"ئێرانی فەرهەنگی" دەستەواژەیەکی ڕیشەدارە کە لە ستراتیجیی قەڵەمڕەوخوازیی ئێرانییەکاندا لە هەموو ئەو جیۆگرافیانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە مێژووی دوور و نزیکدا بەشێک بوون لە پانتایی ئیمپراتۆری و حوکمڕانییەکەی. تێگەیشتن لەم دەستەواژەیە گرێ دراوە بە تێگەیشتن لە دەستەواژەکانی" ئێرانی مەزن" و "ئێرانشار" و چەندان دەستەواژەی لاوەکی و هاوشێوەی دیکەوە کە ئێرانییەکان لە گوتاری سیاسی، کولتووری و مێژوویی خۆیاندا بە وردی و هەستیارییەوە بەکاری دێنن.
گودەرزی رەشتیانی ئەندامی لێژنەی زانستیی گرووپی مێژووی کۆلێژی زانکۆی ئەدەب و زانستە مرۆییەکانی تاران، لە دیمانەیەكدا لەژێر سەردێڕی "قەڵەمڕەویی جیۆگرافیای ئێرانی فەرهەنگی" دەڵێت: "ئێرانی فەرهەنگی ناوەندێکی سەرەکی و ناوەکیی هەیە کە بەدەر لە ئێرانی سیاسیی ئێستە، لەخۆگری بەشێک لە ئاسیای ناوەندی، ئەفغانستان، قەوقاز و باشووری ڕووسیا و پاکستانیش دەبێت". ئەمە ئاماژەبەكی سەرەتایییە لە دیاریکردنی خواستی قەڵەمڕەویی ئێرانییەکان بە پشتیوانی دەق و گێڕانەوە و هەندێ بەناو بەڵگەی مێژوویی گومانهەڵگر و هەر لێرەدا ناوەستێتەوە.
ئەم مامۆستای زانکۆیە لە درێژەدا باسی کتێبی "نزههالقلوب"ی حمداللە مستەوفی دەکات کە لە کارگوزاران و کاربەڕێکەرانی ئیلخانانی مەغۆل بووە کاتێک ئێرانیان داگیر کردووە. ئەو ئەم کتێبە بە دەقێکی گرینگ دەزانێت لە دیاریکردنی سنوورەکانی ئێران و دەڵێت: لەم دەقەدا قەڵەمڕەوی ئێرانی سیاسی و ئێرانی فەرهەنگی دەستنیشان کراون و نووسەر {حەمدوڵا} بە ڕوونی دەستەواژەی "ئێرانشار" بەکار دێنێت تا گوزارشت لە قەڵەمڕەویی سیاسیی ئێران بکات و ناوەندی ئێرانشاریش بە عێراقی عەرەبیی واتە بەغدا، زانیوە".
لە ئاوڕدانەوەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ بۆ ئەو ڕابردووە دوورە، بۆمان دەردەکەوێت دەستەواژەکانی ئێرانی کۆن، ئێرانی مەزن، ئێرنشار و هەروەها ئێرانی فەرهەنگی و ئێرانی سیاسیی، لێک دابڕاو نین و لە تۆڕێکی پێکهاتوو لە چەندان دەستەواژەدا ئەو خواست و ئارەزووەی ئێرانییەکان بۆ قەلەمڕەویی نابەجێ و نۆستالجیانە، زەق دەکەنەوە. پێویستە لێرەدا بڵێم و بە تایبەتی بۆ خوێنەران و کوردانی باشووری کوردستان کە ئێران لێرەدا ئەگەر بە واتای ئیتنیکی فارسیش بەکار نەهێنرێت، ئەوا بێگومان مەبەستیان لە زمان، کولتوور، پێکهاتی حوکمڕانی و بەهای مێژوویی و کۆمەڵایەتی فارسە، واتە ئێران و ئێرانییەکان (کارم بە مشتومڕە فرەلایەن و ئاڵۆزە مێژووییەکانی پێشتر و ئێستەوە لەمەڕ ئەوەی ئێرانییەکان کوردن یان کوردەکان ئێرانیی ڕەسەنن و... نییە و ئەوە زۆر هەڵدەگرێت و کاری من نییە و پێوەندییەکی ئەوتۆیشی بە باسەکەمەوە نییە)، لەم گوتارسازییەدا واتە فارس و ئەو مێژوو و شوناسەیان و هەر شتێک کە لە دڵی مێژوویەکەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەوان پاش مادەکان وەک هی خۆیان ناوزەدی دەکەن.
ڕاستە ئەمە مێژووی دوور و لێڵی ناوچەکەیە، بەڵام بە زمان و نیشانە و دەلالەتی مۆدێڕن، تەرجەمەی ناو ئەو گوتارە کراوەتەوە کە ئێرانی فەرهەنگی و ئیسلامی سیاسیی ئێرانی لەسەری کۆکن و لە دیالیکتیک و گانەکوسکێیەکی ئاڵۆز و بە چەندان پۆزیشن و جۆرەوەستانی جۆراوجۆرەوە، گەراکەی دەخەن و بەو شێوەیە لە هەیکەلی منداڵۆکە و پیرۆچکە و داپیرەی کۆنەساڵ، زاوزێ دەکەن. تێگەیشتن لەوەی کە ئێران واتە فارس، تێگەیشتن لە گوتارێکە کە سەتان ساڵە حوکمڕانیی دەکەن و شوناس و بوونی هەر نافارس و "ئەویتر"ێک بە ناز و نەوازش یان لێدان و سڕینەوە، دەکات بە هی خۆی.
یەکێک لەو کێشانەی ئێمە لە ڕۆژهەڵات لەگەڵیدا دەستەویەخەین هەر ئەمەیە، واتە لەمپەر و گرێپووچکەی بەردەم شوناسی نەتەوەیی و کیانی سەربەخۆی کوردی، ئەم ئێرانتەوەری (ئێرانی فەرهەنگی، ئێرانی مەزن، ئێرانشار و...)یە و لە باشووری کوردستان لە ئاستی چاوەڕوانی و تێگەیشتنی ئێمە لەو واقیعە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم گوتارەدا ناکرێت. دیارە باشوور سەرباری جۆرێک بشێوی و بێسەروبەری لە پلان و دۆخی گشتیی کولتووریدا، هاوکات خاوەنی فۆرمی مێژووکرد و ڕەسەنی کولتووریی خۆیەتی و لەناو جۆرە سیاسەتێکی کولتووریی کراوە بەڵام بێ ستراتیجدا، دەژی. نموونەی ئەم حاڵەتە و ئەم بەریەککەوتن و دژیەکیە، خواستی ڕۆژهەڵاتی و کرداری باشووری لە پێشوازیی پڕخرۆش و "موعجیب"انەی باشوور بە گشتی و سلێمانی و بەشە دراوسێکەی باشوور لەگەڵ ئێران دەبینرێت.
ئەمە هەر لە ئاست بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی جۆراوجۆری هونەری و کولتووری و ڕۆشنبیریدا نییە کە نموونەگەلێکی وەک مریەم بووبانی خەڵات دەکرێن، (ئەو کەسایەتییەی ناوی لە لیستی واژۆکەرانی دژایەتیکردنی نەورۆزی کوردستاندا بوو)، بەڵکوو لە تاسووق و حەزێکی ڕەشۆداماڵراو و پڕ "ئیعجاب"ی باشوور و بەتایبەتی سلێمانیدا بۆ ئێران دەبینرێت کە نیشانەیەکە لە غیاب و پێوەریی ئەو ڕوانگە و یادگە نیشتمانییە یەکگرتووە کە ئەنفال و سەردەشت بە یەکەوە ببینێت و دۆخی ئاسیمیلەکراوی کرماشان و کەرکووکی هاوکات لەبەرچاو بێت.
دەرکەوتنی سەرسامی نالۆجیکی و پڕخرۆشی بەشێک لە باشووری کوردستان بۆ کولتووری ئێرانی، لایەنێکی بۆ ئەو پرۆژەیەی ئیسلامی سیاسی و ئێرانشاریی دەگەڕێتەوە کە بە هەموو ناکۆکییەکانیانەوە لە ڕێکەوتنێکی دوو قۆڵیدا بە دەقی شەرعی شیعیی ئاخرزەمانی و زمان (کولتوور، ئەدەب، هونەر و ئەندێشە و...)ی فارسی هاتوونەتە مەیدانەوە و بڕیارە قەڵەمڕەوەکانی هەخامەنشی و ساسانی بگەڕێنەوە و هاوکات ئاڵای ئیسلامی سیاسیشی لەسەر هەڵکەن و لە کابولەوە تا قودس سنوورە دیاریکراوە کاتییەکانیان بێت!
سەرێکی دیکەی ئەم قەیرانە غیابی تێگەیشتن لەو گوتارەی ئێرانی فەرهەنگی و ئێرانشاری، نەبوونی پلانی کولتووریی فرەلایەن و قووڵ و شێلگیرانەیە لەلایەن ناوەندە کوردییە حکومی و ناحکومییەکانەوە، بۆیە دراما بێکەڵک و ناوەرۆک ئێرانییە پڕ لە باڵاپۆشەکان کە زمانی فارسی و ئیسلامی سیاسیی پێکەوە بڵاو دەکەنەوە، لە زەینی گشتیدا جێگیر دەبن و هەر ئەکتەرێکێ ئێرانی-فارس وەک ئەفسانەی هونەریی ئەخلاقدار دەبینن.
قەیرانەکە بە ڕادەیەک قووڵە، کەسانی وێڵ و خوێڕیی ئێرانی دەبن بە کوردی ئێرانی و کەسانی باڵا و بە ئەخلاق دەبین بە ئێرانی! بێگومان ئەم دۆخە گوزارشتە لە بەشێک لە پانتایی کولتووری گشتیی باشووری کوردستان کە دیارە زیاتر بەشە ڕەشۆک و هەڵبەت بە رادەی خۆیشی کاریگەرەکەیەتی.
ڕەنگە بەشێکی دیکەی دروستبوونی ئەم قەیرانە بگەڕێتەوە بۆ بەشێک لەو هونەرمەند و نووسەر و...ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر بە ڕوانگەیەکی ناوبەجێ و فریودراوی "هیومانیزم"ەوە لە باشووری کوردستان هەگبە و خوانی خۆیان ڕاخست و بێ ئاگا یان بە ئاگا، کولتووری ئێرانیان پەرە پێ دا و چاڵێکیان هەڵکەند کە پێی خۆیشیانی تێدا قوڕاوی بووە.
باشترین بژاردە بۆ ئەم سەفیر و پردە کولتووریانە، بۆ دۆخی خۆیان و نەتەوەکەیان وەک کورد و کوردستان لە دەرەوەی ئەوە بێت ئەوان نە کوردن نە کوردستانی، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا و لە گوتاری ئێرانییەکاندا ئەوان خەڵکی شاری سلێمانییەی عێراقن! پێویست ناکات ناوی دەیان کەسی وەک هومایونی شەجەریان و ئەکتەرێکی پلە نزمی وەک فەریبا نادری بێنم، بەڵام هەر هێنام! کوردستانی ئازاد بێگومان جیۆگرافیایەکی ئازادە، بەڵام جیۆگرافیای ئازاد بەبێ خواستی نیشتمانی و مافخوازیی نەتەوەیی لە چوارچێوەی گوتارێکی بەئاگا و بەر ڕۆژدا، تەنیا دروشم و خەونی شاعیرانەی ناکامانەیە کە مێژوومان کەمی تێدا نییە.