پەیامەكانی خەڵك لە هەڵبژاردندا

PM:01:29:13/11/2025 ‌
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئاستێكی باشی تەكنیكیدا بەڕێوە چوو، ئەوانەی گەیشتن بە ئامانجەكانیان پیرۆزیان بێت، هیوادارم لە ئاست متمانەی خەڵكدا بن و خۆیان ون نەكەن، حزبەكانیشیان بە چڕی پەرە بەو كارانە بدەن كە خەڵك بە بایەخەوە وەریگرت. ئەمە بۆ پارتی زۆر بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە كە لە ڕێگەی پڕۆژەكانی حكوومەتەوە، ڕای گشتیی كۆنترۆڵ كرد و ئەنجامەكەیشی چنییەوە. بەڵام لە پشت ئەم دیمەنە جوانانەی هەڵبژاردنەوە، شتی تر هەن كە پێویستە قسەیان لەسەر بكرێ، بۆیە هەوڵ دەدەم شار شار بۆچوونی خۆم بخەمە ڕوو.

خەڵكی كەركووك
بەداخەوە ئەنجامی هەڵبژاردن لە كەركووك ترسناكە بۆ كورد و ئەمە بابەتی لێكۆڵینەوەیە لە هەموو روویەكەوە، چونكە دۆزی كورد لەو شارە هی نەتەوەیەكە و ناكرێ هەروا سەرپێی تێپەڕێت. خەڵكی كەركووك بەتایبەت كوردەكەی، زۆرینە نەچوونە دەنگدان، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ كە نیگەرانن لە لایەنەكان و ئیدارەی شارەكە و خواستی خۆیان لەوەدا نابیننەوە كە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، هەتا ئەگەر ململانێكارەكان عەرەب و توركمانیش بن، بۆیە ئەمە توێژینەوەی وردی دەوێت و كاركردنی فراوان و كوردانەیشی پێویستە نەك حزبی.

خەڵكی سلێمانی
خەڵكی سلێمانی كە خاوەنداری زۆرترین دەنگی پووچەڵ دەكەن، كەمتریش لە شارەكانی تر بەشداریی هەڵبژاردنیان كرد، هاوكات ئاستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دابەزاند بۆ كەمتر لە نیوەی كورسییەكان، بە ڕوونی پەیامی خۆیان دا كە ئەو شارە ژیانی چەكدارانە و كوشتوبڕی قبووڵ نییە، لە حزبی سەرەكی ڕازی نین و بەو شێوە مەدەنییەی پێیان دەكرێ، توانیان ڕەتی بكەنەوە.

خەڵكی سلێمانی بۆ پارتیش پەیامی هەبوو، لەگەڵ ئەوەی لە شەقام و میدیاكاندا بە ڕوونی نیگەرانی خۆیان لە یەكێتی دەردەبڕی، هاوكات سەرسامیش بوون بە ئاستی خزمەتگوزاریی لە هەولێر و دهۆك، بەڵام داودەزگای پارتی لەو شارە، نەیتوانی پێوەندی لەگەڵ خەڵك دروست بكات و هەر لە ئاستی دەنگی مووچەخۆرەكانیدا مایەوە.

خەڵكی هەولێر
هەولێرییەكان زۆر بە هێمنی پەیامی خۆیان بە پارتی دا كە پێزانینیان هەیە بۆ گەشەكردنی شارەكە، چێژ لەو خزمەتانە دەبینن كە مانگانە گۆڕانكاریی دەخاتە ژیان و ئاوەدانی شارەكەوە، من دڵنیام دەنگەكانی پارتی هی ئەندامەكانی ئەو حزبە نین، بەڵكو دەنگدەری بێلایەن و لایەنەكانی تریشی زۆر تێدایە، ئەمە بە گەشەكردنێكی گرنگیش دەبینم كە خەڵكی كوردستان بەرەو ئەو شوێنە دەچێت كە سەیری بەرنامە و خزمەت دەكات، دەیان هەزار كەس لە كاتی هەڵبژاردندا بڕیار دەدەن كێ شایانی دەنگەكانیانە، بۆیە گرنگە پارتی بتوانێ لەو ئاستەدا بمێنێتەوە و پەرە بەو ڕێبازی خزمەت و پڕۆژەی گرنگ بدات.

خەڵكی دهۆك
خاڵی سەرنجڕاكێشی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی كوردستان، پووكانەوەی یەكێتی نیشتمانییە لە پارێزگای دهۆك، ئەمە لە خۆوە نەهات، بەڵكو لە هۆشیاریی دەنگدەرانی ئەو شارەوە سەرچاوەی گرت بە بەرپرس و كادرانی یەكێتی خۆیشیەوە، چونكە هەر كە بینیان حزبەكەیان پشتی لە كاندیدە كوردەكان كردووە و بە فەرمی داوای دەنگدان بە كاندیدی دوژمنی كورد رەیان كلدانی دەكات، بە لێشاو كشانەوە و حزبەكەیان سزا دا، ئەم پەیامە گرنگترە لە هەر شتێك كە لەو هەڵبژاردنەدا ڕووی دا، چونكە دەریخست ئاستی پێگەیشتوویی خەڵك چووەتە شوێنێكی تر و تەنانەت یەك نامەی مۆبایل، ڕای گشتیی دروست دەكات.

خەڵكی نەینەوا
خەڵكی نەینەوا و پێكهاتەكانی ناوچەكە، زۆر بە جوانی كوردبوون و هەستی پێكەوەبەستنیان بە كوردستانەوە دووپات كردەوە و شایانی خزمەتی زیاتر و دەرفەتپێدانن، ئاخر ئاسان نییە لەناو ستەمی میلیشیا و جۆرەها رەفتاری وەحشییانەدا گرووپە چەكدارەكاندا، هێشتا كورد سەرووی 200 هەزار دەنگی هێنا، ئەمە پەیامێكی گرنگ بوو بۆ عێراق و میلیشیاكان كە خەڵكی نەینەوا ژیانی مەدەنی و ئاوەدانی دەوێ، نەك ستەم و چەك.

كوردستان چیی گوت؟
خەڵكی كوردستان لە گرێبەستێكی ڕانەگەیەنراودا بە نەیارانی كوردیان گوت، ئێمە دەست لە دۆزە نەتەوەییەكەمان بەرنادەین، هیچ گوشارێك وامان لێ ناكات دەنگ بەو لایەنانە بدەین كە دژی كوردستان و  لایەنگری بەغدان، بەشێكی دەنگی پارتی هی خەڵكە نەتەوەییەكەیە كە شایانی ئیدارەدان و تێركردنە بە هەڵوێستی ڕوونتر.

خۆی ئەم هەڵبژاردنە بۆ كورد گرنگییەكەی لەوەدا بوو كە عێراق سێ ساڵە دەستی خستووەتە بینەقاقای كوردستان، بۆ ئەوەی بیخەن و ئیتر كورد هیوایەكی نەمێنێ، بەڵام خەڵك زۆر بە توندی دژی ئەو ستەمە وەستایەوە و پارتیی كردە حزبی یەكەمی وڵاتەكە، بەو پێیە پارتی تاكە لایەنە دژی ئەو ستەمكارییانەی بەغدا بوو، هەرچەندە لە زۆر وێستگەیدا لایەنەكانی تری ناوخۆی كوردستانیش، هاوئاواز لەگەڵ بەغدا دەكەوتنە گوشار لەسەر حكوومەتی هەرێم.

هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتی ئەوەی هەیە جوانتر بێت، ئەگەر بەڕاستی مۆبایل و چالاكی دەرەوەی بنكەكانی دەنگدان قەدەغە بكرێت، كۆمسیۆن بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەو ڕووەوە بدات، چونكە هیچ گومانی تێدا نییە و بینیمان خەڵك دەنگی فرۆشت و خەڵك قورئان و تەڵاقی پێ خورا بۆ ئەوەی دەنگ بدات. من بەشێكی زۆریش لە دەنگی پووچەڵ بە هۆكاری ئەو گوشارانە دەبینم، چونكە تۆ هەرچەند چەكدار و ئەندامی لایەنێكیش بیت و بتەوێ دەنگی پێ بدەی، ئەگەر لایەنەكە بتخاتە ژێر گومان و زۆر دووپاتت لێ بكاتەوە، یەكسەر كاردانەوەت دەبێت و دەنگەكە دەسووتێنی.