لە کاتێکدا بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێ دەچین، گەلی کوردستان چیتر بە بەڵێن ڕازی نابێت، بەڵکو بە چاوی خۆی ئەنجامی کاری ڕژد و ڕابەرایەتیی دانایانەی بینیوە و تێیدا ژیاوە، بەڕێوەبردنی سەردەمییانە، خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی و کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان کە ڕۆژ دوای ڕۆژ فراوانتر دەبن و سیستمێکی دارایی شەفافتر و، ژێرخانێک کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، بەرەوپێش دەچێت. هاووڵاتی لە مامەڵە ڕۆژانەکانیدا هەستی بە پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە کردووە، لە ڕێکوپێکی و خێرایی خزمەتگوزارییەکان و، لە دەرفەتە نوێیەکان بۆ لاوان و کەرتی تایبەت، لە کاتێکدا ژینگەی وەبەرهێنان هەنگاو بە هەنگاو بەهێزتر دەبێت و، تۆڕی ڕێگاوبانی نوێ بەپێی بەرزترین پێوەرەکان فراوانتر دەبێت، هەموو ئەمانە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی و هەوڵەکانی ڕێگری و، پیلانگێڕیی ناحەزان کە بە هەموو ڕێگایەک خەریکی پیلانگێڕین. بەڵام ئیرادەی پێشکەوتن سەرکەوت و لە سەرکەوتنی خۆی بەردەوامە.
گەلی بەڕێزمان... کوڕان و کچانی کوردستان...
دەنگدان بە پارتی تەنیا ئەرکێکی نیشتمانی نییە، بەڵکو پەیامی هێز و متمانەیە بە داهاتوومان.
ئەمڕۆ بەرپرسیارێتیی ئێمە بریتییە لە بەردەوامیدان بەم ڕێگایە، بە متمانە و بە دیدگایەکی دروست لەپێناو بەدیهێنانی: دامەزراوەی بەهێزتر، ئابووریەکی بەرهەمهێنەر کە لەسەر بنەمای تێکنۆلۆجیا و وزە و گەشتیاری بنیات نرابێت، دەرفەتی بەرفراوان بۆ خاوەنکارە پێشەنگەکان و بۆ لاوان و، خزمەتگوزاری شایانی شکۆی هاووڵاتی بێت، لە چوارچێوەی شەفافیەت و دادپەروەری و سەقامگیرییەک کە مافی هەموو تاکێک لە بنیاتنانی داهاتووی خۆی لەناو نیشتمانی خۆیدا (هەرێمی سەربەرزی کوردستان) بپارێزێت..
پارتی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی و دوو جێگرەکەی کە پیاوانی لێهاتووی دەوڵەتمەدارن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کە توانایی خۆیان سەلماند لە بەرگری و بنیاتنان لە یەککاتدا و، پاراستنی دەستکەوتەکان و کردنەوەی دەرگاکان بە ڕووی گەشەسەندن و نوێبوونەوەدا بە یەکەوە.
ئەمڕۆ بەیەکەوە بەرەو قۆناغێکی بەهێزتر و گەشاوەتر دەڕۆین، تێیدا هەرێمێکی پتەو بۆ نەوەکانی داهاتوومان دروست دەکەین، هەرێمێک کە بە سەرفرازی و شکۆوە ڕادەوەستێت و، بە متمانە و شایستەیی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ئامادەیی دەمێنێت...
با هەموومان پێکەوە بۆ هەڵبژاردنی لیستی ٢٧٥ هەڵمەت بەرین.. لیستی سەرفرازی و شکۆ.. لیستی خزمەت و دەستکەوت.. لیستی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان.. لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان..
د. کەمال کەرکووکی
ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی