مامۆستا هێمن لە سنە

AM:10:58:08/12/2025 ‌
(بەبۆنەی بەڕێوەچوونی سیمیناری زانستیی مامۆستا هێمن)

پاش بەڕێوەچوونی هەر سیمینار و کۆڕ و ڕێوڕەسمێک، ئەرکە لەسەرمان زیاتر ورد بینەوە و زۆرتر شێلگیر بین لە خوێندنەوە و شیکاریی ڕەخنەگرانەیان، بۆ ئەوەی بیری خۆمانی بێنینەوە ئەو سیمینار و کۆڕانە لەپێناو کام ئامانج و بەرەو چ مەبەستێکن کە هەمان ناسنامە و زمان و هزری جوانیناسانەی کوردی و... بێت. 
پێویست بە گوتن ناکات، بۆنە و ڕێوڕەسمە کولتووری و ئەدەبییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لایەنی سیمبولیی خۆیان هەیە، چونکە لەناو یاریی هەیژموون و لەژێر چاودێریی سیستمێکدا بەڕێوە دەچێت کە خواستی ناوەندگەرێتی لە هەموو بارەکانی سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا لەوپەڕیدایە. 

ئەمە بۆ ئەوە دەڵێم، ددان بەو ڕاستییەدا بنێم كە خواستی بەڕێوەبردنی ئەو بۆنە و ڕێوڕەسمانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەناو تاقمێکی زۆری هۆگری زمان و شوناسی کوردی لە چڵەپۆپەدایە، بەڵام دۆخی ئاماژەپێکراو بوار نادات هەموو شتەکان وەک خواستی دڵی ئێمە بێنەدی. بۆیە زۆربەی بۆنەکان هێندەی بەهۆی خواستێکی بە شکۆ و ئیرادەیەکی خۆبەخشی شوناسمەندانەوە بەڕێوە دەبرێن، هێندەی دەلالەت لە کەشێکی ئازاد و خوازراو لە چالاکییەکانی بوارە جۆراوجۆرەکاندا ناکەن. 

ڕۆژی سێشەمی بووری ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی/ ٢/١٢/٢٠٢٥، ڕێوڕەسمێک لەژێر ناونیشانیی "سیمیناری زانستیی هێمن موکریانی: ژیان، بەرهەم و پێکەی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی" لە زانکۆی کوردستان لە تەلاری مەولەوی بەڕێوە چوو. پێویستیی ئەم سیمینارە لەوەدا بوو کە مامۆستا هێمن لەگەڵ ئەوەی شاعیر و کەسایەتییەکی دیاری کورد بووە، بەڵام وەك پێویست لە لایەنەکانی دیکەی ئەم کەسایەتییە ورد نەبووینەتەوە، یان با بڵێین لە لایەنە ناشیعرییەکانی کەم ئاوڕ دراوەتەوە. 

هێمنی شاعیر بۆ زۆربەی زۆری خەڵکی پارچە جیاجیاکانی کوردستان ناسراوە، ئەوەیش نەک تەنیا بەهۆی شیعرەکانی، بەڵکوو بەهۆی ڕۆڵێک بوو لە کۆماری کوردستان /ناوزەدبوون بە شاعیری میلی لەگەڵ مامۆستا هەژار/ و دواتر ئەو بزاوت و قوتابخانە فکری و ئەدەبییە بوو کە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستییە سەرپێ، بەڵام هێمن هەر لەمەدا کورت ناکرێتەوە. واتە ئێمە هەر لەگەڵ هێمی جوانپەرست و نیشتماندۆستدا ڕووبەڕوو نین، بەڵکوو لەگەڵ هێمنی نووسەر، هێمنی وەرگێڕ، هێمنی ڕەخنەگر، هێمنی لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسیش ڕووبەڕووین. 

هەر کام لەم ئاوەڵناوانە هەڵگری دەلالەتی زانستی و پسپۆڕانەی خۆیانن و بە ئاسانی ناکرێت لەسەر مانای وردی زانستی و گوزارشتكردنیان لە کۆی نووسین، شیعر و وەرگێڕانەکانی مامۆستا هێمن ساغ بینەوە، بەڵام ئەگەر بە نموونە ئاماژەیەک بکەم دەڵێم، ئەوەی هەیە هێمنێکە دنیایەک هەوڵ و ماندووبوونی لە ساغکردنەوە، پێشەکی و هێنانەسەر ڕێنووسی کوردیی توحفەی موزەفەرییەی ئۆسکارمان داوە. ئەویش بۆ مانەوە و بووژاندنەوەی ڕۆح و نەریت و هزری جوانیناسانەی کوردی کە لە فۆلکلۆر و بەیتە کوردییەکاندا بوون. مامۆستا هێمن لە پێشەکییەکە و لە لاپەڕی نۆدا دەڵێت:

"پاش بڕانەوەی شەڕی یەکەمی جیهانی، پاش ئەو هەموو کوشتار و تاڵان و بڕۆیە، پاش ئەو هەموو قاتوقڕە و پاش ئەو هەموو کوێرەوەری و دەرد و داخە کە لە هەموو لایەک تووشی نەتەوەکەمان هات، هێشتا فۆلکلۆری ئەدەبی کوردی لە کوردستان برەوی هەر مابوو و نرخی بۆ دادەنرا. وەبیرم دێ ئەو سەردەمە کە من منداڵێکی سەر بە کۆچکە و دیوەخاننشین بووم و هێشتا شوێنەواری شەڕ و گرانی و هەژاری و نەداری لە وڵاتەکەمان هەر مابوو، لە ناوچەی موکریان هەر ئاغایەک دانگە مڵکێک، کۆنە دیوەخانێک، قوڵە بارگینێک، کەچە زینێک، پیرە تاژێیکی هەبایە، خۆشخوانێکی ڕادەگرت کە شەوانە لە دیوەخان بەیت و باوی بۆ بلێ، لە وەختی نووستندا حیکایەتی بۆ  بکا، لە شاییدا داوەت و ڕەشبەڵەکی بۆ بگێڕێ، لە سەنگەردا تانووتی لێ بدا. لە ڕاودا لەسەر تەماڵ پایزە و ئازیزەی بۆ بڵێ، فڕان باوێتە دوژمنی و بەندان بە دۆستی هەڵبڵێ و تەنانەت لە پاش مردنی شینی بۆ بگێڕێ." 

ئەم دێڕانە لە پێشەکی توحفەی موزەفەرییەدا دەرخەری ئەو کەڵکەڵە گەورەیەی هێمن و ئەو قووڵبوونەوە ئاوەزمەندانە کولتوورییەی ئەون بۆ نەریت و زمان و هزری جوانیناسانەی کوردی. ڕەنگبێ بەم دێڕانە کەسێک کە کەمتر هێمن دەناسێت، وا بزانێت ئەو بە جۆرێک ددانی بە سیستمی ئاغاوات و خانخانێتیدا ناوە، بەڵام نا! بە تەواوەتی پێچەوانەیە، هێمن هەر لە سەردەمی منداڵییەوە دژی ژینگەی لووتبەرزانە و دابڕکار و هەڵاوێردکاری خۆی بوو، ئەو لە پێشەکی دیوانی "تاریک و ڕوون"دا دەڵێت: ڕێوشوێنی بنەماڵەکەمان ئیجازەی نەدەدا من لەگەڵ هاوتەمەنەکانم گاڵتە و گەپ بکەم. چونکە من کوڕە دەوڵەمەند بووم و ئەوان کوڕە هەژار. من کوڕی شێخلئیسلامیی بەناوبانگ بووم، ئەوان کوڕی لادێیەکی بێ ناونیشان. من بەروپشت ئەتڵەس بووم ئەوان کەڕە کرمانج. من کۆک و پۆشتە بووم و ئەوان ڕووت و ڕەجاڵ.)). 

ئەم یاخیبوونەوەی لە سەرانسەری دیوانی تاریک و ڕوون و ناڵەی جوداییدا شەپۆل دەدا. خەونی هێمن کوردستانێکی ئازادی دادپەروەر و جوان بوو. بێگومان خەونی هێمن تەنیا خەونی سیاسی و ئازادیی وڵات نەبووە، بەڵکوو ئەم خەونەی لە پاڵ خەونی کولتووری و نەریت و هزرە ئەرێنی و باشە کوردییەکان و لە بێژنگدانی لایەنە سواو و بێکەڵکەکەی داناوە. ڕوانینی هێمن بۆ کۆمەڵگە، دادپەروەری و ستەم، ئازادیی کوردستان، نیشتماندۆستی و ژن، قووڵبوونەوەی لە زمان و نەسری کوردی و... هۆکارێک بوو کە ئەو سیمینارە لە سنە بە هاوکاریی "ئەنیستیتۆی ڕاژە" و "زانکۆی کوردستان" بەڕێوە بچێت تا هەنگاوێکی شیاو و سەرەتایی، لە پاڵ هەنگاوەکانی پێشووتر بهاوێژرێن بۆ ئەوەی هێمنی نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆشنبیر و... زیاتر و زۆرتر بناسرێت. 

من وەک یەکێک لە وتاربێژانی ئەو سیمینارە، پاش وتاری د. خالید تەوەکولی کە لەسەر هزر و بیری کۆمەڵایەتیی مامۆستا هێمن قسەی کرد و دوای ئاخاوتنی د. بەختیار سەجادی بە ناونیشانی "سیستمی جوانیناسانەی هێمن لە نێوان نەریت، نوێبوونەوە و نوێخوازیدا"، وتارەکەی خۆم لەژێر ناوی "ژن، ژیاندۆستی و ئەویدیی لە شیعری هێمندا" (ناونیشانی لاوەکی یان دووەم: ژن، جەستەمەندی و ئاڕاستەکردنی جوانیناسانە) پێشکەش کرد. پاشان د. جەعفەر شیخولئیسلامی (خزم و قوتابیی مامۆستا هێمن) لە زانکۆی کارلتۆنی کەنەدا، بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی پەیامی شایستە و بە ڕوومەتی خۆی لەبارەی پێویستیی ئەو ڕێوڕەسمە و ژیان و کەسایەتیی مامۆستا هێمن پێشکەش کرد. 

بە گشتی سەرباری هەموو تەنگی و ترشییەک کە لە ڕۆژهەڵات بۆ کولتوور و زمانی کوردی هەیە، زانکۆی کوردستان و ئەنیستیتۆی ڕاژە و ڕێکخراوەکانی هاوشێوە، بەشبەحاڵی خۆیان لە خزمەت و پەرەپێدانی کولتوور و زمانی کوردی چالاکن، ئەگەرچی خواستی جەماوەر و داواکاریی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵات هێندە زۆرن کە ئەم چالاکیانە دەرەقەتی بەدیهێنانی نایەن. 

سیمینارەکە بە گشتی باش و سەرکەوتوو بوو، وەک وتم دەشێت وەکوو هەنگاوێک لە پاڵ هەنگاوەکانی دیکە بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتری دنیای هێمن، بهاوێژرێت.