کاتی هێرشەکانی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل و کاردانەوەی بەرفرەوان و فرەڕەهەندی ئیسرائیل، هەموو لایەنە سیاسییەکان و چاودێران، باسیان لە شەپۆلێکی گەورەی گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا کرد کە ئیسرائیل پێداگر و سەرپشکێتی و ئەمەریکا بە هەموو هێزییەوە لە پشتی دەبێ، ئەگەرچی شوێنپێی وڵاتانی ئەورووپا زۆر پڕڕەنگ نییە، بەڵام ئەوان دواجار کەم تا زۆر و هەموویان یان زۆرینەیان، شوێن ڕێچکەی ئەمەریکا دەکەون، وەک بڵێی لەم نەزمە نوێیەدا ئەمەریکا و بگرە جیهان کە دەتوانین بە "ترامپیزم" ناوی بێنین، ئەورووپا کۆنسێرڤاتیڤانە دەجووڵێتەوە و بە شێوەیەک دەستی بە چمکی پاڵتۆکەی ترامپەوە گرتووە، ئەگەرچی وەها ڕۆڵێک دەنوێنێت، بەڵام هەژموون و هێزیش دەدات بە ئەمەریکا و پلان و کردەوەکانی لە ڕٶژهەڵاتی ناوین.
ئەو شەپۆلەی بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل لە جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئێران، ڕژدی و ترسناكی خۆی بۆ هەموو دنیا سەلماند و ترامپیش لەبەرچاوی جیهان سەلماندی کە بە هیچ شێوەیەک پشتی ئیسرائیل بۆ ساتێکش بەرنادات، ئەمەیش وایکرد ئەمەریکا بە مووشەکە تایبەتەکانی فۆردۆ و نەتەنز بکاتە ئامانج و ژێرخانیی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی لە ئێران بۆ کاتێکی نادیار وێران و خاپوور بکات. ئەم شەپۆلە کە ئێستە گەردەلوولەکەی ئارامی گرتووە، بەشێوەیەکی کاتی هێشتا بەردەوامە.
پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و ڕووداوە مێژووییەکەی چەکسوتاندنی پارتی کرێکاران و بە ڕۆژەڤبوونی پرسی کورد لە پەڕلەمانی تورکیا و شەقامی گشتیی ئەو وڵاتە، بەدەر نین لە هوروژم و هاژەی ئەم شەپۆلە. هەر ئەوکات زۆر شیکاری زەرد و سووری کورد کە چاویان بە کلی ئێرانی دەڕەژن، پێشبینیی شکستی ئیسرائیلیان دەکرد و بە هەر بارێکدا بابەتەکانمان بۆ ڕاست بکردنایەتەوە هەمدیس دەیانوت نەخێر! ئێران وڵاتێکی زۆر پان و بەرین و بەهێزە و هەتا دوایی، ئێستە هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن كە ئێران لەگەڵ قەیرانی زۆروزەوەند و چارەسەرنەکراو ڕووبەڕووە، ئەو وڵاتە لە هێوریی پێش هەڵایسانی تۆفانێکی ماڵوێرانکەردا دەژی، هەنوكە گەورەترین کێشەی ئەو وڵاتە جگە لە سووک و چرووکبوونی پارەکەی و هەڵاوسانی چەند قات و داڕمانی ئابوورییەکەی و زۆر شتی دیکە، کێشەی ئاوە! بە ڕادەیەک کە ئیتر ناتوانن ئاوی شوێنە ناوەندییەکانی ئێران و لەوانەیش تارانی پایتەخت و پارێزگای ئەلبورزی تەنیشتی دابین بکەن! دوو شوێن کە گرنگیی زۆر ستراتیجی و جیۆگرافییان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەرکەوتنی جەماوەرییەوە هەیە.
ئێستە دەزانین قسە و شیکاریی ئەو شیکارانە پوولێکی قەڵبی نەهێناوە، جگە لە هەڵوێستێکی ئایدۆلۆجی خۆیان بۆ ئەوەی کلی ئێرانییان لێ نەبڕێت و چاوی پێ بڕەژن و تۆختر لە جاران ڕەشی بكەنەوە! ئەوکات هەندێک لە چاودێرانی سیاسیی کورد بە ڕەوا و ژیرانە و بە لەبارچاوگرتنی ئەم شەپۆلە مێژووییەی گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا، ئەو پرسیارەیان دەکرد، ئایا کورد خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەم گۆڕانکارییانە؟ یان با بڵێین کورد ئامادەیە بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییانە یان نا؟ ئاخۆ گۆڕانکارییەکان دێن و کورد دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەكان بە نەوای "یان گاڵ دێنێت یان پەموو" خۆی دەداتە دەست شەپۆلی ئەم گۆڕانکارییانە؟
من نامەوێت ئانوسات بە بەڵێی دڵخۆشکەرانە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام هاوکات دەشزانم وەڵامەکە نەخێر نییە. دەتوانم بڵێم کورد ئامادەیە، بەڵام چەندە و چۆن؟ ئەوەیان بابەتێکە لە دەرەوەی زانیاریی ڕۆژنامەوانییە و بێگومان پێوەستە بە لایەنە کارا و کاریگەرەکانی وڵات و حوکمڕانییەوە لە کوردستان، ئاماژەی هێمای ئەم ئامادەبوونە کە ئەوپەڕی دڵخۆشی دەدات بە ئێمە، لانیکەم لەم قۆناغەدا دوو شتە:
یەکەمیان، ئەو هەڵبژاردنە سەرکەوتووانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە یەکەم لە هەموو ئەو وڵاتەدا و ملیۆنێک و 110 هەزار دەنگی كوردی هێنا و چاوی یار و نەیاری لە بابەتی مەشروعیەتی سیاسی کوردی کردەوە و دەتوانین بڵێن هاوکێشەی هێزی بە تەواوتی لە کوردستان گۆڕی و ئێستە پارتی زیاتر لە جاران دەتوانێت خۆی بە دەمڕاستی ڕاستەقینە و هەمیشەیی دۆزی کورد و خاوەندارێتی کوردستان و بەردەنگی هەر گۆڕانکارییەک بزانێت کە بڕیارە لە ناوچەکدا بەدی بێت.
دووەم، گەشانەوە و درەوشانەوەی ڕۆژ دوای ڕۆژی هەولێر لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. کۆڕبەندی مێپس ڕاستە لە دهۆک و بە هاوکاریی زانکۆی ئەمەریکی لە كوردستان / دهۆک بەڕێوە چوو، بەڵام نیشانەی ئەو پێگە بەرز و متمانەپێکراوەی هەولیرە لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا. لەم هاوکێشەیەدا چەندە هەولێر هەولێرە، دهۆک و زاخۆش هەر هەولێرن، واتە سەر بە پایتەختێکن ئەو پێگە سیاسییە نێودەوڵەتییەی سازاندووە.
ڕاستە ئەم دوو هۆکارە بۆ داکۆکی لە ئامادەبوونی کورد مافی تەواوی پرسیار و دڵەڕاوکێ گەورەکەی ئێمە لە هەمبەر ئەو شەپۆلە گەورەیە نادەنەوە، بەڵام دڵخۆشکەرن لەوەی کورد بێ جموجووڵی گەورە نییە و پارتی لە مێپس سەلماندی هێزێکی وەهایە کە دەتوانێت ڕێبەرانی هەموو کوردستان بە گوێرەی لۆجیکی هاوکێشەکان لە هۆڵێكدا کۆ بکاتەوە و نوێنەرایەتیی خۆی بۆ خاوەن قەزیەبوونی کورد و کاریگەرییەکانی لە ناوچەکە بۆ هەموو بەرپرسانی ناوخۆی عێراق و کەسایەتییە سیاسی و بیریارەکانی دەرەوە ڕابگەیەنێت.
ئەمانە سەرەڕای ئەوەی دەستکەوتن بۆ کورت ماوە، لە درێژخایەنیشدا بەرووبوومی بە پیتیان دەبێت و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووخساری جیاوازی دیموکراسییانە و پێکەوژیانخوازیی کورد بۆ هەموو دنیا زیاتر بەرجەستە دەکەنەوە. بۆیە ئێستە هەولێر لە ناوچەیەكی نائارام و شپرزەدا، بووەتە ناوەندی دانیشتن و کۆبوونەوەی کەسایەتی و سیاسەتوان و ڕووخسارە زانستی و ئەکادیمییەکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان، ئەمە خۆی جگە لە هاوارێکی بەرزی سەرکەوتن و گەشانەوە، دەیان لایەنی ئەرێنیی دیکەی هەن کە دەشێت باسی لێوە بکرێت.