دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ کە بەگوێرەی ڕای زۆرینەی کارناسان دەکرا بەو شێوەیە نەبێتە هۆی ئاوارەبوون و بێ ماڵوحاڵبوونی خەڵک، شەپۆلێکی پشتیوانی و هاوکاریی لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا. بێگومان بەشێکیان هەر کرداری بوون و تا ئێستە وەک بیستوومانە بەگوێرەی توانا هەنگاوی خێر و چاکەیان هەڵگرتووە و بێگومان بەشێک لەم شەپۆلەیش تەنیا سۆز و کەفوکوڵێکی زارەکییە و زۆریش ئاساییە، ئەگەر قسەیەک لە پشتگیریی خەڵکە زیانلێکەوتووەکە بکەن و دواتر بزانن پێیان هەڵناسووڕێت، لانیکەم هەر ئەو قسە پشتگیرانە و پشتیوانیکەرانە، بە زمانێکی سادە و بێگەر دەربڕیوە. پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکەم، با ئاماژە بەوە بکەم کە چۆنچۆنی دەکرا ئەم لافاوە بەم شێوەیە ڕوو نەدات؟ یان لانیکەم ئەگەریش وەک دیاردەیەکی سروشتی هەر دەبوو ڕوو بدات، بەو شێوەیە نەبێتە مایەی زەرەر و ئاوارەبوونی خەڵک؟.
هەموومان دەزانین ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمەکانی عێراقدا بوون و لە پرۆسەی نەدیوگرتنی هەر جۆرە نۆژەنکردنەوە یان بنیاتنانەوەی کوردستان لەلایەن سیستمە سیاسییەکانی بەغداوە (بە ئێستەیشەوە) جێگیر بووە و دەکرێت بڵێین هێشتا گەرمیان و چەمچەماڵ بە گشتی لەناو دۆخی ئەنفالدا دەژین. پاش ڕاپەڕینیش گوایە یەکێتی نیشتمانی حوکمڕانی ئەو ناوچەیە بووە، هیچ پرۆژەیەکی نەک لەو بابەتە، بەڵکوو لە هیچ بابەتێکی دیکە ئەنجام نەداوە. دەکرێت بڵێین تا ئێرەش هەر ئاساییە! ئاساییەکی سەیر و سەمەرە هەڵبەت!
بەڵام کارەساتەکە لێرەدایە، بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی و لە گەڕی زنجیرەی پرۆژە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، یەكێتی ڕێگر بووە لەوەی پرۆژەکانی حکوومەتیش لەوێ جێبەجێ بکرێن، ئەمە بابەتێکە پێویستی بە بەڵگە نییە، چونکە سەرۆک وەزیران چەندان جار بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باسی کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا بە ڕای من، ئەگەر لەم ساڵانەی دواییدا یەکێتی نیشتمانی بە چاویلکەی تەسکی حزبی و ململانێی بەرتەسکەوە نەیڕوانیایەتە بابەتی ژیان و گوزەران و چارەنووسی خەڵک، دەکرا بڵێین ئەم لافاوە دەیتوانی هێندە زەرەر و زیان بە هاووڵاتییان نەگەیەنێت. کەواتە لەم سنوورەدا ململانێی حزبیی بەرتەسک بووەتە هۆی زەرەری خەڵک و نەیهێشتووە پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێم لە خزمەت خەڵکی دەڤەرەکەدا بن.
ئەگەر بگەڕێمەوە سەر ئەو مژارەکەی تر کە لە سەرەوە تیشکم خستە سەری، دەبێت باسی دوو جۆری گشتیی لە بەتەنگەوەهاتن و دەربەستیی کۆمەڵایەتیی بکەم.
یەکەمیان، ئەوەیە خەڵکانێکی ئاسایی بە گوێرەی توانایان (هەر لە منداڵێکەوە کە دەخیلەکەی دەشکێنێت و دەیبات بۆ هاوکاری، تا دوکاندارێک کە ژەمێک خۆراکی خێزانێک دابین دەکات) دەیخەنە ڕوو کە بێگومان لە هەندێ حاڵەتدا هەر هەڵوێستێکی زارەکی و سۆزدارانەی ڕووت یان نامادییە کە بێگومان جێی ڕێز و دەسخۆشییە و کەس گلەیی لەوانەیش ناکات کە بە قسە پشتگیریی دەکەن.
جۆری دووەمی دەربەستی و بە تەنگەوەهاتنی کۆمەڵایەتیی ئەوەیە، هەندێک کەس بەناوی سیاسەت یان با بڵێین لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا نەک ئەنجامی بدەن، بەڵکوو نمایشی دەکەن و لەوەش خراپتر دەیشێوێنن. نموونەی دیاری ئەم حاڵەتە شنیار ئەنوەر یان کەسانی هاوشێوەی ئەون کە بە نیازی شێواندن و ئامانجێکی ئایدۆلۆجیانەی بەرتەسک نمایشەکە دەکەن، بەڵام دواتر سەریان دەدا لە بەرد.
کێشەی شنیارەکان و ئەو لایەن و باڵەی شنیار دەکات بە داردەست و جەستەی دەکات بە ئامراز تا سەرنجی خەڵک بە خۆیەوە مەشغووڵ بکات، ئەوەیە لە بەرەی دژی خەڵکن، بەڵام خۆیان وا دەزانن لە بەرەی خەڵکن! وا دەزانن خەڵک نازانن ئەوان لە بەرەی دژی خەڵکن! ئەم وەهم و چەواشەتێگەیشتنە دواجار بەرەو دۆڵ دەیانگلێنێت. ئەوانە وا دەزانن چونکە خۆیان لە پارەی ڕەشوڕوتی کوردستان دەدزن و لە ئەورووپا قومار و گەعدەی پێ دەکەن، دەبێت لایەنەکانی تریش وا بکەن و بە تەنگەوەچوونی خەڵک نەخەنە ناو خشتەی کارەکانیان نەوەک خەڵک تمووحیان زیاد بێت!
بێگومان ئەم ستراتیجە بە ڕاشکاوی و بە دەربڕین بەڕێوە نابەن، بەڵکوو لە چوارچێوەی کۆمەڵێک پلانی ورد و درشتی ئیداری، حزبی و میدیایی و بەهۆی چەندان کەسی هاوشێوەی شنیارەوە بەڕێوە دەبرێ. ئەو بەرەیە پێیان وایە خزمەتکردنی خەڵک لەلایەن پارتی و حکوومەتی هەرێمەوە و... دەبێتە هۆی ئەوەی تۆڕی بازرگانی و ئیسراحەتیان تێک بچێت و دەبێت پرۆژە بۆ خەڵک بکەن، لە ڕاستیدا تێگەیشتنەکەیان دروستە، بەڵام هەڵەیەکی مێژوویی و ئەخلاقیی گەورەیە، چونکە هەم خەڵک ئەوەی بۆ دەرکەوتووە و هەمیش دەزگاکانی وەک خێرخوازیی بارزانی و لایەنانی دیکە پشت ناکەنە خەڵک و خۆیان سەلماندووە، بۆیە ئەم لایەنانە هەوڵ دەدەن بە چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵک ئەو ئیرادەی بە تەنگەوەبوونەی کۆمەڵایەتی و ئینسانیی لە هەولێرەوە چەواشە بکەن کە تا ئێستەیش شکستیان خواردووە.
نامەکەی هاووڵاتیانی چەمچەماڵ بۆ کاک قوباد و بەڵگەی ڤێلا و خۆشڕابواردنەکانی شنیار لە ئەمەریکا، ئەم شکستەن کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بۆیە دەبێت بزانین چ جیاوازییەکی قووڵ لە نێوان بە تەنەگەوەهاتنی کۆمەڵایەتیی وەک واقیع و کردار و دەربەستیی کۆمەڵایەتیش وەک دروشم و نمایشدا، هەیە.