هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو بوو، هاوسەنگیی هێز و سندوقەکانی دەنگدان واقیعی هێز و توانای لایەنەکانی دەرخست. ئەنجامەکان پێمان دەڵێن، دروشمەكان تەنیا بابەتێکی نمایشیی سەر ستەیجن و ئەوەی هەڵگریی دنیابینی ڕاستەقینە و ئاسۆیەک بێت بۆ دواڕۆژ، لە مێژوودا جێگەی پارێزراوە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە سەرانسەری بوو بۆ کۆی عێراق، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ کوردستان هاوکێشەیەکی جیاواز بوو، دەتوانین بڵێین بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ کوردستان دوو هەڵبژاردن بوو، لە یەکەمیاندا سەنگ و قورسایی هێزەکانی بەدەر لە هەڕوگیف و نمایشی قۆناغی بانگەشە دیاری کرد و سندوقەکان پێیان وتین، هێز لە سۆنگەی ڕای جەماوەرەوە چۆنە. لە دووەمیشیاندا سەرباری ئەوەی یاسای هەڵبژاردن (بە دڵنیاییەوە بۆ کورد ستەمێکی گەورەیە)، کورد 60 کورسیی بەردەکەوێت، بەڵام سەنگ و قورسایی هێزی کورد و کوردستانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
ئەم دوو شێوە دەرکەوتنەی هەڵبژاردن بۆ کورد و کوردستان، وەنەبێت لە واقیعی سیستمی فیدراڵییەوە هەڵقوڵا بێت و عێراق ملکەچی یاسایەک بێت کە خۆی بە زۆرینەی دەنگ و لە کاتی خۆیدا پەسندی کردووە، بەڵکوو هەڵقوڵاوی ئەو ڕۆحییەتەی دیموکراسیخوازی و پێکەوەژیانی کوردە هەم لە ناوخۆ و هەمیش لە دەرەوەی هەرێم. ئەو کێشە و ئالنگاریانەیش کە تا ئێستە هاتوونەتە پێش، ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە لە نێوان خواستی کورد بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و فیدراڵیدا (کە لێك دانەبڕاون) و حەزی عێراق بۆ پاوانخوازی و تۆتالیتاریزم، مەودایەکی زۆر هەیە.
لە حاڵەتی یەکەمدا سەرباری هەموو ئاڵۆزییەکان و هەندێ هەڵوێستی گرژ (بە ڕای من سیستمی بانگەشەی سەرۆکی یەکێتی هاندەر و هەڵخڕێنەری وەها یاریی و هەڵوێستنواندنێک بوو)، دەتوانین بڵێین ئەزموونی دیموکراسیی لە کوردستان هێشتا زیندووە و دژبەر و ڕکابەر و کێبەڕکێکار و... هەر هەموو لەوپەڕی زمانی ڕەخنەی رادیکاڵ و بگرە توندوتیژیشدا، خواست و هەڵوێستی خۆیانیان پێشان دا و دژی حکوومەت و سەرۆک وەزیران و ئەملاولا قسەیان کرد، بەڵام کولتووری سیاسیی گشتیی کوردستان و ئەتەکێتی حوکمڕانی، سەلماندی هێشتا دەتوانن هەڵگری شاچەمکی دیموکراسی بن، ئەمەیش بەو مانایە نییە ئێمە کێشەکانمان تێپەڕاندووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بەو مانایەیە کە تازە کێشەکان دەستی پێ کردووە.
دیموکراسی بەدەر لەوەی ڕەچەڵەکی وشەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ "حوکمڕانی خەڵک"، واتە بەردەوامی قەیران، بەردەوامی چاودێریی خەڵک و ئۆپۆزسیۆن لەسەر هێز و لایەن یان لایەنە حوکمڕانەکان و بەشداری دەسەڵات و حوکمڕانی، ئەم سیستمە بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت بڵێم، لە ناوچەکەدا بێ وێنە بووە، لە تورکیایەکدا کە بەداخەوە وەک وڵاتێکی دیموکرات لەلایەن ڕۆژئاوا و بەشێک لە ڕٶژهەڵاتەوە ددانی پێدا نراوە (ئەگەرچی سەرۆک کۆمارەکەی سەربە ڕەوتێکی دیاریکراوی ئیسلامی سیاسییە)، یەک لێدوانی سەیر و دژ، دەبێتە هۆی ئەوەی کاندیدێک یان شارەدارێک ڕاپێچی دادگای سەربازی بکرێت و بە هەفتەیەک بڕیاری چەندان ساڵ گرتنی بۆ دەردەکرێت!
ئەم بەراوردە ڕەهەندی زۆرە و من لێرە مەبەستم ئەو ڕەهەندەی ئازادی بانگەشە و دەربڕینە کە سەرەڕای هەموو گرژییەکان (لە سەرەوە هۆکارەکەیم باس كرد)، پێشانی دا كە کوردستان بە هەموو قەیرانەکان و سەپاندنی دۆخی زۆنبازیی بەسەریدا، هێشتا لەناو کەشێکی دیموکراسیدا دەژی و دەکرێت ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵچنین، بەڵام وەک لە سەرەوە وتم، بە چاودێری و نیگەرانی و ڕەخنەگرتنی زیاتر و لۆجیکانەتر و دەربەستانەتر.
لە حاڵەتی دووەمی هاوکێشەکەدا، واتە ئەو جەمسەرەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئاراستەکەی بەغدایە، ئەوەی مسۆگەرکەری مافەکانی کوردە یەکگرتوویی و یەکڕیزییە، ئێمە لە ناوخۆ ناکۆکیمان زۆرە، بەڵام بەشی زۆری زیان و گوشارەكانی لە بەغداوە هاتوون، ئێستە پارتی دیموکراتی کوردستان بەو تێپەڕاندنە مێژووییەی یەک ملیۆن دەنگ، پێگەیەکی تری لە هێز و هەژموون هەیە و دەبێت لەسەر ئەمە هوشیارتر و مکوڕتر بێت، هەم لە هەرێم و هەم لە بەغدا.
کاتێک خشتەی ڕێژەی دەنگدان دەبینی حەشری ڕەنگی زەرد بە هەموو ڕەنگەکانی دیکە دەبینین، ئەمە سەرباری تۆمارکردنی مێژوو، بەرپرسیارێتی مێژوویی پارتیش بەرزتر دەکاتەوە، بۆیە ڕەوایە گەر ڕای گشتیی ئەو چاوەڕوانییەی لە پارتی وەک هێزێكی مێژوویی و هەڵگریی ئاڵای دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و خاوەنی پێگەی جەماوەریی زۆر لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، هەبێت کە لە هەرێم بە لێبووردەییەوە لەگەڵ ئەو رەنگانەی دیکە بجووڵێتەوە و لە بەغداش بەهێزی زیاترە و لەگەڵ هێزە کوردییەکانی دیکە خاوەندارێتیی مافەکانی کوردستان و دۆزی کورد بە گشتی بکەن.
دیارە ئەمە نە پێشنیارە و نە ئامۆژگاریی، بەڵکوو بیرخستنەوەی ئەو چاوەڕوانییەیە کە مێژوو لە پارتی وەک ئەو هێزە مێژووكرد و مێژووگۆڕە هەیەتی. هیوادارم ئەم دەسکەوتانەی هەڵبژاردن لەم خولەدا جیاوازتر لە خولەکانی دیکە بخوێنرێتەوە و ببێت بە میکانیزمێکی نوێ بۆ کاریگەریی زیاتری کورد لە بەغدا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان.