شه‌ش ساڵه به‌یانی باشت لێ ده‌كه‌م و وه‌ڵامم ناده‌یته‌وه، شه‌ش ساڵه ناپرسی باش خه‌وتی؟ شه‌ش ساڵه پێم ناڵێی خودا ئاگادارت بێت، پێش ته‌واوبوونم له ده‌وام پێم بڵێی بێم به شوێنتدا. شه‌ش ساڵه له گه‌رمیی ئه‌و باوه‌شه پڕ سۆزه‌ت بێ به‌شم و هێشتا زۆۆۆۆر به‌قووڵی له لووت و بوونمدا هه‌ستی پێ ده‌كه‌م، شه‌ش ساڵه كه‌س نه‌یتوانیوه وه‌ك تۆ له باوه‌شم بگرێ و بڵێ ئیڤه‌خان كچه جوانه‌كه‌م به‌خوا تۆ هه‌موو دنیای بۆ من.
شه‌ش ساڵه پوورم چاوه‌ڕێیه رۆژ بێته‌وه و بچینه لای و ئێواره‌یه‌كی خۆش به‌سه‌ر به‌رین، وه‌ك چۆن شه‌وه‌كه‌ی به‌ڵێنت پێ دا سبه‌ی به‌یه‌كه‌وه سه‌ردانی بكه‌ین، به‌ڵام تۆ هه‌ر خه‌وتی و پوورم و ئێمه‌ش تا ئێسته هه‌ر له خه‌و ڕاچڵه‌كیوین.
ده‌مه‌وێ ئه‌م نامه‌یه‌ت به‌كورتی و ساده‌یی بۆ بنووسم، تا تۆزێ له ئاگری ناخم بكه‌م به هاڵاوێكی گه‌رمی بێده‌نگ، هه‌رچه‌ند ده‌زانم نه پێت ده‌گات و نه وه‌ڵامیشم ده‌ده‌یته‌وه، هاوشێوه‌ی ئه‌و خه‌ونانه‌ی پێته‌وه ده‌بینم، به بێده‌نگی كۆتات دێت، به‌ڵام ده‌خوازم تۆزێ ناخم پێی خاڵی ببێت.
دایه گیان سڵاو
سڵاوی هه‌ر شه‌شمانت لێ بێت
ئێمه زۆر باشین ده‌سته جوانه‌كانت ماچ ده‌كه‌ین، بێ دایكیی زۆر جوان و به‌هێز گه‌وره‌ی كردووین، هه‌ریه‌كه‌مان له جێگه‌یه‌كی جوان به یادی تۆ و نزا بۆ تۆ و په‌روه‌رده‌ی تۆ ده‌ژین، نازانم ناخی هه‌ریه‌كێكیان چۆنه بۆت، به‌ڵام دڵنیام هه‌ر شه‌شمان له هه‌ر پێنج فه‌رزه‌كه‌دا نزا بۆ ئاسووده‌ی رۆحت و بینینه‌وه‌ت له به‌هه‌شتدا ده‌كه‌ین.
كوڕه‌كانت ئه‌وه‌نده بێ وه‌ین، بۆ هه‌زار پشتمان شانازیان پێوه ده‌كه‌ین، ده‌زانم زۆر خه‌می راهێنی پێنج ساڵته كه به‌جێت هێشت، به‌ڵام ئاسووده به به‌هێزترین پیاوی لێ ده‌رده‌چێت.
ماڵه گه‌رموگوره‌كه‌ت ئێسته ماڵی تری لێ دروست بووه و كچه بچووكه‌كه‌ت گه‌وره‌ی ماڵه، به‌ڵام چ خاتوونێك خۆت گوته‌نی من و كراوم به‌دوان، وه‌ك تۆ هه‌میشه ده‌تگوت زۆر له تۆ ده‌چێت و زۆرم پێ خۆشه وایه، به‌ڵام دایه تۆ نایبینی ئێسته زۆر له من به‌هێزتر و لێوه‌شاوه‌تره. به‌ڵێ باسی ئه‌و بچكۆله‌یه‌ت بۆ ده‌كه‌م كه ئاره‌زووی بووكی باربی بوو و باوه‌ڕ به‌و گه‌وره‌بوونه‌ی ناكه‌ی.
دایه گیان ئاواته‌كه‌ت هاتووه‌ته دی، به‌ڵام نه‌تبینی ئێسته سێ نه‌وه‌ی جوانت هه‌یه و دایه گه‌وره‌یان له وێنه‌كانیدا ده‌بینن، ناخوازم تۆ بیانبینی، ببووره له‌وه‌ته‌ی چووی، له خودا داواخواز بووم له خۆشترین شوێنی به‌هه‌شت دوور له هه‌موو ئاگایه‌كی ئێره، رۆحه پاكه‌كه‌ت ئاسووده بێت.
دایه‌گیان له‌و شه‌ش ساڵه‌دا شتی زۆر زیاتر له‌وه روویان داوه كه مێشكی مرۆڤ قبووڵیان بكات كه ناتوانم لێره هه‌موویانت بۆ بنووسم، به‌ڵام ژیان هه‌مووی گۆڕاوه، جا به‌جۆرێك گۆڕاوه كه تۆ هیچ حه‌زی پێ ناكه‌ی، به‌ناوی پێشكه‌وتنه‌وه هیچ شتێك په‌رده‌ی له‌سه‌ر نه‌ماوه، جوانییه‌كان رۆیشتن له‌گه‌ڵت به‌نیله گیان. چه‌ند ساڵێك بوو هیچ شتێكم بیر نه‌مابوو له‌و ٢٩ ساڵه‌ی كه به بوونته‌وه ده‌ژیام، ئاخر خودا ره‌حمی كرد تا بتوانم به‌رگه بگرم، مێشكم له یادگاری پاك بووه‌وه.
ماوه‌یه‌كه ورده ورده هه‌ندێك شتم بیر دێته‌وه و به‌خۆم ده‌ڵێم، دایك و كچێكی چه‌ند جوان بووین، چه‌ند پڕ ژیانانه ده‌ژیان، هه‌ردووكمان دایك و هه‌ردووكمان كچی یه‌ك بووین، به‌ڵام له‌پڕ یاده‌وه‌ریم كوێر ده‌بێته‌وه و دوای ئه‌وه‌م بیر نامێنێ له ناخه‌وه نزا هه‌میشه‌ییه‌كه‌مت بۆ ده‌كه‌م و بێده‌نگ ده‌بم، به‌ڵێ بێده‌نگ ده‌بم وه‌ك ئه‌و به‌یانییه‌ی تۆ ئیتر بێده‌نگ بوویت و نه به‌یانی باشت كرد و نه ماڵئاوایی.
له كۆتایی ئه‌م نامه ساده‌یه‌دا، به‌خودا و هه‌موو میهره‌بانییه‌كانت ده‌سپێرم و تكات لێ ده‌كه‌م كه خه‌می ئێمه‌ت نه‌بێ، چونكه وه‌ك بڵێی تۆ له‌وێش هه‌ر ده‌ست به نزا بی بۆمان، ئاوا خودای گه‌وره پشتمان ده‌گرێ. ئاسووده بنوو دایه گیان، بۆ هه‌میشه گه‌وره‌ترین شانازیت بۆمان كه تۆ دایكمانی، به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌ین ئێمه‌ش ئه‌و شانازییه بین بۆت.