به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابردوودا، ئه‌زموونكاری و ڕاهێنانێكی هزری و سیاسی بووه، بۆ ده‌نگده‌ری كورد كه به سروشت زۆرینه‌یان ڕه‌نگه پاشخانێكی هزریی ئه‌وتۆیان له‌باره‌ی دیموكراسی و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه‌وه نه‌بێت، بۆیه ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه ڕۆڵێكی گرنگیان له گۆڕینی تێڕوانینی ده‌نگده‌ر و به‌رپرسیاریه‌تیی ده‌نگدان بینیوه، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌نگده‌ری ئێسته، بێگومان هه‌مان ده‌نگده‌ری خولی یه‌كه‌م له ڕووی بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و ڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌كردن نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌وكات كه ده‌ستپێكی ڕاپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان بوو، گوتاری شۆڕشگێڕی و خرۆشاویی جه‌ماوه‌ر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ست و بیركردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر هه‌بووبێت، ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ش پێوه‌رێكی بێت بۆ ده‌نگدان، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ئه‌م گوتاره بایه‌خێكی ئه‌و تۆی نییه، چونكه ئێمه له به‌رده‌م ده‌نگده‌رێكی ترداین، كه هوشیاره و زۆرینه‌یان د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌رك و په‌یامی هه‌ڵبژاردن و نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكی چییه و چۆنه، ئیتر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌نگ ده‌دات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنی پارتی بده‌ین، به‌راورد به هه‌موو پارته‌كانی تره‌وه هیچ مۆركێكی حزبییانه و قووڵكردنه‌وه‌ی هه‌ستی ئایدۆلۆجی و حزبییانه‌ی تێدا نییه، ئه‌م حزبه ئه‌گه‌رچی هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك بێ هیچ گومانێك براوه ده‌بێت، ده‌نگده‌ری نه‌گۆڕ و هه‌میشه‌یی خۆشی هه‌یه كه له هه‌ر بارێكدا بێت ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام خه‌ڵك و ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه‌ش، ئه‌وه‌یان به‌لاوه جێی مه‌به‌سته كه ئه‌م حزبه، ئه‌گه‌ر حوكمڕانیی ئه‌و هه‌رێمه بكات، چ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزاری و ژێرخانی ده‌بێت؟ ئه‌م ده‌نگده‌ره دێت به‌راوردی شاره‌كه‌ی خۆی كه هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌وتۆی تێدا نییه، به سۆران یان به زاخۆ ده‌كات، كاتێ ئه‌و گۆڕانه دراماتیكییه‌ی ئه‌و دوو قه‌زایه له ڕووی پێشكه‌وتن و خزمه‌تگوزارییه‌وه ده‌بینێت، ئیتر تێگه‌یشتنێكی لادروست ده‌بێت كه ئه‌گه‌ر ده‌نگ به پارتی بدات، یان پارتی براوه بێت له قه‌زاكه‌ی، ئه‌و هه‌مان ئه‌و گۆڕانكارییه له شاره‌كه‌ی ئه‌ویش ڕوو ده‌دات.
بێگومان هه‌موومان ده‌زانین ئه‌مه ئه‌ركی حكوومه‌ته خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌موو شاره‌كان دابین بكات، به‌ڵام كه دێته سه‌ر جیۆگرافیای ده‌نگدان و زۆنی هه‌ڵبژاردن و باڵاده‌ستیی سیاسی و حزبی، ئه‌وا گوتار و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و پڕوپاگه‌نده‌ی پۆپۆلیستیانه نایخوات، به‌ڵكو كردار و به‌رهه‌می واقیع ده‌بنه سه‌نگی مه‌حه‌ك. من ڤیدیۆیه‌كم بینی كه گه‌نجێك به‌راوردی دوو قه‌زای له نێوان هه‌ولێر و سلێمانی كردبوو، كه خۆی له سنووری سلێمانی داده‌نیشێت و باس له‌و جیاوازییه حزمه‌تگوزارییانه ده‌كات، له دواجاریشدا ده‌نووسێت، ئه‌مجاره‌یان ده‌نگم بۆ پارتییه، ئه‌م ده‌نگده‌ره كاتێك دێته ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ ده‌دات، ده‌نگده‌رێكه چیتر دروشمی خرۆشاویی حزبی و سیاسی و ئایدۆلۆجی هه‌ڵیناخه‌ڵه‌تێنن، به‌ڵكو ئه‌و له خه‌می شاره‌كه‌ی، دواتر خه‌ونه‌كانی خۆیدایه و هاوكات بیریش له‌وه ناكاته‌وه كه خزمه‌تگوزاری ئه‌ركی حكوومه‌ته، ته‌نیا ئه‌وه لێك ده‌داته‌وه كه پارتی له هه‌ولێر باڵاده‌سته، بۆیه ئه‌م هه‌موو پێشكه‌وتنه هه‌یه، له سنووری ئه‌ویش هێزێكی تر باڵاده‌سته.
بێگومان مه‌به‌ستی ئێمه لێره‌دا ئه‌وه نییه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ لایه‌نێك بكه‌ین، ئه‌مه ئه‌ركی ئێمه نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان هۆشیاربوونه‌وه‌ی ده‌نگده‌ره كه هه‌مان ئه‌و ده‌نگده‌ره‌ی دووه‌م و یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مان نییه و ناكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی دروشم، ته‌نیا واقیع ده‌بینێت. یاخۆ كاتێك هێزێكی سیاسی به نموونه، به‌غدا به چه‌قی ئێمه داده‌نێت و وای پێشان ده‌دات كه چاره‌سه‌رییه‌كانی هه‌رێم هه‌مووی له به‌غدان، ئه‌وا دیسان ده‌نگده‌ر ئه‌و پرسیاره ده‌كات، مه‌گه‌ر به‌غدا هه‌مان ئه‌و به‌غدایه نییه كه دوور له هه‌موو عورفێكی مرۆیی و ئاینی و ئاكاری، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی بۆ جه‌ژنی قوربان نه‌نارد؟ مه‌گه‌ر به‌غدا نییه سێ مانگ جارێك مووچه‌یه‌ك ده‌نێرێت؟ هه‌مان ئه‌و عێراقه نییه كه 13 ساڵه بودجه‌ی كوردستانی بڕیوه؟ ئه‌م پرسیارانه لای ده‌نگده‌ر ده‌كرێن، چونكه ئه‌و واقیع ده‌بینێت و ده‌زانێ ئه‌و به‌غدایه‌ی هێزێك به چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی ده‌زانێت، هه‌مان ئه‌و به‌غدایه‌یه كه یاری به قووتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
لێره‌یشه‌وه ئه‌م گوتاره دژوازییه ناتوانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هزر و تێڕِوانینی ده‌نگده‌ر هه‌بێت. هه‌ر چۆنێك بێت، له دواجاردا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێته پێوه‌ر و سه‌نگی مه‌حه‌كی حزبه‌كان له ڕووی جه‌ماوه‌ری و گوتاری سیاسییه‌وه، نه‌ك دروشم و هوتافی بێ ناوه‌ڕۆكی هه‌ڵبژاردن كه زۆرینه‌یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ن كه له واقیعه‌كه‌دا هه‌ن.