له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ئابووری و ته‌كنه‌لۆجیا، كۆمه‌ڵگه‌كان به‌گشتی زیاتر به‌ڕووی یه‌كتردا كراونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر له كۆندا بازرگانی و دیپلۆماسیی هۆكاری سه‌ره‌كیی پێوه‌ندیی نێوان وڵاتان بوون و زیاتر چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان لێی سوودمه‌ند ده‌بوون، ئه‌وا له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌شتوگوزار و تێكه‌ڵاوبوونی نه‌ته‌وه‌كان بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ئاسایی. ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی گه‌نجان، وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو له هه‌نده‌ران بكه‌ن.
چه‌ند هۆكارێك له پشت ئه‌م كۆچكردنه‌وه هه‌ن، وه‌ك: ناسه‌قامگیریی ئابووری و سیاسی، بێكاری، كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گه‌ڕان به‌دوای ژیانێكی باشتر و هه‌لی خوێندن. بێگومان ژینگه نوێیه‌كه كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ بۆ كۆچبه‌ران دروست ده‌كات، ناچاریان ده‌كات بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری ڕۆژانه‌یان، زمانی دووه‌م (زمانی وڵاتی خانه‌خوێ) زیاتر به‌كار بهێنن.
به تێپه‌ڕبوونی كات، منداڵانی كۆچبه‌ران زیاتر تووشی داخورانی زمانی دایك ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌كارنه‌هێنانی به‌رده‌وامی زمانه‌كه و هه‌ندێك جاریش به‌هۆی هاوسه‌رگیریكردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی جیاواز. ورده ورده وشه و ده‌سته‌واژه ڕه‌سه‌نه‌كان له بیر ده‌چنه‌وه و نه‌وه له دوای نه‌وه، زمانی دایك ده‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسییه‌وه. ئه‌گه‌ر ڕێگریی له‌م دیارده‌یه نه‌كرێت، ئه‌گه‌ری له‌ناوچوونی زمانه‌كه كاره‌ساتێكی چاوه‌ڕوانكراو ده‌بێت.
ئه‌م پرسه ته‌نیا تایبه‌ت نییه به كورد، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی جیهانییه و به‌شێكی زۆری زمانه‌كانی دنیا ڕووبه‌ڕووی هه‌مان مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه. زمانی كوردیش هه‌رچه‌نده یه‌كێكه له زمانه ده‌وڵه‌مه‌ند و دێرینه‌كان، به‌ڵام چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له هه‌ردوو ئاستی نووسین و قسه‌كردندا ڕووبه‌ڕووی داخوران بووه‌ته‌وه.
یه‌كێك له هۆكاره ناوخۆییه‌كان، سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده‌یی و گرنگیدانی زیاد له پێویست به زمانی بیانییه. هه‌ندێك خێزان و ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌یی (به‌تایبه‌ت ناحكوومییه‌كان)، منداڵ له ته‌مه‌نێكی زۆر بچووكه‌وه ده‌خه‌نه به‌ر خوێندنی زمانی بیانی، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوی شاره‌زای زمانی دایكی خۆیان ببن.
ئه‌م كاره وایكردووه كه خۆشه‌ویستیی منداڵان بۆ زمان و نیشتمانه‌كه‌یان كه‌م ببێته‌وه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه توێژینه‌وه زانستییه‌كان سه‌لماندوویانه، باشترین ته‌مه‌ن بۆ فێربوونی زمانی دووه‌م، ته‌مه‌نی (٩-١٠) ساڵییه، واته دوای ئه‌وه‌ی منداڵ به‌ته‌واوی له زمانی دایكی‌دا قاڵ ده‌بێته‌وه. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته په‌روه‌رده‌ییه ناته‌ندروسته، به‌ڕوونی ده‌بینرێت، ئێسته له ناو منداڵاندا توانای ده‌ربڕینیان به زمانی كوردی لاوازه. بێگومان خێزانه‌كانیش، به‌تایبه‌تی دایكان، پشكی شێریان له‌م به‌رپرسیارێتییه‌دا به‌رده‌كه‌وێت.
پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ر:
بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داخورانی زمانی دایك، پێویسته كار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه بكرێت:
١. چاكسازی له سیستمی په‌روه‌رده: پێداچوونه‌وه به پرۆگرام و شێوازی وانه‌گوتنه‌وه و ڕه‌چاوكردنی ته‌مه‌نی گونجاوی منداڵ بۆ فێربوونی زمانه‌كان.
٢. پێڕه‌وكردنی پرۆگرامی نیشتمانی: گرنگیدان به وانه‌ی نیشتمانی و مێژوو و ئه‌ده‌بی كوردی له هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندندا.
٣. په‌ره‌پێدانی زمانی ستانداردی نه‌ته‌وه‌یی: كاركردن بۆ زمانێكی ستانداردی یه‌كگرتوو كه له سامان و وشه‌ی هه‌موو زاراوه‌كان (سۆرانی، كورمانجی، هه‌ورامی، كه‌ڵهوڕی، زازاكی و...) سوود وه‌ربگرێت و له ناوه‌نده فه‌رمی و په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا به‌كار بهێنرێت.
٤. ڕۆڵی خێزان: پێویسته گفتوگۆی ناو ماڵ، به‌تایبه‌ت له خێزانه كۆچبه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به زمانی كوردی بێت بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان له زمانه‌كه‌یان دانه‌بڕێن.
٥. ڕێكخستنی چالاكیی كولتووری: ئه‌نجامدانی كۆڕ، كۆبوونه‌وه و چالاكیی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری به‌رده‌وام بۆ كوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
٦. بووژاندنه‌وه‌ی ژیانی ئه‌ده‌بی: ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ڕۆشنبیری ده‌توانن مانگانه كۆڕی ئه‌ده‌بی و شیعری كوردی ساز بكه‌ن بۆ هاندانی خوێندكاران.
٧. پته‌وكردنی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان: هاندانی تێكه‌ڵاوی و پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری له نێوان ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستاندا، بۆ دروستكردنی نه‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و نیشتمانپه‌روه‌ر.
تێبینی:
وشه‌ی داخوران ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی كه زمان تێیدا به‌ره‌و لاوازی و پووكانه‌وه ده‌چێت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، قۆناغی دواتر له‌ناوچوونی ته‌واوه‌تییه.