ئەوەندەی لە بیرم بێت و سەرنجی هەڵبژاردنم دابێ لە کوردستان، بەر لە هەر شتێک بەوە دڵخۆش بووم کە ئازادییەکی بێسنوور هەیە، لەوەی هەر لایەنێک دروشم و پلان و بەرنامەی خۆی بڵێتەوە و ڕەخنە لەوانیتر بگرێت. ئەم ئازادییە لە بانگەشە و وتارداندا تا ئاستێك بووە شانازیم بەوەوە کردووە كە کوردستان وەها حوکمڕانییەکی هەیە کە ڕەخنە دەورێکی باڵای هەیە لەوەی کە هێز و لایەنەکان بە تایبەتی دوو هێزی سەرەکیی کوردستان، کەموکوڕییەکان باس بکەن و دواتر هەستن بە چارەسەری.
ساڵانی پێشوو هەندێ جار ڕەخنەکان لە هەندێ ئاستی کادر و ئەندامانی ئەو دوو حزبە تا ئاستی بێڕێزی بە یەکتریش دەڕۆشت، بەڵام ئەمە زۆر دیار نەبوو و بۆ قۆناغی جۆش و خرۆشی هەڵبژاردن و لە کۆمەڵگایەکی نەریتیدا هەر ئاسایی بوو. بەڵام وردە وردە سنووری ڕەخنە تێپەڕێنرا و نەک تەنیا بێڕێزی و ناوزڕان دەستی پێ کرد، بەڵکوو لەوەش خراپتر درۆ و دەلەسە بوو بە گوتاری سەرەکیی هەندێ لایەن. هەمیشە لە هەڵبژاردندا زۆر شت دەوترێت، بەڵام ئەو قسانەی لەگەڵ واقیع و گۆڕەپانەكەدا بێنەوە زۆر نین. لە ئاوەها کەشێکدا لایەنەکان یان درۆزنن یا دەربەست و بەرپرسیارن.
ئەم پۆلێنبەندییە بۆیە دەکەم، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ ئێستە یەک حزبی باڵادەست و بێ ڕکابەر لە کوردستان هەیە، ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە. من لە درێژەدا و لە ڕێگەی بەراوردێکی سادەی گوتار و کرداری پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە، هۆکاری ئەم زاڵبوون و باڵادەستییەی پارتی ڕوون دەکەمەوە.
بمانەوێ و نەمانەوێت پارتی کۆڵەکەی سەرەکیی حوکمڕانییە لە کوردستان، ئەگەر نەڵێین تاقە کۆڵەکە، چونکە لایەنی تری هاوبەشی حوکمڕانی کە یەکێتییە، ساڵانێکە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێت و پێم وایە پارتی بۆیە ئەمە پشتگوێ دەخات، چونکە پابەندە بە کۆمەڵێک بەها و دیسیپلینەوە کە لە ماوەی 79 ساڵی تەمەنیدا مومارەسەی کردووە و لەگەڵی باڵای کردووە.
کاتی خۆی مەلا بەختیار کە ئێستە بە نادیموکراتیانە و ناجوامێرانە دەرکراوە لە ڕیزەکانی یەکێتی، لە دیمانەی کەناڵێکی خۆیاندا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر لە هەڵبژاردن بیدۆڕێنن چ دەکەن؟ ئایا واز لە دەسەڵات دێنن؟ مەلا بەختیار وتی "کەس ناتوانێت ئێمە لە دەسەڵات دەربکات، چونکە هێزی چەکدارمان هەیە"! ئەم لۆجیکە بەداخەوە هێشتا لە کوردستان نەڕەویوەتەوە، ئەگەرچی مەترسیی هەر جۆرە ڕووداوێکی ناوخۆیی ناخۆش زۆر کەمە، بەڵام ئەم لۆجیکە خەمهێن و ترسناکە. مرۆڤ ئەگەر بە ویژدانەوە بیر بکاتەوە، دەبێت دڵتەنگ بێت بۆ ئەو هەموو دەربەست و بەرپرسیارێتی قبووڵکردن و تەحەمولکردنەی پارتی کە لە بەر خاتری کوردستان و کورد، بۆ لایەنەكانی تری دەکات.
با لە باسەکەم دوور نەکەومەوە، پارتی هێزی باڵادەستە، چونکە زۆرترین دەنگدەر و کورسی و ڕێژەی دەنگی هەیە. ئەمە لایەنە سادە ئامارییەکەیەتی. لە هەمانکاتدا پارتی لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا سەلماندوویەتی خاوەندارێتی دۆزی کورد دەکات، ئەو بە هەموو زەرەرەكانی سەر خۆیەوە، نەک ملکەچی لامەرکەزیەتی بەغدا و پلانەکانیان نەبووە، بەڵکوو بەردەوام بە ناوی کوردەوە و لە پێگەی بەرزەوە قسەی کردووە، ئینجا لایەنی دیکە دێت باسی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا دەکات! ڕێکەوتنێک کە دەسپێکەکە بە ئیمزای کۆمەڵێک ئەندامی سەرکردایەتییەوە بۆ ڕووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو!
ناوی پارتی بە پرۆژە و ئاوەدانییەوە هەڵپێکراوە، پارتی لەو شارانەی ڕێگر و كۆسپی لەبەردەمدا نییە، دەبینین پرۆژەی گەورەی جێبەجێ کردووە و کوردستانی کردووە بە وڵاتێکی دیکە، کەچی تازە ئەوان دێن باسی شەقام و پرۆژەیەکی بچووکی کۆیە دەکەن و چەواشەکاری پەرە پێ دەدەن! بەڵام پێم وایە درەنگە و خەڵک واقیع دەبینێت، نەک گوتر و قسەی کەفوکوڵدار! ئەو گوتارەی یەکێتی و برایانی تاڵەبانی ئیشی پێ دەکەن، زیاتر لە نمایشی وزەبەخش دەچێت نەک گوتارێکی سیاسی و بەرنامەدار بۆ داهاتووی هەرێمێک یان تەنانەت شار و حزبێک!
ئەم بابەتانەی باسی دەکەم نە بەرگرییە لە پارتی و نە دژایەتیی یەکێتیە، بەڵکوو ئەمری واقیعە و خەڵک ڕۆژانە دەیبینێت، خەڵکی کوردستان بەو رادەیە وشیارن بزانن قسە و کردە چەندە پێوەندیان پێکەوە هەیە و دروشم تا كەی خەونە و كەی دەبێتە كردە!
پێم وایە زۆر درەنگ نا، بەڵکوو زوو، یەکێتی بەم گوتارە لاوازە و بەو زمانە کوردییە کرچوکاڵ و شێواوەی کوڕانی مام جەلالەوە، تووشی نسکۆی گەورە بێت و هاوسەنگیی هێز تێک دەچێت و کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، بەو مانایەی لەو سنوورەدا ئەگەر یەکێتی تووشی نسکۆیەکی وەها بێت و ئیسلامی سیاسیی پاڵپشتیکراو کۆدەتایەک بکات، ئەوە داهاتووی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، چونكە وادیارە پارتی یەکێتی هێشتووەتەوە تا هاوسەنگی هێز بپارێزێت، ئەینا وەک وتم درەنگ یان زوو، بەو مەرجەی ئیسلامی سیاسی لە دەلاقەی نوقسانییەکانی یەکێتی نەیەتە ژوورەوە، ئەوا پارتی دەبێت بە تاقە حزبی حوکمڕانی کوردستان و لە ڕاستیشدا ئەمە باشترین مۆدێل و نموونەیە بۆ ئەوەی ئێمە خاوەن یەک بڕیاری نیشتمانی و نەتەوەیی بین.