زمانی کوردی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین تاقه سه‌نگه‌ری به‌رگریی کورد، ئه‌وا ده‌شێت بڵێین وه‌ک یه‌کێک له سه‌نگه‌ره هه‌میشه پته‌و و قایمه‌کان بووه، چ له‌و کاتانه‌دا که هێزە سیاسییه کوردییه‌کان له پارچه جیاجیاکانی کوردستاندا شه‌ڕی چه‌کداری و ده‌سته‌ویه‌خه‌یان له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ردا کردووه و چ له دۆخگەلێکیشدا که که‌شێکی ئاشتی به شێوه‌ی کاتی له کوردستاندا هه‌بووه. واته ده‌توانین بڵێین زمان چه‌کی سه‌ر زار و سه‌نگه‌ری نه‌گیراو و ڕۆحی دهستهمۆنهبووی هه‌ر کوردێکی هوشیار بووه، هه‌ربۆیە له‌م ئاسته وجوودییه شۆڕشگێڕانه‌دا، هێنده گرینگە بۆ ئێمه.
ئه‌گه‌ر له ڕووی کۆمه‌ڵناسییه‌وه زمان ئامرازی پێوه‌ندی و له ڕووی زمانناسییه‌وه کۆمه‌ڵه نیشانه‌یه‌ک بێت بۆ گه‌یاندنی په‌یامێک و له ڕوانگه‌ی زانستی فیزیکیشه‌وه شه‌پۆلێکی ده‌نگی بێت بۆ دروستکردنی شتێکی بیستراو و له ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه خانه‌ی بوون بێت و له ڕووی ده‌روونناسییه‌وه بنه‌ما و کرۆکی ناهوشیاریی مرۆڤ بێت، ئه‌وا هه‌موو ئه‌م ڕوانگه و پێناسانه ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌که‌ن كە زمان چه‌نده بابه‌تێکی ئاڵۆز و گرینگ و پێناسهههڵنهگره، چ بۆ مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ئاخێوه‌ر و چ وه‌ك بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان بیرکه‌ره‌وه و ئاوه‌زمه‌ند.
له پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئه‌گه‌ر دۆخی سیاسیش زیاد بکرێته سه‌ر ئه‌و پێناسانه و زمان ببێت به ڕووبه‌ری ململانێ و ئه‌کتێک بۆ مانه‌وه و ڕووبه‌رێک بۆ به‌رگری و پێداهه‌ڵشاخان به سیستمی تۆتالیتا‌ر و فاشیدا، ئه‌وا ئه‌و زمانه له کرۆکدا هه‌م ده‌بێت به ئامراز و هه‌میش ده‌بێت به ئامانج.
زمانی کوردی چونکه زمانی ئه‌و ئاخێوه‌ره ناڕازی و سه‌رکێش و شۆڕشگێڕه بووه که هیچکات نه‌زمی داسه‌پاوی سیاسی و جیۆپۆڵه‌تیکی و کولتووری و ته‌نانه‌ت ئابووریشی په‌سند نه‌کردووه، بۆیە ڕووبه‌ڕووی واقیعێکی سیاسی بووه‌ته‌وه، که‌واته زمانی کوردی له مێژه لەناو که‌شێکی سیاسی‌دا ده‌ژی. واته سه‌رکه‌وتن له ململانێی سیاسی و خه‌باتی زمانی‌دا، سهرکهوتنێکیشه له پانتایی مێژوو و جیۆگرافیا و ته‌نانه‌ت ئه‌و بوونه ده‌روونییه‌ی که ساڵانێکه ئێمه به دوای وێناکردنیدا ده‌گه‌ڕێین.
سۆران حه‌مه‌ڕه‌ش له کتێبی "کورد کێیه؟" له ڕێگه‌ی به‌راوردکاریی زمانه جیهانییه‌کانه‌وه و له لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا ده‌ریخستووه، زمانی کوردی و سۆمه‌ری زۆر له یه‌ک نێزیکن و ڕه‌نگه یه‌ک ڕه‌گوڕیشه بن و نموونه‌ی زۆری بۆ ئه‌م بانگه‌شه‌یە هێناوه‌ته‌وه، ئه‌مه له حاڵێکدایه که لێکۆڵینه‌وه مێژوویی و شوێنهوراناسانه و زمانناسه‌کان، تا ئێستە زمانی سۆمه‌رییان وه‌ک زمانێکی مردوو ڕاگه‌یاندووه، ئه‌م حاڵه‌ته ئینکارکهرانه و لێکۆڵینه‌وه نیوه‌چڵ و نوقسانانه، سه‌رتاپای مێژوویه‌کی ته‌نیوه که پێوه‌سته به کورده‌وه.
کاتێک ئیمه کتێبی "ماده‌کان" له نووسینی جۆرج ڕاڤلینسۆن ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌وه ده‌بینین که ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌ک به ویژدان و ئامانه‌ته‌وه باسی مێژوو ده‌کات، به‌ڵام قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیمپراتۆریی ماد و کاریگه‌ریی و هه‌ژموون و زمانه‌که‌یان ده‌خاته ژێر سێبه‌ری هێز و ئیمپراتۆر و شارستانییه‌ته کۆنه گه‌وره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک ئاشووری و بابلی و هه‌خامه‌نشییه‌کان، ئه‌مه له ڕوویه‌که‌وه ده‌رگای ڕه‌خنه له کتێبه‌که‌ی ڕاڤلینسۆن ده‌کاته‌وه و له ڕوویه‌کی دیکه‌وه دیسان ده‌مانباته‌وه سه‌ر هه‌واری پڕ هاواری ئه‌م ڕسته‌یه که "مێژوو له‌لایه‌ن براوه‌کانه‌وه ده‌نووسرێت"، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش به ته‌واوی به دروست دابنێین، ئه‌ی یه‌کگرتنی ماد و بابل بۆ ڕووخاندنی ئیمپراتۆری شه‌ڕه‌نگێز و خوێنڕێژی ئاشوور و سه‌رکه‌وتنی ماد به‌سه‌ریدا، بۆچی پێگه و جێگه‌یه‌کی وه‌های له باس و شیکاریی و گێڕانه‌وه مێژوویه‌کاندا پێ نادرێت؟
ئه‌مه له ڕاستیدا ڕه‌خنه‌یه نه‌ک ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی مێژوونووسێکی وه‌ک ڕاڤلینسۆن (1812-1902) ده‌بێته‌وه، به‌ڵکوو زیاتر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه له‌گه‌ڵ میتۆدێک له مێژوونووسی که ڕاڤڵینسۆن و مێژوونووسانی وه‌ک ئه‌و پێڕهوهیان کردووه و ده‌یکه‌ن، واته قسه‌کردن له‌و شتانه‌ی هه‌یه له ژێر تیشکی نه‌بوونی شتانێکی دیکه‌دا، بوون و هه‌ژموونیان سه‌لماوه، یان کاتێک کتێبی "ئێرانی که‌ونارا" له نووسینی م.م دیاکۆنۆف له ساڵی 1945ی زاینی نووسراوه، ده‌خوێنینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت پرۆسه‌یه‌ک له سڕینه‌وه و پشتگوێخستن به‌رانبەر ماد و شوێنه‌وار و گێڕانه‌وه‌کانیان ده‌بینرێت، هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌و و جیۆگرافیایانهی که ماده‌کان له سه‌رده‌می کۆن و میدیای گه‌وره‌دا ده‌سه‌ڵاتیان تێدا هه‌بووه، هیچ به‌ڵگه و شوێنه‌وارێکی بۆ نابینرێته‌وه، به‌ڵام بۆ هۆزه کۆچه‌ره‌کانی باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیای بچووک، وه‌کوو باکتێریا و... به‌ڵگه و شوێنەوار ده‌بینرێته‌وه! ئایا ئه‌مه جێی گومان و هاوکات سه‌رسووڕمان نییه؟
له‌و دوو کتێبه‌ی ئاماژه‌م پێدا، له چه‌ندان شوێن هه‌ردوو نووسه‌ر دان به‌وه‌دا ده‌نێن که زۆر شوێن هه‌یه ده‌شێت شتی به‌نرخ و به‌ڵگه‌ی زۆر له‌سه‌ر ماده‌کانی تێدا ببینرێته‌وه، به‌ڵام کاریان له‌سه‌ر نه‌کراوه، چونکه که‌شی سیاسیی ڕێگره له‌و کارکردنه. ئه‌مه ڕاستییه‌که ئه‌وان له سه‌ده‌ی نۆزده و بیستدا ئاماژه‌یان پێداوه و ئێمه له مێژه هه‌ست به‌م پێوار و غیابه ده‌که‌ین، واته ئێمه سیاسییانه لێمان ڕوانیوه و بۆمان ڕوون بووه و ئه‌وان مێژوونووسانه! جا ئه‌گه‌ر سیاسه‌تیشیان له بن هه‌گبه‌ی مێژوونووسییهکهدا شاردبێته‌وه و ڕه‌هه‌ند و لایه‌ن و ئاڕاسته‌کردنیان نه‌دیتبێ، ئه‌وا باج و تێچووه‌که‌ی کورد داویه‌تی. بۆیه به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت بوونی ئێمه له مێژووی که‌ونارادا سیاسی بووه و به ده‌ربڕینێکی دیکه سیاسیبوونی زمانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیاسیبوونی بوونمان له جیۆپۆڵه‌تیک و ناوچه‌یه‌کی مه‌زن به ناوی میدیای گه‌وره که دیاریکردنی قه‌ڵه‌مڕه‌و و ڕووبه‌ره‌که‌ی و ڕووداوه باسکراوه‌کان و هاوکێشه و هه‌وراز و نشێوه‌کانی مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه‌ی من نییه.
مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه بڵێم، زمانی ئێمه هه‌ر له مێژه له دۆخێکی سیاسی‌دا بووه و تا ئێسته‌یش له به‌رگری و ڕاسان و مانه‌وه نه‌که‌وتووه، هه‌ر به‌م پێیه داگیرکه‌رانی کوردستان پلان و پیلانیان له پارچه جیاوازه‌کانی کوردستاندا جیاوازه. له تورکیا هه‌موو بوونی کورد و زمانه‌که‌یان ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه و ده‌کرێن به تورکی کێوی و زمانهکهیش به لقی کێویی زمانی تورکی ناو ده‌به‌ن، چونکه ده‌زانن زمان هه‌ڵگری نه‌ریته، هه‌ڵگری یاده‌وه‌ری و فه‌نتازیا و خه‌ونی کۆنی باوباپیران و مێژووی کۆن و نوێیه، مرۆڤ ده‌کوژرێت، ده‌مرێت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و چرکه‌ساته تراجیدیانه‌ی به زمانی دایکیی خۆی ئه‌زموون ده‌کات، هه‌موو ئه‌وانه وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانێک که دایکی لایه‌لایه‌ی بۆ کردووه و یه‌که‌مین هه‌ست و ده‌نگ و وێنه و چێژ و ترسه‌کانی پێداوه. له هه‌مبه‌ر ناوه‌ند و ناوکێکی وەها وجوودیدا، تورکیا تیۆره‌ی "زمانی خۆری" خسته ڕوو که به‌و پێیه هه‌موو زمانه‌کانی جیهان له تورکییه‌وه به‌خش بوون و کوردیش لقێکی بچووکی چیاییە له‌و زمانه،
دوای نیوسه‌ده زیاتر ئه‌م پرۆژه مێژوونووسییه درۆزنه که له زانستگا و ئه‌کادیمیای سه‌ربازی و سیاسییه‌وه، بگره تا هێرشی تانک و تۆپ و مووشه‌ک، هاوکاربوون له پێڕەوکردنی، شکستی هێنا، چونکه زمانی کوردی ئامێرێکی میکانیکی و ده‌سکرد نه‌بوو تا به ئاسانی له‌سه‌ر زار لایبه‌ن، یاده‌وه‌ری و خه‌ون و فانتازیاکان که به‌ستراون به‌و زمانه‌وه چۆن له‌ناو ده‌چن؟ وه‌ک هانس گیۆرگ گادامێر فه‌یله‌سووفی ئەڵمانی، ده‌ڵێت: "زمان له کرۆکدا هه‌ڵگری نه‌ریته"، نه‌ریت له‌خۆگری شێوه ژیانێکه مرۆڤ له ماوه‌یه‌کی له‌مێژینه‌وه تا ئێستە خه‌ریکه ئه‌زموونی ده‌کات.
ئه‌م سیاسه‌تی تواندنه‌وه و هه‌ڵلووشینی زمانه، بۆ ژێر سێبه‌ری زمانی فارسی و خه‌ساندنیان، وه‌ک وتم ده‌مێکه کاری پێ ده‌کرێت و له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌پێی شوێن کاریگه‌ریی جیاوازی هه‌یه. بۆ نموونه، له‌و ناوچانه‌ی شاخاویترن و ڕێگه‌ی هاتوچۆیان که‌متره و نێزیکن له سنوور، واته هاوسێی باشووری کوردستانن، کاریگه‌ریی زمانی فارسی زۆر که‌مه وه‌ک سه‌رده‌شت و مه‌ریوان و بانه و و له‌و ناوچانه‌یشی ڕێگه‌ی هاتوچۆی ستراتیجی وه‌ک سنه و کرماشان، کاریگه‌رییه‌که زۆر خه‌سته و له کرماشان و ئیلام به‌هۆی فاکته‌ری ئاینی و شیعه‌بوونی ئه‌م ناوچانه، کاریگه‌ریی و ئاسیمیلاسیۆنهکه جیاوازتر و قووڵتره. بۆیه ساڵانێکی زۆره کۆماری ئیسلامی به هه‌موو هێز و توانای میدیاییه‌وه و له ڕێگه‌ی نووسه‌ره مزبگیرهکانییهوه، زاراوه‌یه‌کی ناحه‌ز و په‌شێو و ناته‌ندرووستی به ناوی "فارسی کرماشانی" په‌ره پێ داوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زاراوه‌ی که‌ڵوڕی که زاراوه‌یه‌کی زمانی کوردییه، که‌م که‌م و له‌ناو به‌شێک له بنه‌ماڵه‌کاندا شوێنپێی له‌ق بووه و دایکان به فارسی له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیان قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌ر به کوردی له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌دوێن!
نموونه‌یه‌ک له فارسی کرماشانی: "بشت بگم!" یانی پێت بڵێم! واته به کهڵوڕییهکهی ده‌بێته: بووشمه پیت. ئه‌مه‌ی که لێکدانی فارسی کرماشانی خۆی ده‌بێته باس و به شیوه‌یه‌ک قسه‌کردنی گاڵته‌ئامێز و سووکه‌وه ده‌لکێنرێت، خه‌ریکه ئه‌م واتایه بگه‌یه‌نێت که کرماشان شێوه‌ی زمانێکی هه‌یه که فارسییه و به‌ره‌به‌ره کوردی ته‌واو جێپێی له‌ق بێت و ئه‌م پلان و پرۆژه‌یه تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش سه‌رکه‌وتوو بووه!
ژێده‌ره‌کان:
1-مادها، جورج راولینسون؛ ترجمهی هاشم کرمی، تهران، پانیز، 1394
2-ایران باستان، م.م. دیاکونوف، ترجمه روحی ارباب