سوپاسێک لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ مەسروور بارزانی

PM:01:10:10/11/2025 ‌
لە حاڵێکدا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە پاپۆڕێک دەچێت کە بەرەو نادیار لەلایەن شەپۆلە ناوەخت و نەناسراوەکانەوە دەبرێ، دۆخی کورد و کوردبوون پشتگوێ نەخراوە. ئەم پشتگوێنەخستنە ئەگەرچی بەو مانایە نییە ئێمە بە تەواوی جێگایەکی پارێزراومان لەناو پاپۆڕەكەدا هەیە و ناکەوینە خوارەوە و دڵنیاین دەگەین بە كەناری ئارام، بەڵام هاوکاتیش ئاماژەیە بەوەی پەلەقاژە دەکەین، پەلەقاژەیەکی ڕەمزی لە خراپترین دۆخی جیۆپۆڵەتیکی و لێڵی ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی دەرباز بین. 

ئەم دیمەنەی دەینەخشێنم ڕەنگە لە چاوی هەندێک لە خوێنەرانەوە ڕەشبینانە بێ، بەڵام بە هەڵە تێمەگەن! من دیمەنەکە بەم ڕەشییە دەنەخشێنم بۆ وەی ئاگادار و هوشیار بین و بە گەشبینییەوە (تەنانەت ئەگەرچی دروست و شیاویش) کێشەکانمان سووک نەگرین و بزانین بۆ دەربازبوون لە دۆخێک کە زیاتر لە سەدەیەکە و لە قۆناغی دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە هاتووەتە ئاراوە بۆ ئێمەی کورد، لەگەڵ هەموو پێشکەوتن و سەرکەوتنەکاندا هێشتا کاری ماوە و لە خەم نەڕەخسیوین. 

لەناو ئەم هاوکێشە پڕ ترس و دڵەڕاوکێیەدا و لەناو ئەم پاپۆڕە پڕ هەڵبەز و دابەزەدا، ترووسکە و ئاسۆی هیوایەک بەدی دەکرێت، ئەویش باشووری کوردستانە. لەوێ بێ ئەملاولا یەک گوتار و هێز توانایی و ئیرادەی دەستەبەرکردن و دەست پێڕاگەیشتن بەو تروسکایی و هیوایەی هەیە، ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە. بابەتەکە نە پێوەندیی بە لایەنداریی ئایدۆلۆجییەوە هەیە و نە بە ململانێی هەڵبژاردنەوە، بەڵکوو کرۆکی بابەتەکە خۆی لە بوونی گوتاردا دەبینێتەوە. 

ئێستە هەموو حزبەکان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بکەینەوە کە پێڕەوی لە چ گوتارێک دەکەن یا لەناو چ گوتارێکدا بوونی خۆیان مانا دەکەنەوە؟ ناتوانن وەڵامێکی قایلکەر بدەنەوە، ڕەنگە هەرکامیان باس لە ئامانج یان مەبەستێک بکەن وەک دادپەرەوەری، خزمەتگوزاری، دیموکراسی و... بەڵام ئەمانە بۆ هیچ کام لەو حزب و لایەنانە تا ئێستە نەبوون بە یاسای کارکردن و کولتووری کردەوەی حزبی، ئەگەریش بووە، دوای ماوەیەک سەری لە دژوازی و کەتنەوە دەرهێناوە. 
ئەوە تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ هەڵگرتنی هەموو گوزارە و ئامانجەکانیدا، هاوکات پێگەیەکی بەهێزی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە کە بووە بە سەنگ و قەبارەیەک نوێنەرایەتیی هەموو ئەو ئامانجانەی کە خەڵکی کوردستان لە باشوور دەیەوێت، بکات. 

بابەتەکە هەر بەمەیشەوە ناوەستێت، بەڵکوو هەڵوێست و پەرۆشیی ئەم حزبە بۆ دۆخی کورد لە پارچەکانی دیکە، وەک نموونە ڕۆڵگێڕانی کارا لە پرۆسەی ئاشتیی باکور، پشتیوانیی لە ڕۆژئاوا و بە تەنگەوەبوونی کوردانی ڕۆژهەڵات، وایکردووە هەموو جیهان پارتی بە خاوەنداری پرسی کورد لە ناوچەکەدا ببینێت. هیچ گومانێک لەوەدا نییە لە ئەگەری کرانەوەی هەر دەرگایەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی یان هەر گۆڕانکارییەک لە پارچەکانی دیکە (بەهۆی ئەو دۆخە جیۆپۆڵەتیکیەی کوردستانە پارچەپارچەکراوەکە لە کۆی ناوچەکەدا) هەموو جیهان پارتی وەک خاوەنداریی یەکەمی دۆزی کورد دەبینێت، دیارە ئەمە بە مانای پشتگوێخستنی هێز و لایەنەکانی دیکە نییە، بەڵکوو بە واتای ڕۆڵی مێژوویی و سیاسیی و پێگەی بەهێزی گشتگیری ئەم حیزبەیە.

لە هەموو هەوڵەکان بۆ کوردانی جیهان و بەتەنگەوەهاتنی بۆ کوردانی پارچە جیاوازەکان و ئەو شەپۆلەی گۆڕانکاریی ناوچەکە، ڕەنگە بتوانین بڵێین دۆخی کوردانی ڕٶژهەڵات لێل و پێڵترین دۆخە. ڕۆژهەڵات خاکی دایکە و دابڕاو نەبووە و نییە لە کوردستانی گەورە. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی و تەناهی باشووری کوردستان لەلایەن هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە، جموجووڵی مەدەنیی لە ناوخۆی کوردستان زیاتر و زیاتر پەرەی سەندووە و کوردانی ڕٶژهەڵات لە پانتایی جۆراوجۆری کولتووری، ژینگەیی، سیاسی، مەدەنی، وەرزشی و دەیان بواری دیکەدا، کوردبوون دەکەن بە ڕەمز و باجەکەیشیان داوە و دەیدەن، لەناو ئەم تەنیایی و غوربەتەی ڕۆژهەڵاتدا هەر حکوومەتی هەرێم و پارتی پشتگیر و پشتیوانی ڕٶژهەڵاتن. 

نموونەیەکی زەق و درەوشاوە کە لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا ڕووی دا، ئەم چیرۆکەیە: لە یەک ساڵی ڕابردوودا کوڕێکی کورد (لە بنەڕەتدا لەک)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خەڵکی شاری هەرسینی کرماشانە لە ڕٶژهەڵاتی کوردستان، بۆ جاری دووەم بوو بە پاڵەوانی یەکەم لە "وەرزشی جوجیستسۆ" لە ئاستی هەموو ئەورووپادا. 
فەرشاد گردەکان ئەم وەرزشکارە کوردپەروەرە نیشتمانییە، جاری یەکەم خەڵاتەکەی پێشکەش بە هەموو کوردستان لە هەر چوارپارچە کرد و جاری دووەمیش پێشکەشی شەهیدان و خەڵکی سێ شاری کەرکووک، ورمێ و عەفرینی كرد. لە هەردوو ڕێورەسمەکەیشدا ئاڵای کوردستانی لەسەر ستەیجی پاڵەوانی یەکەم بەرز کردەوە. 

فەرشاد بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر ئەو پێگەیەی بەدەست هێناوە و لێرەولەوێش پشتیوانی دارایی یان وەک باوە لە وەرزشدا سپۆنسەر کراوە، بەڵام بەو شێوەیە نەبووە نیگەرانییەکانی بڕەوێتەوە، بۆیە لەم ماوەیەدا لە سەر هەژماری خۆی لە ئینستاگرام، چەندان جار داوای کرد سپۆنسەر بکرێت، بەڵام هیوایەکی وای نەبوو، تا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئەوەی دركاند كە بڕیارە 15 ڕۆژی تر لە ئەبووزەبی بەشداریی لە کێبەڕکێی جیهانیدا بكات، هەر بەدوای سپۆنسەردا دەگەڕا، هەموومان نیگەران و خەمبار بووین کە ئایا پشتگیری بۆ پەیدا دەبێت یان نا؟ 

بەڵام، ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە پەیجەکەی ڕای گەیاند کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هاتووەتە سەر خەت و پشتیوانیی خۆی ڕاگەیاندووە، ئەم هەواڵە دنیایەک دڵخۆشی و شادی بۆ کوردانی ڕٶژهەڵات دروست کرد، بابەتەکە تەنیا پشتیوانی یەک کەس بەناوی "فەرشاد" نییە، بەڵکوو لە ئاڵا و شوناسی کوردستانە بە گشتی و لە پارچەیەکە بەناوی ڕۆژهەڵات کە بە هەموو شێوەیەک ڕەمزەکانی کوردستانی گەورە لە هەموو دۆخێکدا پەرە پێ دەدات و لە خەونە گەورەکە وازی نەهێناوە. 

لێرەوە بە پێویستی دەزانم لەلایەن کوردانی ڕۆژهەڵاتەوە سوپاس و پیزانینی خۆمان بۆ سەرۆکی حكوومەتی تاقانەی كورد مەسروور بارزانی دەرببڕین و هیوای بۆ بخوازین هەمیشە سەربەرز و ڕووسوور بێت لە ئەرک و پاراستنی کورد و کوردستاندا.