بە گەرمبوونی فەزای بانگەشە و گڕوتینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دیسان بەر جۆرێک لە نمایش و شۆی نامۆ و ناپێوەندیدار بە واقیع کەوتینەوە کە تەنیا دەشێت دەرئەنجامی هەگبەبەتاڵی و سەرگەردانیی لە سیاسەت و گوتاردا بێت. گومان لەوەدا نییە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستە دوو کۆڵەکە سەرکییەکەی حوکمڕانیی بوون لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە تەنیا پرۆتۆکۆلی فەرمی و فیگەری سیاسەتێکی گشتییە بۆ پاراستنی حورمەت و فەزای گشتی، ئەینا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئەو زۆنەی پارتی تێیدا دەسەڵاتدارە، هەر لە دەستی پارتییە. ئەو زۆنەیش کە لە دەرەوە دەسەڵاتی پارتییە خواستێکی شاراوە و ئاشکرای هەیە بۆ ئەوەی بێتە ژێر ڕکێفی پارتی.
بابەتەکە بە زمانێکی دیکە ئەوەیە، بەشێک لە حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزێکەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەم هێزە کوردە، مێژوویەکی لە خەبات و قوربانیدان هەیە، سەرۆکێکی کاریگەر و بە ڕادەی خۆی کاریزمیی هەبووە و دەیان شتی دیکە، بەڵام لە ئێستەوە ئیتر ئەم هێزە نە ئەو مێژووە ڕەچاو دەکات بۆ کردەوەکانی، نە سەرۆکێکی ڕاستەقینەی هەیە و نە کوردستانیبوونیش داڵغە و کەڵکەڵەیەتی. ئەگەرچێ لێرەولەوێ لە زاری کوڕانی مام جەلالی ڕەحمەتییەوە ڕستە سادە و بەرژەوەندئامێزەکانی دووبارە دەکەنەوە بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە هەر ڕێبازی مام پێڕەو دەکەین، بەدەر لەوەی ڕێبازی مام چەندە کێشەی تێدا بووە، ئەم کارەی کوڕانی تاڵەبانی و هەندێ کادری شەریکیان لە حزبەکەدا، تەنیا یارییەکی درۆزنانەیە، ئەینا مام جەلال بە تەمەنێک خەبات و کۆڵنەدانەوە هێندەی تێدا هەبوو دواجار و دوای چەندان هەڵە هەر کوردستانیبوون هەڵبژێرێت، هەر زمانی دیپلوماسی و سیاسەت بەکار بێنێت و هەر سنووری ئەدەب و حورمەت لە پانتایی گشتیدا بپارێزێت.
بەڵام مەخابن ئەم کەشەی ئێستەی یەکێتی کە تەنیا یەک کەس واتە سەرۆکەکەی بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێنی تێدا دەکات و (هەندێ جاریش کاک قوبادی برای تێوە دەگلێنێت! و لە یارییەکی بۆکسێندا کە تا ئێستە کەس تێنەگەیشتووە مەبەستی چی بووە لەو نمایشە!، ئەویش بەرەو هەلەکەسەمایەک ڕادەکێشێت کە بەر لەوەی سرنجڕاکێش بێت، گاڵتەجاڕانەیە!) بچووکترین جێدەست و شوێنپێی مام جەلالی ڕەوانشادیشی تێدا نادۆزینەوە، هەر لە بەر ئەمەیە زۆر کەس و چاودێر بەم یەکێتییە دەڵێن یەکێتیی نوێ! ئەم یەکێتییە بەم مانەیە تەنیا مێژووی یەکێتییەکەی مام جەلال بەکار دێنێت بۆ ئەوەی خزمەتی خۆی و بەغدا و ئەربابەکانی پێ بکات و کوردستان و خەڵکەکەی لە هیچ خشتەیەکی ئەواندا تەنانەت لە ڕیزی هەرە خواریش ناویان نەهاتووە!
ئەمە تانە و تەشەر و هێرش نییە بۆ سەر یەکێتیی نوێ، ئەمە خەم و پەژارە و هاوکات زەنگی مەترسییەکی گەورەیە کە پێمان دەڵێت، هێزێک لەلایەن یەک کەسەوە داگیر کراوە و بەبێ هیچ ئەزموون و بەسیرەتێکی سیاسی و دیپلوماسی و تەنیا بە چاولێکەریی پارتی و سیستمی سیاسیی بارزانییەکان، گرێیەکی تاکەکەسی قووڵی تێدا دروست بووە و دەیەوێت بە نرخی دابەشبوون و لەکیسچوونی کوردستانیش بێ، ئەو گرێیە بکاتەوە! مەخابن وەها گرێیەک قەت بەو شێوەیە ناکرێنەوە، ئەو گرێ سیاسی و تاکەکەسییانە کاتێک یەک بگرن، کەسایەتییەکی دژەکۆمەڵگە و سۆسیاپاس دروست دەکەن کە جگە لە خۆی و خواست و ئارەزووەکانی، هیچی دیکەی بەلاوە گرنگ نییە و هاوکات دەتوانێت وەک چاوبەستکارێک یاریی بە ڕای بەشێک لە جەماوەریش بکات!
لەم حاڵەتەدا بەراوردکردنی یەکێتیی نوێ بە پارتی، وەک بەراوردکردنی قەڵایەکی قایم لەگەڵ کەلاوەیەکی ڕووخاوو وایە! پارتی نەک تەنیا لە چوارچێوەی سیستمی حزبیی خۆیدا، بەڵکوو لە چوارچێوەی پلانە ئابووری، فەرهەنگی، ڕۆشنبیرییەکانیشیدا چاو لە دیمەنە گەورەکە دەکات، چاو لە دواڕۆژی کوردستان و داهاتووی پڕ لە گۆڕانکاریی ناوچەکە و کێشەی خزمەتگوزاریی و پرۆژەی فرە و فراوانی ئاوەدانی و ژینگەی سەوز و کۆچبەری و چارەسەرەکانی و ... دەکاتەوە، یەکێتیش لە زاری سەرۆکەکەیەوە پێمان دەڵێت، چەندە حەزیان لە کەتنکردنە، دوێنێ دەڵێ کەرکووک فرۆشراوە و ئەمڕۆ دەڵێ دەمێکە ئازاد کراوە!
بابەتەکە هەر ئەمەیش نییە و زۆر لایەن و ڕەهەندی هەیە، کەسێک سەرنجی قسەکردنی کوڕانی مام جەلال بدات، بە ڕوونی دەزانێت ئەمانە تەنانەت کوردییەکەیشیان تەواو نییە و نەک هەر ئەوە، بەڵکوو هیچ زانیاریی و مەعریفەیەکیشیان پێ نییە، ئینجا بەشێوەی ئاماری بێت یان ڕستەی حەکیمانەی کەڵکدار بۆ ڕای گشتی. هەموو ئەمانە کەلێن و خەوشی گەورەن لە یەکێتیدا و مایەی مەترسیی ڕژدن بۆ داهاتووی کوردستان و ناوچەکە، هەر بۆ ئەمە و دەیان هۆکاری دیکە، دەڵێم، پارتی وەک قەڵای قایمە و یەکێتیی نوێ بە دەست ئەم تاکەکەسە ئارەزوومەندەوە وەک کەلاوەیەکی چۆڵ و داڕووخاوە، بەشێک لە کادرە مێژووسازەکانی دەرکراوە، بەشێکیان هەڵهاتوون، هەیانە حەپسی ماڵەوەن و ناو بە ناو بۆ خۆشی یەک یان دوانیان دێننە بەر کامێرا و سەرۆکی یەکێتی دەستیان بەرز دەکاتەوە، گوایە هێشتا هەر لە گەڵیانە!
نەخێر ئەمە ناخوات! یەکێتیی لە وەها قەیرانێکدایە كە مەترسیدارە بۆ کیانی کوردستان، بۆیە تاقە ڕیگاچارە ئەوەیە پارتی وەک تاقەهێزی سەرەکیی حوکمڕانیی بێتە سەرەوە و هەموو ئەو زۆنەی داگیر کراوە، وەربگرێتەوە و تەواوی ئەو پرۆژانەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی بگوازێتەوە بۆ ئەوێش هەتا داهاتی زۆنەكە بۆ تاكەكەس و حزب نەچێ. با خەڵکی لایەنگری یەکێتی یەکجار ئەمە بکەن ئەگەر وا دەرنەچوو، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تۆڵە لە پارتی بکەنەوە، بەڵام بەهەر بارێکدا بڕوانین، یەکێتی ئیتر ئەوە نییە بێتە ناو مونافەسەوە.