یەك ملیۆن دەنگ و یەك ملیۆن چاوەڕوانی

PM:12:14:14/11/2025 ‌
لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا پارتی دیموكراتی كوردستان كارێكی نایابی كرد، بووە یەكەم حزب لە مێژووی عێراقدا كە بە تەنیا دەنگەكانی لە ملیۆنێك تێپەڕێت. ئەمە سەركەوتن نییە بە سادەیی، بەڵكو پەیمانێكە لەگەڵ خەڵك.

نهێنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا كە هەمووان لەسەری كۆك بوون، بریتی بوو لە كار بكە، قسە مەكە.

لە كاتی بانگەشەدا بینیمان كاتێك هەندێك حزب لە ئاهەنگەكانیاندا قسەیان دەكرد، پارتی لەسەر زەوی كاری مەیدانی و خزمەتگوزاریی پێشكەش دەكرد و كوردستانی ئاوەدان دەكردەوە. مەسروور بارزانی شۆڕشێكی بێدەنگی بەرپا كرد و ئاستی ململانێی گەیاندە شوێنێكی ئەوەندە بەرز، لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا زیاتر ڕەنگ بداتەوە و خەڵك چیتر دەمارگیریی حزبی وەلا دەنێت و دەنگ بە پڕۆژە دەدا.

شۆڕشی ئاوەدانكردنەوە
لە هەولێر نەك كورد، دنیای سەرسام كرد، ئاو كە ساڵەهایە  بووبووە خەون، ئێستە لە هەموو ماڵێكدایە و 24 سەعات بەردەستە. كارەبا لە هەر ساتێكدا دەبڕا و موەلیدە هەناسەدانی وێران دەكرد، ئێستە ڕووناكی جێی گرتەوە و ئەمە بەهەر كەس بڵێی بە خۆشمانەوە، هێشتا زۆر باوەڕ ناكەین، چۆن لە ژێر ئەو هەموو گەمارۆ و دژایەتییەدا، كارەبا بوو بە 24 سەعات؟ 

ژیانی خەڵك ئێستە چووەتە ئاستێكی بەرز لە چاو ژیانی خەڵكی وڵاتانی دراوسێ، كارگە نوێیەكان كاریان دەست پێ كردووە و بەرهەمی ناوخۆ ڕۆژانە زیاد دەكات.

دەشتێك لە نیمچە بیابانەوە، دەكرێت بە جوانترین تابلۆی ژیان و حەوت ملیۆن داری لێ دەچێنرێت، ئەم دارانە نەك تەنیا هەوا پاك دەكەنەوە، بەڵكو هیوا دەڕوێنن و متمانە دەدەنەوە مرۆڤی كوردستان.

بەرهەمی كوردستان لە دنیادا بازاڕی بۆ دۆزرایەوە، ئێستە پەتاتە و دۆشاوی تەماتە و هەنار و هەنگوین و چەندان بەرهەمی تری كوردستان، لەسەر خوانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەمەریكادان. ئەمە شانازییە.

ئەو ڕێگەوبانە نوێیانەی كراون لە ئاستی ستانداردی جیهانین، ئەم دەستكەوتانە بۆ هەموو كەسن و  مرۆڤ شانازییان پێوە دەكات، بۆیە ئێستە كاتی ڕاستییەكانە: ئەو یەك ملیۆن دەنگە، واتە یەك ملیۆن خێزان چاوەڕێن. یەك ملیۆن خەون بە خەیاڵدا دەسووڕێتەوە بۆ كاری باشتر و گەشەی زیاتر، كورد ئاشقی ژیان و پێشكەوتنە.

یەك ملیۆن "تكایە ئێمە فەرامۆش مەكەن"، گەنجان بەتایبەتی ئەوانەی دەڵێن دەنگمان بە ئاوەدانی دا و لە پشتانین، ئێوەیش بەردەوام بن و كوردستانمان بۆ پێش بخەن، كار و دەرفەتی زیاترمان بۆ بڕەخسێنن، كەواتە پارتی لە بەردەم دوو ڕێگەدایە، یەكەم: زۆرمان كرد، ئیتر بەسە. دووەم: ئەمە سەرەتایە، چاوەڕێی زیاتر بن. پارتی دەزانێت تەنیا ڕێگەی دووەمی لە پێشدایە، چونكە ئەم دەنگانە ئەمانەت بوون، نەك خەڵات و داهاتوو جێگیریان دەكات.

ئەم متمانەیە شتێكە نابێت بە كەم سەیر بكرێ. هەر هەنگاوێك، هەر بڕیارێك، هەر پڕۆژەیەك، یەك ملیۆن چاو سەیری دەكەن، كەواتە داهاتوو لە بەردەم هەموو لایەكدایە و خەڵك لە بڕیاردان سەیری بەرنامە دەكەن.