ڕووداوە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزە، لافاو، ڕۆچوونی زەوی و گڕکان و تسۆنامی و دەیانی دیکە، لە پلەی یەکەمدا ناویان بە خۆیەوەیە و سروشتین و زیانباریشن. بە درێژایی مێژوو ئەم ڕووداوانە هەبوون و دەشبن. لە سەردەمانی کۆنەوە سەرچاوەیەکی ئوستوورەیی و نادیار بۆ ئەم ڕووداوانە قایل بوون، هەربۆیە هەر حاڵەت یان ڕووداوێکی سروشتیی نامۆ و تۆقێنەریان بەناوی خودایەکەوە کردبوو، بۆ نموونە هەورەتریشقە و تۆفان لە ئوستوورەکانی ئەسکەندەناڤیدا ناوی سۆر (Thor) بووە و یەکێک لە خۆشەویستترین خوداکان بووە و بەشێوەیەک زۆربەی کاتەکان یاریدە و هاریکاری مرۆڤ بووە. یان ساتیس کە خودای لافاو بووە لە میسری کەونارا و پێگەیەکی پیرۆز و بانسروشتییان داوەتێ.
دەتوانین لە کۆی جیهانبینیی مرۆڤی کۆندا، دەیان و سەتان خودا بە نموونە بێنینەوە کە بەپێی تێگەیشتنی ئەوکاتیان دیاردە سروشتییەکانیان مانا کردووەتەوە، بەڵام ڕۆژگاری ئەو خورافیات و بێئیرادەیییە بەسەر چوو، ئیتر کەس لای وانییە هەورەبرووسکە دەسکردی خودایەکی ئوستوورەیی بێت کە بە گالیسکە و بە قامچییەکەوە بەسەر ئاسماندا دەڕوات یان نموونەی هاوشێوە، بەڵکوو مرۆڤی سەردەم سروشت وەک پەیکەرە و لانکەیەکی یەکپارچە بۆ مرۆڤ دەبینێت کە وەک کورد دەڵێت، ئەگەر ئیحترامی بگری ئیحترامت دەگرێت. واتە دیاردە سروشتییەکان ئیتر نابێت بانسروشتی بن و گەر ئێستە و لە سەردەمی زیرەکیی دەسکرددا وەها تەفسیرێکی بۆ بکرێت، مایەی پێکەنینە و دوورە لە ئاوەز و بیرکردنەوە.
ئەوەی هەیە لەژێر تیشکی ئەو قسە نەستەقەی ناو زمانی کوردیدا، ئێمە یان ڕووداو و دیاردە سروشتییەکان بەپێی پیشەسازی و ئەندازیاریی و... مرۆیی ئاڕاستە دەکەین و لایەنە خەساردەر و زیانلێخەرەکانی دەگەیەنینە کەمترین ئاست و لە لایەنە سوودبەخشەکانیشی (لێرەدا لافاو خەساردەرە و ئاوەکەی گەر ئاڕاستە بکرێت، سەرمایەیەکە بۆ زەوی و جووتیار و بووژانەوە و...) کەڵک وەردەگرێت. لە وەها زەوینەیەکدا ئەرکی بەرپرسانی حوکمڕان یان بە گشتی دەوڵەتە کە دانیشتووانی وڵاتێک لەم خەسار و هەڕەشانەی ڕووداوەکانی سروشت بپارێزێت. بێگومان هەندێ پاراستن پێویستیان بە ژێرخانی ڕێگەوبان و ئەندازیاریکردنی کەناڵی ئاوەڕۆ و ... هەیە. واتە هەموو ئەو سیستمەی ئێمە دەشێت ناوی بنێین سیستمی ئاوەڕۆ و ئاودەرکردنی سەردەم لە شار و گوند و هەموو ئەو شوێنانەی وا مرۆڤ تێیدا نیشتەجێن و ئەگەری مەترسیی ژیان و ماڵ و حاڵیان لەسەرە.
لافاوەکەی چەمچەماڵ دەتوانێت زۆر شت بە ئێمە بڵێت. وەک بینیمان خەڵکی جۆراوجۆر و لە ئاستی جیاجیادا زۆر پەرۆش بوون و هەن بۆ زیانلێکەوتووان و ئەمە سەرباری ئەوەی پێشاندەری سۆز و لافاوی میهرەبانیی خەڵکی کوردستانە بۆ یەکتر، هاوکات دەرخەری دنیایەک ستەمیشە لە دانیشتوانی چەمچەماڵ، من نامەوێت لێرەدا بۆ تاوانبار بگەڕێم، بەڵام دڵم لای ئەو بنەماڵە و خێزانانەیە کە هەموو شتێکیان لە لافاودا جێهێشتووە و خۆیان لای خزمی دوور و نزیک دەمێننەوە، دڵتەنگی ئەو ماڵبەکۆڵییە بۆ ئێمەی کورد بە ئاسانی فام دەکرێت.
ئەگەر چاو لە ڕیشەی بابەتەکە بکەین، ئەم لافاوە دەرئەنجامی دنیایەک ستەم و چەوساندنەوەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە کە بەسەر کورددا بە درێژایی سەدەی بیستەم پراکتیزە کراوە، چونکە سیستمی ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و ئاڕاستەدانی لافاو، سیستمێک نییە بە شەوێک و دوان دروست بکرێت، بەڵکوو وەک وتم پێویستی بە ژێرخانی پتەو و بنەمایی هەیە. بێگومان ئێمە دەتوانین لە دۆخی وەها کەڵک وەربگرین بۆ چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی ئەو سیستمە لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستاندا.
سووچێکی دیکەی زیانەکانی ئەم لافاوە، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو هێزە کوردییەی لەوێ دەسەڵاتی هەیە و بە حیساب پەرۆشی ئەو سنوورەیە. ناکرێت تۆ وەک هێز و لایەنی دەسەڵاتدار لەو سنوورە تەنیا کاتی قەومانی کارەساتەکە بێیتە سەر شاشە و ئەویش چ هاتنێک! تەنیا نمایش و ڕیکلام بێت! خەڵک ئەم نمایشانەیان لەبەرە و دۆخی سەقامگیریان دەوێت، هەنگاوی کردارییان دەوێت، ئەگینا هەر ماڵێک دوو و سێ خوێنەواری تێدایە و دەتوانن لەسەر لافاو و زیانەکانی و سیستمی ئاوەڕۆ و ڕێگەوبان خیتابی زانستی و نیوەزانستیی باشتر بدات.
لەم حاڵەتاندا ئەوەی پێویست و کاریگەرە، ئیشکردنی مەیدانی و گەیاندنی خزمەتگوزاریی و هاوکارییە بەشێوەی کرداری. واتە بوون لەسەر شەقام و ناو کۆڵانەکان پێوەرە نەک جل و پێڵاوێکی قوڕاوی سەر شاشە کە خودا دەزانێت قوڕی کام جۆگەلەیە!
لەم کارەساتەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كوردستان فاوندەیشن و ڕوانگە، دیسان سەلماندیان لە کاتە هەستیار و نەخوازراوەکاندا دەتوانن بە شێوەیەکی سەردەمی و ئەتەکێتێکی بەرزەوە بە تەنگ زیانلێکەوتووانەوە بن. مرۆڤ خەنی دەبێت بەوەی ئەو هەموو کارمەندە بە جلی هاوشێوەی سەربە دەزگایەکی یارمەتیدەری کوردستانییەوە ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی زیانلێکەوتووی کورد بەسەر دەکەنەوە.
پێم وایە لە ڕووداوی وادا دەردەکەوێت کام هێز و لایەن بە تەنگی خەڵکەوەیە و کوردستانی بۆ گرنگە و کام هێز و لایەنیش هەر لەسەر زامی خەڵک پاڵ کەوتوون و مشەخۆرانە لە ئازاری خەڵک دەلەوەڕێن!