له دنیای هاوچه‌رخدا و له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه له قۆناغی گواستنه‌وه‌دان، ڕۆڵی پارته سیاسییه‌كان له گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی و پێكهاته‌ی حوكمڕانیدا، گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه. پارته سیاسییه‌كان ڕۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕن له داڕشتنی هه‌یكه‌لی حكوومه‌ت و ڕێڕه‌وی گه‌شه‌سه‌ندنی وڵاتان. به‌ڵام جیاوازییه‌كی قووڵ له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له شێوازی بیركردنه‌وه، شێوازی مامه‌ڵه‌كردن و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌یه.
هه‌ندێك لایه‌ن له‌بری ئه‌وه‌ی سه‌رنجیان له‌سه‌ر دروشم و ڕه‌خنه بێت، خه‌ریكی كار و خزمه‌تكردنی ڕاسته‌قینه ده‌بن، ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژێرخان په‌ره پێ بده‌ن، سیستمی حوكمڕانی ڕێكبخه‌ن، خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان فره‌وان بكه‌ن و سیستمێكی كارامه‌ی حوكمڕانی ئه‌لیكترۆنی دروست بكه‌ن. له به‌رانبه‌ردا كۆمه‌ڵێك لایه‌نی تر هه‌ن زیاتر له ڕه‌خنه، دروشم و شه‌ڕی زاره‌كیدا سنووردار ده‌بن. ئه‌م دوو جۆره حزبه نه‌ك ته‌نیا له ڕووی ئه‌دای كاره‌وه، به‌ڵكو له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه‌وه له بنه‌ڕه‌تدا جیاوازن.
لێره‌دا جیاوازیی نێوان ئه‌و پارته سیاسییانه‌ی گرنگی به پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و مۆدێرنكردنی ژێرخان و كارایی حكوومه‌ت ده‌ده‌ن، له به‌رانبه‌ر ئه‌و پارتانه‌ی ته‌نیا دروشم و ڕه‌خنه ده‌گرن. ڕوون ده‌كه‌مه‌وه بۆ تێگه‌یشتن له گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر وڵاتێك. ئه‌گه‌رچی پارته سیاسییه‌كان بڕبڕه‌ی پشتی دیموكراسین و هه‌ریه‌كه‌یان به ئایدۆلۆجیا، به‌رنامه و ڕێبازی خۆیانه‌وه ده‌چنه ناو گۆڕه‌پانی ڕكابه‌رییه‌وه.
پارته بنیاتنه‌ره‌كان
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و پارتانه بریتین له:
•سه‌رنجیان له‌سه‌ر یه‌كێتی گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانه، نه‌ك له‌سه‌ر شارێك یا ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو.
•تێڕوانینی دامه‌زراوه‌یی بۆ حوكمڕانی: ئه‌م لایه‌نانه هه‌وڵی دامه‌زراوه‌ییكردنی سیستمی ئیداری ده‌ده‌ن و گرنگی به ژێرخان و خزمه‌تی گشتی وڵات ده‌ده‌ن؛ له‌وانه‌یش جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ڕاسته‌قینه وه‌ك دروستكردنی ڕێگه‌وبان، ژێرخانی كاره‌با، ئاو، سیستمی بانكی و دیجیتاڵكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌ت و ڕێكخستنی فه‌رمانگه‌كان.
•سه‌ركرده‌كانی ئه‌م جۆره حزبانه خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمی كرداری و گۆڕانكاریخوازن، واته ئه‌و سه‌ركردانه شوێنكه‌وتوانی خۆیان له ڕێگه‌ی ئامانجدانان، پاڵنه‌ر و دروستكردنی متمانه‌وه ڕێنوێنی ده‌كه‌ن.
•تێڕوانینی ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندییه گرووپییه‌كان به‌رزتره. ئه‌وان خۆیان به خزمه‌تكاری میله‌ت ده‌زانن نه‌ك خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات.
•كرده‌وه له بری دروشم: ئه‌م حزبانه له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی دووباره بده‌نه‌وه، كار ده‌كه‌ن و ئه‌نجامه‌كه‌ی پێشانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن.
• پارته بنیاتنه‌ره‌كان له بری ئه‌وه‌ی پشت به كه‌سایه‌تییه‌كان ببه‌ستن، سه‌رنجیان له‌سه‌ر بنیاتنانی دامه‌زراوه‌كانه؛ واته سیستمی ئیداری، یاسایی و شه‌فافی حكوومه‌ت به‌هێز ده‌كه‌ن.
• به ئه‌لیكترۆنیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و ڕێكخستنی ده‌زگاكانی حكوومه‌ت.
پارته دروشمباز یا ڕه‌خنه‌گره‌كان
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و پارتانه بریتین له:
• سیاسه‌تی بێ كردار، ئه‌دای جێبه‌جێكردنیان زۆر لاوازه.
• نه‌بوونی پلانی كاركردن: ئه‌وانه زیاتر سه‌رنجیان له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنه له لایه‌نه‌كانی تر نه‌ك خستنه‌ڕووی پرۆژه، پلان و سیاسه‌تێكی دیاریكراو. به واتایه‌كی تر، له‌بری كار و به‌رنامه، دروشمی گه‌وره به‌كار دێنن.
• ناڕه‌زایی گشتی به‌كار دێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی، به‌ڵام توانای گۆڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان نییه بۆ به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدان.
• ئه‌م حزبانه به زۆری له ده‌وروبه‌ری چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی پۆپۆلیستی كۆ ده‌بنه‌وه نه‌ك له ده‌وروبه‌ری سه‌ركرده‌ی ڕاسته‌قینه و پێكهاته‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و دامه‌زراوه‌یی.
• له درێژخایه‌ندا ده‌بنه هۆی ناكۆكی و یه‌كنه‌گرتنی نیشتمانی.
له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه‌وه
حزبه بنیاتنه‌ره‌كان پاڵنه‌ره‌كه‌یان ده‌سه‌ڵات، خزمه‌ت و به‌دیهێنانی ئامانجه گشتی و نیشتمانییه‌كانه، به‌ڵام حزبه دروشمخوازه‌كان عه‌قڵییه‌تی كاردانه‌وه‌یان هه‌یه كه زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای سۆز، كێبه‌ركێ و نكۆڵیكردنی ئه‌وانیتر دامه‌زراون.
حزبه بنیاتنه‌ره‌كان متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رمایه‌ی حكوومه‌ت زیاد ده‌كه‌ن، چونكه خه‌ڵك ده‌رئه‌نجامی كاره‌كانیان ده‌بینن. له به‌رانبه‌ردا ئه‌وانه‌ی تر ته‌نیا جه‌مسه‌رگیری زیاد ده‌كه‌ن و سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌شێوێنن.
له سیستمه سیاسییه ته‌ندروسته‌كاندا، هه‌ردوو جۆری حزب بوونیان هه‌یه؛ به‌ڵام هاوسه‌نگییه‌كه كاتێك دێته پاراستن كه ڕه‌خنه‌كان بنیاتنه‌ر بن و له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه، داتا و چاره‌سه‌ره‌كان بن، نه‌ك ته‌نیا كاردانه‌وه و به دروشمكردن. گه‌شه‌سه‌ندنی ڕاسته‌قینه كاتێك ده‌بێت كه لایه‌نه سیاسییه‌كان له دروشم تێپه‌ڕن و ڕوو له حوكمڕانی، دامه‌زراوه‌سازی و خزمه‌تكردنی نیشتمان بكه‌ن.
له كۆتاییدا داهاتووی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌كان پێوه‌سته به گه‌شه‌ی عه‌قڵانییه‌تی سیاسی له نێوان مرۆڤه‌كاندا، كه‌سانێك ده‌توانن جیاوازی بكه‌ن له نێوان قسه و كرداردا، خزمه‌تكاری ڕاسته‌قینه له دروشمخوازه‌كان و دروشمگێڕان جیا بكه‌نه‌وه.