سەرۆکی حکوومەت بە دروشم راناگیرێت

AM:11:24:17/11/2025 ‌
بێگومان هەڵبژاردن پرۆسەیەکی چەند لایەنەیە و هاوکاتیش ئیرادەیەکی گشتگیری جەماوەرە بۆ متمانەبەخشین بە شایستەترین هێز و بەهێزترین لایەن، تا گوزارشت لە خواست و داوا و مافەکانیان بکات. هەندێ جار لەناو گەردوتۆزی بانگەشەی هەڵبژاردندا وا تێماندەگەیەنن كە هەڵبژاردن ململانێی قسەی زل و دروشم و هاتوهاوارە، بەداخەوە یەکێک لەو خڵەفاندنە گشتییەی ئەم ساڵانە ئەوەبوو هەندێک لایەنی بەتاڵ لە ئیرادەی کرداری ئەمەیان کرد و هەر ئەمەیشیان پێ دەکرا، بەڵام دژوازییەکی مەزن و مانادارە هەر قسەت پێ بکرێت و بتەوێت بە قسە لەگەڵ هێزێکی ڕاستەقینە و ئیرادەیەکی كردەیی-مێژووییدا بچیتە ڕکابەرییەوە و چاوەڕوانی سەرکەوتنت هەبێت.

لە كۆنەوە کورد گوتوویەتی قسەی ڕووت هیچی تێ ناچێت. ئەم یارییە ناتەندروستە کە ململانێی سیاسیی و ڕکابەری لە پلان و بەرنامەی حوکمڕانی بگوازێتەوە بۆ سەما و نواندنی سەر سەکۆ، بەداخەوە بەشێک لەو باجەیە کە دەبێت بۆ دیموکراسی و ئازادی بدرێت. ئەمە سروشتی دیموکراسییە کە تاوانبار بە ڕادەی بێتاوان دەبێت لە دادگا لەلایەن پارێزەرەوە بەرگریی لێ بکرێت، بە مانایەكی تر، دیموکراسیی بەرگریکردنە لە ئازادی و بەها ئازادەکان، ئیتر ئەم ئازادییە مافی کرێکار و خاوەنکاریشە، مافی هاووڵاتییەکی ئاساییە و سەرۆکی وڵاتێکیش! مەرج نییە ئاستی پراکتیزەبوونی دیموکراسی ئایدیال بێت، بەڵکوو هەر وڵاتە و بەپێی ڕێژەی کولتووری و سیاسی و مێژووەکەی چاوەڕوانیی لی دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە زیندووهێشتنەوەی خەونی ئازادیی زیاتر و دیموکراسیی باشتر و تەواوتر، ئەرکی هەر ئیرادە و خواستێکی دیموکراسیانەیە. 

ئەم باسە بۆیە ڕەوایە، چونکە ئێمە لە کوردستان ئیسلامی سیاسییمان لە قەوارەی دوو حزبدا هەیە و هەردوو حزبەکە بەبێ ئەوەی جێدەستێکیان لەسەر یەک کۆڵان یان شەقام و بە گشتی پانتایی گشتیدا دیار بێت، لەسەر حکوومەت هەموو جۆرە لێدوانێکی نابەجێ و نابەرپرسانە دەدەن، قەینا تا ئێرە، بەڵام با ئەوەندە ویژدانیان هەبێت و پێزان بن، ئەگەر حکوومەت ڕەچاوی کەرامەتی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و بە گشتی کوردبوونیان نەکات، بێگومان ئەوان ناتوانن ئازادانە و ئاوا بێباکانە و نادەربەستانە بێنە گۆ. ئیتر گەمەی ئایدۆلۆجیا و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئاوا بووە و ئێمە وەها شانۆگەلێکی پڕ گرێوگۆڵی تێدا دەبینین. 

پووچەڵکردنەوەی یاریی و شانۆیەکی وەها کە قسەکردن دەکات بە ئەسڵ و دەیەوێت کردار کاڵ و کەمڕۆڵ بکاتەوە، لە دڵی ئەم ئازادییە ناچارییەوە دێت و باشترین ڕێگایش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، پشوودرێژیی لایەنی دەسەڵاتدار و هاوکات بەرگریکردنی بەڵگەمەند لە کارنامەی خۆیەتی و لە راستیشدا هەر ئەمە بووە تا ئێستە هێزێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پێگەی سیاسی و جەماوەریی خۆیدا هێشتووەتەوە. 

کەس ناتوانێت نکوڵی لەو ڕاستییە بکات کە مێژووی پارتی و کاریزمای سەرۆک بارزانی، هێندە كاریگەرن کە پیویستی بەوە نەبێت مونافەسە لە ئاستی بچووکدا بکات، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا قوتابخانەی پارتی و بیرکردنەوەی ڕێبازی بارزانی کە بە دڵنیاییەوە تا ئێستە کوردستانیبوون و مافخوازبوونی خۆی بۆ گەلی کوردستان سەلماندووە، دەیان و سەتان کادری پەروەردە کردووە کە دەزانن چۆن و لە کام دەلاقەوە بڕواننە سیاسەت و کۆمەڵگە، هەروەک لە دیدارێكدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئێمە واتە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم، جیا لەوەی ئامۆزا و هاوڕێین، خزمەتکاری گەلی کوردستانین. ناوەرۆكی ئەم ڕێبازە ڕوون دەبێتەوە. 

سەرۆک وەزیران یەکێک لەو کۆڵەکانەی ئیرادەی ئەم ڕێبازەیە و لە ماوەی حوکمڕانیی خۆیدا و بە دنیایەک گوشار و یاریی ناپاکی ناوخۆیی و پلانی دەرەکییەوە، کۆڵی نەدا و بەسەر هەموو کێشە و قەیرانەکاندا زاڵ بوو، بەپێچەوانەوە دەیان پرۆژەی گرنگی ستراتیجی پێشکەشی پارێزگاکانی کوردستان و شارە جیاوازەکان کرد کە یارونەیار بە ستایشەوە ددانیان پێدا نا و بەرز دەینرخێنن.
ئەمە دەرخەری ئەو وتەیەی سەرۆک وەزیرانە کە گوتی، هەزار قسە یەک کردار ناهێنیت. و لە راستیشدا هەر ئەمەی پێڕەو کرد و ئەنجامەکەیشی هەم وەک پێگە و خۆشەویستیی زیاتر لەناو جەماوەرەوە وەرگرت و هەمیش وەک ئەو متمانە ملیۆنییەی درایەوە بە پارتی. 

هەموو ئەمانە، پەیامن بۆ ئێمە و جەماوەری کوردستان کە کرداری دروست لە هەلومەرجی سەخت و تەنانەت بە ناپاکیشی بەرانبەر بكرێ، دەرئەنجامی شیاو و باڵای خۆی لە دواجاردا هەر دەبێت و قسەی ڕووت و سەر شاشەکانیش لە دواجاردا دەبن بە نوکتە و تەنز و تەڵاقەکانی بارام بەگ! 

بە هەموو ئەمانەوە، مرۆڤ هەست دەکات غەدرێکی گەورە لە هەندێک لایەنی چەواشەکار و بێ دەستوپلەوە لە سەرۆک وەزیران کراوە، ئەویش بە هەوڵدانی زۆر و زەوەند بۆ کاڵکردنەوەی پرۆژە مەزن و مێژووییەکانی، پرۆژەیەکی وەکوو ئاوی هەولێر کە لە دنیادا دەنگدانەوەی میدیایی هەبوو، بەنداوەكان كە 10 ساڵی تر تێیدەگەن، بووژانەوەی كشتوكاڵ كە رۆحی خۆبژێوییە، كێڵگە گەورەكانی گاوداری و بەرهەمی خۆماڵی، ڕێگەوبانە ئۆتۆبانەكان، پاركی زانست و پشتێنەی سەوزایی كە دنیای سەرسام كردووە، خەڵک خۆی ڕۆژانە دەیانبینێت، كارەبا لە خەویشدا نەدەهات بە بیرماندا كە ببێ بە 24 سەعاتی، كەچی بە ڕاستی بوو، ئیتر چۆن دەتوانن بڵێن كار نەكراوە؟ 
خۆشبەختانە مانگ نەک تەنیا لە پشت هەورەکانەوە نامێنێتەوە، بەڵکوو دێتە دەر و دەبێت بە چواردە و دەدرەوشێتەوە.