کولتوور لە ڕوانگەی جیاواز و جۆراوجۆرە پێناسە کراوە، پانتاییەکی بەرفراوانە و شوناسی گەل و گرووپی جۆراوجۆر بە درێژایی زەمەن لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. ئەگەر یەکێک لە پێناسە سادەکانی کولتوور ئەوە بێت کە "کۆمەڵێک داونەریت و باوەڕ و بەها و...ی خەڵکانێکە لەناو مێژوو و جیۆگرافیایەکی دیاریکراودا"، ئەوا بێگومان دەتوانین لە پارادایمی سیاسی و هاوکێشەی پێوەندییە بەرفراوانەکانی جیهانی مەجازیدا، باس لە چەندان فاکتەر و پاڵنەر بکەین کە لەسەر کولتوور کاریگەریی ئەرێنی یا نەرێنی دادەنێن. گرینگترینی ئەو فاکتەرانە بێگومان دەسەڵاتی سیاسی دەبێت.
کەس لاریی لە دانوستانی کولتووری و کرانەوە نییە، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا کە دەستەواژەی"گوندی جیهانی" ئیتر تیۆری نییە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بووە بە واقیع، بۆیە دیالێکتیک و دانوستانی نێوان کولتوورەکان، بابەتێکی حەتمی و ڕێگەلێنەگیراوە، بمانەوێ و نەمانەوێ! خۆمان بۆ ئامادەکردبێت یان نائامادە و دەستەوەستان بین لە هەمبەریدا، كەواتە هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی پلانێکی گشتگیرمان هەبێت بۆ ئەم هاوکێشە نوێیە کە دەسەڵاتە سیاسییەکان و میدیا بەربڵاوەکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی کارا و سەرەکیی تێدا دەگێڕن.
وەزارەت یان دامەزراوە فەرمی و حکوومییەکان، لەخۆگری ئاوەڵناوەکانی وەک کولتوور، ڕۆشنبیری، چاند و... دەبن، دیارە بۆ ئەو مەبەستە دامەزراون، وەزارەتی ڕۆشنبیری لە کابینەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، یەکێک لە ئەرکەکانی بێگومان ئاگاداربوونە لەو جۆرە هاوکێشانە و بەشداریکردن لە ململانێ یان دانوستانێکی پڕململانێی نێوان کولتوورەکان كە مەرج نییە لە ئاستی دانوستانێکی ئاسایی و تەندروستیشدا بمێنێتەوە و زۆرجار بۆ کورد دەچێتەوە خانەی داگیرکارییەوە. واتە داگیرکاریی سیاسی و داگیرکەری سیاسی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرهەمهێنی کولتوورێکە کە مەبەستێتی خزمەتی ئەو ئامانجەی پی بکات.
کولتوور پانتایی جوانی و هونەر و جیاوازییەکانە، بۆیە بە عیشوە و ئەفسوونەوە دێتە ژوورەوە، کەس ناتوانێت نکوڵی لە بەرزیی و قووڵیی دنیای مەولانای ڕۆمی، حافزی شیرازی و ... بکات، بەڵام کاتێک ئەم کەسایەتییە سەمبولییانەی فارس لەناو کورددا لە چوارچێوەی حەزی ئێراندۆستیدا پەرەیەکی ناسروشتی دەستێنن و دەبن بە زەنگی مەترسی!
بۆ بەشێک لە کورد جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان حافزی شیرازی و یوزاریسیفی درامای یوسفی پێغەمبەری ئێرانیدا نییە! بەڵام چونکە سەرسامییەک بۆ ئێران لە ئارادایە، ئێمە ئەو دوو شتە سەیرە لە پاڵ یەکدا دەبینین!
بابەتەکە تەنیا ئێران نییە، کولتوور یەکێک لە قەڵا قایمەکانی مانەوە و بەرگریی کورد بووە لە هەموو مێژوودا، شۆڕشی شاخ لە سەدەی ڕابردوودا، بەبێ خەباتی کولتووری و کەڵکوەرگرتن لەو یادگە و خەیاڵدانە هاوبەشە، نەیدەتوانی بە ئاسانی بە ئاکام بگات. لەم ڕۆژانەدا لە فێستیڤاڵی یادکردنەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی شاری سلێمانی، مامۆستا ناسری ڕەزازی ئاماژەی بە خاڵێکی زۆر گرنگ کرد، ئەویش کاریگەرییەکی ترسناک و تۆقێنەری زمانی عەرەبی لەسەر زمانی کورد بوو، ئەو باسی لەوە کرد کە زۆربەی ڕستەکان بۆ بەشێک لە خەڵکی سلێمانی "کردار"(فعل)ی تێدا نییە و بووە بە یەک کردار کە عەرەبییە، بۆ نموونە دەڵێن، بازاڕ ئەکەم، دکتۆر ئەکەم و... واتە کردار لەم جۆرە ڕستانەدا سڕاونەتەوە و یەک کرداری عەرەبی خراوەتە جێی، ئەمە لێدانێکی زۆر ترسناکی کولتوورییە کە دەبێت فریای بکەوین.
بێگومان زمان دڵی کولتوورە، واتە ئەگەر بەراوردی بکەین بە توخمێکی وەک جلوبەرگ، بێگومان زمان ڕۆڵی ژیانەکی و سەرەکیی هەیە لە کولتووردا. زمان هەموو ڕووداوەکان، هێرشەکان، پلانەکان و پیلانەکان و... دەگوازێتەوە و پراکتیزەی دەکات. زمان لەو ڕوانگەیەوە تەنیا ئاخاوتن نییە، بەڵکوو سینەما و وێنە و ... دەگرێتەوە.
ئێستە لە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و هەورامان، هێندەی درامای فارسی بە دۆبلاژێکی زۆر سەقەت و زمانشێواوە پەرەی سەندووە، مرۆڤ نائومێد دەبێت! ئەم درامایانە زیاتر ناوەرۆکێکی ئاینی یان کۆمەڵایەتیی-تەنزیان هەیە و دەشێت ئاماژەیەک بێت بۆ کەمکاریی و کەمتەرخەمی خۆمان لە بەرهەمهێنانی درامای باش و جیاواز کە تاسووقی بینەر بشکێنێت و وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەکانیش دەبێت زیاتر لەسەر ئەم تەوەرە بوەستن، ئاخر بۆچی دۆبلاژی دراماگەلێکی ئاستنزم و بانگەشەکەری ئایدۆلۆجیی ئێرانی-شیعی دەدرێت بە کەسانێک کە نە زمانی فارسی دەزانن و نە زمانی کوردی؟ ئەمە چ دەستێکی لە پشتە؟
ئەمانە جێی هەڵوێستەن و لە سەرچاوەی لێڵەوە هەڵدەقوڵێن. ئاخر مانای نییە تەنانەت نوکتەی بێمانا و بێناوەرۆکی فارسی وەردەگێڕن بۆ سەر کوردی! نوکتەی قۆڕی بێ واتا! سکرینشۆتی فارسی و چاتی ماسنجەر و... وەردەگێڕن بۆ سەر کوردی و بڵاو دەکرێتەوە! بە هەمان زمانی سەقەت و زۆرجار بە ڕێنووسی عەرەبییەوە! هەر کەسێک تۆزێک چەشەی هونەریی هەبێت دەزانێت ئەو نوکتانەی هیچ لایەنێکی هونەری و گاڵتەئامێز و پێکەنیناوییان تێدا نییە و ئەمە قووڵایی کارەساتەکە و هەڕەشە کولتوورییەکە زیاتر پێشان دەدات.
ئەمە تەنیا پێوەست نییە بە سلێمانییەوە، بەڵکوو هەولێریش، (ئاگاداری دهۆک نیم و پێویستە لێکۆڵینەوەی بەربڵاو و هەڵوەستەی ڕژد لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، لەلایەن پسپۆڕ و کەسانی شارەزاوە)، بەڵام هەولێر ڕەنگە بەهۆی ئەو پێکهاتە دێرین و کوردانەیەوە کە تا ئێستە پاراستوویەتی، دۆخێكی وەهای زۆر پێوە دیار نەبێت، بەڵام بە مانای ئەوە نییە كە نەبێ. بێگومان هەژموونیی کولتووری تورکی و عەرەبی لەوێش کاریگەریی نەرێنیی خۆی هەیە و دەبێت ڕێگاچارە و نەخشەڕێی بۆ دیاری بکرێت.