هوشیاریی تاكی كورد لە هەڵبژاردندا

PM:05:00:05/11/2025 ‌
گرنگیی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەوەدایە كە دەنگدەر هەست بە كاریگەرییەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنەكە بكات، ئەوەش پێوەستە بە پرسی نەتەوەییەوە و تا زۆرترین دەنگدەر لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشدار بن، ئەوا كاریگەریی زیاتریان لەسەر بەهێزكردنی كورد لە كابینەی داهاتووی عێراق و ئەنجوومەنەكەیدا دەبێت. ئەو گەلانەی هەوڵ بۆ دامەزراندنی پرەنسیپی دیموكراسی و دادپەروەری و خزمەتگوزاریی دەدەن، ئەوا پرۆسەی هەڵبژاردن تاكە ڕێگەیە بۆ گەرەنتیكردنیان. 

هەڵبژاردن دەتوانێ تەرازووی سیاسیی بگۆڕێت، ئەگەر هەڵبژاردنەكان بەپێی ئەو مەرجە یاسایی و دەستوورییانەی كە یاسا و دەستوور دیارییان كردووە بەڕێوە بچن، بەشداریكردنی زۆرینەی كوردستانیان لەم هەڵبژاردنەدا، گوزارشتە لە بوونی متمانەی خەڵك بە لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان و بە پابەندبوونی نوێنەرانیشیان بەرانبەر بەو بەڵێنانەی داویانە، هاوكات هۆشیاریی تاكی كوردە لە ئاست پرسی نەتەوەیی كورد كە هەمیشە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بە جۆرەها شێوە هەوڵی پێشێلكردنیانی داوە، چ بە ئەنفال، كیمیاباران، ڕووخاندنی گوند، ترس و تۆقان، تا ئاستی بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان. 

بۆیە ئەو كەسانەی دڵسۆزی نەتەوە و خاكن، ئەوا لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەشدار دەبن و دەنگ بەو لایەنە دەدەن كە لە هەوڵی وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كوردە.  بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەركێكی نیشتمانییە و پێویستی بە بەشداریی هەموو لایەك هەیە، ئەوەش پەرۆشی و هۆشیاریی نەتەوەیی بەشدارانیش لە ئاست پرسی نەتەوەیی دەردەخات.

هۆشیاریی نەتەوەیی لای تاكی كورد ئەوەیە كە پابەند بێت بە هاندانی خەڵكانی تر لەپێناو بەرزكردنەوەی ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا، هەتا ببێتە هۆی هۆشیاریی تاكی كورد لە گرنگی دەنگەكەی بۆ گۆڕینی چارەنووسیان لە پرسە نەتەوەییەكاندا. 

هەرچەندە خۆشحاڵم بەوەی تاكی كورد خاوەن هەستی نیشتمانییە، بەڵام بەداخەوە هۆشیاریی نیشتمانیی لای تاكی كورد لاوازە و پێویستە هۆشیارییەكی بەرچاوی نەتەوەیی لەناو كورددا گەشەی پێ بدرێت، ئەوەش بەرانبەر بە مافی نەتەوەكەی، خاكەكەی، داهاتووی خۆی، منداڵەكەی، نەوەكەی... هتد، هاوكات گەیشتن بە دیموكراسی، پێویستی بە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك مەرجی وەك ئەقڵییەتی تاك، یاسا، كولتوور، سیاسیی هەیە، لە زۆر لە سیستمەكاندا كە تاكەكان هەست بەوە بكەن دەنگدان مافی ئەوانە بۆ هەر ئاڵوگۆڕێكی حوكمڕانی لە وڵاتدا، هاوكات سزادانی لایەنی نەشیاو لە هەڵبژاردندا بە دەنگەكانیان.

پێویستە تاكی كورد هۆشیاریی ئەوەی هەبێت كە بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن، بەو واتایەیە كە لە گرنگی ڕۆڵ و پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەی هەڵبژاردن تێگەیشتووە، هەروەها دەزانێ چۆن ئەو كاندیدەی ئەو لایەنە هەڵدەبژێرێت، كە سوودبەخشترین بەرنامەی بۆ پرسی گەلی كورد و خاكی كوردستان پێیە، هاوكات پێشینەی خیانەتی لە خاك و نەتەوەی كورد و كوردستان نەبووبێت.