دواجار هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی هات و وەك هەر هەڵبژاردنێكی دیكە، پارتی نەك توانی یەكەم بێت، بەڵكو ئەنجامەكەی بۆ گەلێك هێز و لایەن، شۆكهێنەر بوو، بە پێچەوانەی هەموو ئەو دەنگ و چاوەڕوانییانەی وایاندەزانی نەهاتنی مووچە و وەستانەوە دژی ستەمەكانی بەغدا و بڕوانەبوون بە عێراقێكی عەرەبی و شۆفێنی، پارتی لێی بەرپرسیارە و ئیتر خەڵكی بە دەنگەكانیان، سزای ئەو حزبە دەدەن. نهێنی لەوەدا چییەكە پارتی دوای 79 ساڵ، هێشتا لە لوتكەی پێشڕەوەیی جەماوەری و ئەوپەڕی بەهێزی ڕێكخستن و پەیكەربەندی حزبیدایە؟ بەپێچەوانەی ئەوانەی بڕوایان وایە، پارتی كێشەی گەورەی ناوخۆیی هەیە، پارتی لە بەهێزیدایە و بەرەو بە هێزیش دەڕوات.
هەڵبەتە ئەمانە پێوەندییان بە گەلێك ڕووی حزبی لە ژیانی سیاسیدا هەیە، ئەمە وایكردووە پارتی بە ڕێبەرایەتی سەرۆكەكەی، هیچ كاتێك كێشەیەكی ئەوتۆی نەبێت كە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی حزبایەتی و پێگە جەماوەریكەی، وەك ئەوەی لە ژیانی حزبەكانی دیكەدا دەیبینین، چونكە هیچ حزبێك ناتوانێت لە هیچ پرۆسەیەكی سیاسی و جەماوەری و ڕێكستندا، سەركەوتوو بێت، ئەگەر تۆكمە و یەكگوتار و یەك نێوەندی بڕیاری نەبێت.
بێگومان دەنگدان لای خەڵكی پارتی، پرسێكە هیچ كات سازشی لەسەر ناكرێت، بە تایبەتیش ئەگەر پێوەندی بە نوێنەرایەتی كورد و ئامادەیی كورد لە بەغدا هەبێت، بۆیە لە هەر هەڵبژاردنێكدا بێت، ئەندامی پارتی، لایەنگر و هەوادارانی، پێوەرێكیان هەیە بۆ دەنگدان و دەزانن، چۆن و بۆچی و دەنگیش بە كام كاندید دەدەن. ڕێكخستن و جەماوەری پارتی، كۆیلە نین، وەك ئەوەی هەندێك دەمهەڕاش و زمانپیس و كاڵقامی هزری تێیگەیشتوون، چونكە حزبێك ملیۆنێك دەنگ بێنێت، نیشانەی ئەوپەڕی هوشیاری جەماوەرەكەیەتی.
هەڵبەتە دەنگدان لای ئەندام و كادر و جەماوەری پارتی، هەر تەنیا پراكتێزەكردنی ماقێكی یاسایی وسیاسی نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر بە جێگەیاندنی ئەركێكی ئەخڵاقییە. پێشتریش گوتوومە، ئەندامی پارتی هەرگیز لەسەر بنەمای تاكتیك و سیاسەتی ڕۆژ و بەرژەوەندی حزبی دەنگ نادات، بەڵكو دەنگدان بە كردارێكی ئەخڵاقی و نیشتمانی دەزانێت و هیچ كاتێك ئامادە نییە مامەڵە بە دەنگەكەیەوە بكات، بەڵكو دەنگدان، جۆرێكی دیكەیە لە پرەنسیپ و پەروەردەی حزبی پارتییەكان كە هیچ كاتێك ئەندامەكانی ئامادە نین سازش لەسەر بیر و باوەڕی حزبییانەی خۆیان بكەن و دەنگی خۆیان لەپێناو حزبدا بە ئەرێنییانە نەشكێنەوە، ئەمەیش پێوەستە بەو بیروباوەڕە سیاسییەی حزب پێڕەوی دەكات، چونكە هیچ هێزێك تا سەر ناتوانێت هێزی یەكەم بێ، بەبێ هەبوونی ڕێكخستنێكی پتەو، وەك ئامرازێك لە خزمەت كۆكردنەوەی دەنگ و هەڵبژاردن بەكار بێت.
سەرنج بدەن، نزیكەی 200 هەزار دەنگی نەوەی نوێ، لە ماوەی ئەو دوو خولەی پەرلەمانی عێراقدا كەمیی كردووە، چونكە گردبوونەوەیەكی جەماوەری بێ ئامانج و گوتار و بێ ڕێكخستن و ستراتیج بوو. ملیۆن دەنگەكەی پارتی، كارتێكی سووری بەهێز بوو بەرەو ڕووی بەغدا بەرز كرایەوە، بەوەی بەڵێ ئەم حزبە نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات و هێزێك نییە بە ئاسانی بێتە ژێر باڵی عروبەی عێراقی و بەناو یەكپارچەیی خاكی عێراق.
بەم دەنگدانە، بەغدا ڕاستییەكی تاڵی بۆ دەركەوت كە ئەو حزبەی زۆرترین نوێنەرایەتی خەڵك و پێگەیەكی گەورە و بەرفراوانی جەماوەری لە كوردستان هەیە، پارتییە، بۆیە نەك ناتوانن نادیدەی بگرن، بەڵكو دەبێ شانیشی ماچ بكەن، تا دەتوانن حكوومەتی عێراق پێكبێنن.
ئەم هەموو گوشارەی بەغدا، دواخستنی مووچە و بڕینی بودجە، هەوڵدان بۆ تێكدانی هاوهەڵوێستی و یەكگوتاری كورد، بە داخەوە بە قۆستنەوەی درزی نێوان پارتی و یەكێتی، بە ئامانجی بە عێراقیكردنەوەی هەرێمی كوردستان، كەچی دواجار جامەكە قلپ بووەوە سەر بەغدا خۆی.
ئێستا دوای ئەو ملیۆن و 100 هەزار دەنگە، واقیعێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و دەبێ هەمووان بەپێی ئەو دۆخە سەیری كوردستان بكەن كە هیچ گوشارێك نایانچەمێنێت و پشتی ئەو لایەنە دەگرن كە بەغدا دەیویست لاوازی بكات، بەهیوای داهاتوویەكی باشتر و كۆتاییهێنان بە ستەم و مووچەبڕین، چونكە لە دیموكراسیدا دواجار هەر دەبێت بێنەوە بارەگای بارزانی و ڕێككەوتن بكەن، ئیتر كاتی ئەوەیە عێراق سەردەمی هاووڵاتییبوون پێڕەو بكات و مافەكانی كوردستان وەك خۆی دابین بكات نەك وەك هاووڵاتی پلە دوو كورد ببینێ.