته‌ش ئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆمه‌كه شكۆدار و پشت پێبه‌ستراون، به‌ڵام ئه‌مه‌شی ده‌رخست ئێمه له هیچ هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌ده‌نیانه و سه‌رده‌میانه‌ی كێشه‌كان قسوورمان نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر ڕێگه‌ی شمشێر و بیابانیان هه‌ڵبژارد.
له ناو ئه‌م گه‌رده‌لوول و ته‌پوتۆزه‌دا حوكمڕانیی كوردی به ژیری و لێهاتووییه‌وه، گه‌یشته ئاستێك كه شاره‌كانی كوردستان ببن به ناوچه‌ی گه‌شتیاری بۆ هاووڵاتیسانی به‌سره و به‌غدا و شوێنه‌كانی تری عێراق. له‌به‌ر ئه‌و ئاوه‌دانی و هێمنی و پێشكه‌وتنه‌ی كه له‌م ساڵانه‌دا جێبه‌جێ كراوه. بێگومان ئێسته و له كورته نووسینێكدا ناكرێت هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وت و پلان و خه‌یاڵانه‌ی كه مه‌سروور بارزانی؛ سه‌رۆك وه‌زیران جێبه‌جێی كردوون، ئاماژه‌یه‌كی سه‌رپێیش بكه‌م، به‌ڵام قوتابخانه‌ی پارتی وای بارهێنابوو كه خۆڕاگری و هیواداری و خزمه‌تكردنی كوردستان، هێنده به‌هێز و باوه‌ڕدارانه بوو لای كه هیچ له‌مپه‌ر و پیلانگێڕی و ته‌نانه‌ت ناپاكیی ناوخۆییش كاری لێ نه‌كات، یه‌ك له دوای یه‌ك پڕۆژه‌كانی بۆ ئاوه‌دانی و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك جێبه‌جێ بكات.
كه‌س نكوڵی له ته‌نگژه‌كان ناكات به‌تایبه‌ت قه‌یرانی مووچه و دارایی، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك ده‌یان كه‌سی تریش ئاماژه‌یان داوه‌تێ، ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌م ته‌نگژه و قه‌یرانانه، له‌و خواسته تۆتالیته‌ر و دژه‌كوردانه‌یه‌وه هه‌ڵقوڵاوه و هه‌ڵده‌قوڵێت كه له عێراقی كۆنه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ عێراقی نوێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ویژدانه‌وه سه‌یر بكه‌ین، كورد سه‌لماندی یه‌كێك له مه‌ده‌نیترین و دیموكراسیانه‌ترین نه‌ته‌وه‌كانی نه‌ك ناوچه‌كه، به‌ڵكو دنیاه، به‌و حاڵه‌ش كورد له‌سه‌ر شانی خۆی و به ئیراده‌ی هێزی خۆی، ده‌یه‌وێت هه‌م كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه ببات و هه‌میش عێراق دیموكراتیزه بكات. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر كورد له عێراقدا به‌شدار نه‌بووایه، ئێسته عێراق ده‌یان ڕووداوی تاریك و خوێناویی تری وه‌ك داعشی به‌سه‌ردا بهاتایه.
به‌شداریی كورد له عێراق وه‌نه‌بێ به شادی و خرۆسی ده‌روونیی خۆی، به‌ڵكو له‌ڕووی جه‌برێكی جیۆپۆله‌تیكی و سیاسییه، ئه‌گه‌رنا ئه‌و ئیراده كوردستانییه ده‌یتوانی كوردستان بكات به سویسرای ڕٶژهه‌ڵاتی ناوین، هه‌م له ڕووی پێشكه‌وتن و پێشخستنه‌وه و هه‌میش له ڕووی كولتووری و پێوه‌ندیی نێوان گه‌لان و كولتووره‌كانه‌وه. كردنه‌وه‌ی جووتسایدی گۆمه‌سپان- سماقوڵی ڕووداوێكی مه‌زنی تره له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان و پێشخستنی ڕیگه‌وبان. پێویست به گوتن ناكات ئه‌مه وردبینیی مه‌سروور بارزانییه كه ڕێگه‌وبان وه‌ك پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی و سه‌رده‌میانه ده‌بینێت، نه‌ك ته‌نیا بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی كوردستان و باشكردنی ڕێگه‌وبان و گیان و ماڵ و حاڵیان، به‌ڵكوو بۆ زه‌وینه‌خۆشكردنی زیاتر بۆ هاتوچۆی گه‌شتیاران و بووژانه‌وه‌ی زیاتری كه‌رتی گه‌شتیاریش.
هه‌موومان ده‌زانین ئێسته له ئێرانه‌وه به لێشاو ڕوو ده‌كرێته هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی هه‌ولێر، ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی كچان و كوڕانی بلاگه‌ر له‌سه‌ر هه‌رێم و كوردستان له ڕووی ئاوه‌دانی، سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن و ته‌نانه‌ت ته‌ناهیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، له ئێران كاردانه‌وه‌ی زۆری هه‌بووه و ده‌كرێت بڵێین ڕێگه‌یه‌كی تره بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان. من وه‌ك كوردێك زۆر دڵخۆشم به‌و ئاوه‌دانییه‌ی كه هاتووه‌ته ئاراوه، وڵاتی ئێمه كه سه‌رده‌مانێك ویستیان بیسڕنه‌وه و تا ئاستێكیش سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا، ئێسته سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی خاكه‌ڕاییه‌وه ده‌ڵێت، پێنج هه‌زار كیلۆمه‌تر شه‌قامی ستراتیجیمان دروست كردووه. ئه‌م ژماره‌یه به ده‌م خۆشه! من جگه له ڕێز و خۆشه‌ویستی بۆ ئیراده‌یه‌ك كه كوردستان به‌ره‌و لووتكه ده‌بات، هیچی ترم نییه بیڵێم.