هەڵبژاردنی کاک بەرهەم و چەند سەرنجێکی بەجێ

PM:12:58:15/12/2025 ‌
"خۆشحاڵم نیازی خۆمتان پێ ڕابگەیەنم بەوەی کە لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشنیاری دەکەم بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە کۆماری عێراقەوە بپاڵێورێت بۆ کۆمیسیۆنی نوێی کاروباری پەنابەران بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ڕۆژی یەكی کانوونی دووەمی 2026 تا 31ی کانوونی یەکەمی 2030". ئەمە پەیامیa ئەنتۆنیۆ گوتێرێر سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بەبۆنەی هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح بۆ کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دووەم پۆستە لە دوای سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و سەرپەرشتی دامەزراوەیەک دەکات کە 20 هەزار فەرمانبەری لە 130 وڵاتی جیاوازی جیهان هەیە، کاری سەرەکی پاراستن و دابینکردنی گوزەرانی پەنابەرانە کە ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم پۆستە وەربگرێت، کۆمیسیارەکانی پێشوو هەموو ئەورووپی بوون جگە لە ژاپۆنییەک و  کەسێک بەناوی سەدەردیین ئاغاخان کە فرەنسی-ئێرانی بوو. 

لێرەدا دەمەوێت لەسەر چەند تەوەرێک لەنگەر بگرم، یەکەمیان، ئەوەی ئەو گوتارەی گۆتێرێز بەناوی کۆماری عێراقەوە د. بەرهەم ناو دەبات پێشاندەری چییە؟ ئایا جگە لەوەی کە سیستمی ئیداریی ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر نەزمێک دەڕواتە پێش کە سیاسییە نەک مرۆیی؟ سیاسی نەک بە مانای واقیعی سیاسی، بەڵکوو بە مانای زەبری هێز! باشە گۆتێرێز و داودەزگا ژێردەستەکانی و ئەو هەموو کارمەندەی نازانن عێراق بە حیساب فیدراڵە؟ ئەی لە یاسای عێراقدا ئەمە نەچەسپاوە؟ ئەدی ئەم بانێک و چەند هەوایەی ڕۆژئاوا و وڵاتانی بیانی چییە بەرانبەر کورد دەیگرنە بەر؟ بۆ مەگەر کورد تەنیا لە کارەسات و کیمیایی و ئەنفال و خۆبەکوشتدان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان داعشدا کە بوون بە قەڵغانی ڕۆژئاوا و شارستانییەت و کیانیان خستبووە مەترسییەوە، چی دەبێت وەک کورد ناوی ببەن؟ ئایا کورد تەنیا لە کارەسات و کوشتن و شەڕدا مانای هەیە و پێگە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی و سیاسییەکان هی عێراقی و ئێرانی و سوری و تورکن؟ ئایا ئەمە خۆی دەرخەری سیاسەتی بیرۆکراتی و ستراتیجی ڕۆژئاواییەکان بەرانبەر دۆزی کورد لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە تا ئێستە، نییە؟ 

کورد دەبێت تاکەی بە مارکە و کاپشنی تورک و عەرەب و... خزمەتی مرۆڤایەتی بکات؟ تەوەری دیکەی باسەکەم هەر لەوەی یەکەمەوە سەرچاوە دەگرێت، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە میدیا ئێرانییەکان لەژێر ناوی "عێراقییەک وەک سەرۆکی کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران هەڵبژێردرا" هەموو هەوڵێکیان دا تا ناکوردبوونی بسەلمێنن، دیارە ئەمە لە هەمان گوتاری سەرەوە کە لە وتەی گۆتێرێزدا بەناوی "بەرهەم ساڵح لە کۆماری عێراق"ەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەگەریش لۆجیکیانە چاوی لێ بکەین، بێگومان هەر ئەوە دروستە، چونکە ڕێچکەکە وا دانراوە و ئەوانەیش نەیاری کوردن، بۆ پێیان خۆش نەبێت؟

تەوەری دیکە ئەوەیە، ئایا لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئێمە کە دەزانین کاک بەرهەم کوردە و کاتی خۆی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بووە و ئەندامی پێشووتری یەکێتی نیشتمانی و دواتر دامەزرێنەری حیزبێک کە بە مردووی لەدایک بوو و ئێستە کەس نازانێت سەربە كێیە و بافڵ تاڵەبانی لە دوادیداریدا وتی هەر نایناسم، دەتوانێت ڕەچاوی دۆخی کورد بکات لە ئیشەکەیدا؟ واتە دادوەر بێت لەوەی بەسەر کورد و کوردستاندا هاتووە و دۆخی پەنابەرانی کوردستان ڕەچاو بکات؟ بێگومان مەبەستی من واستەکاری و سەرەبۆگرتنی ژێراوژێر نییە، بەڵکوو گەیاندن و درککردنی بەو ڕاستییەیە کە نەتەوەیەک بەناوی کورد بە درێژایی سەدەی بیستەم ڕاگوێزراوە، ئەنفال کراوە، کیمیاباران کراوە و ... لە بنەڕەتدا لە وڵاتی خۆی بووە بە پەنابەر! سوودوەگرتن لە سەڵاحیەتەکانی بۆ مەرهەمنان لەسەر زامی بەشێک لە پەنابەرانی کوردستان بێت؟ 

ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەبێت د. بەرهەم لە خۆی کردبێت یان بیکات، یان نا د. بەرهەم دەیەوێت وەک فەرمانبەری ڕیکخراوێکی دیار و ماکیاجکراوی جیهانی ناوی هەر لە ناواندا بێت و وەک قۆناغێک کە حزبەکەی خۆی سڕ کرد و چووەوە بۆ لای یەکێتی تا بیکەن بە سەرکۆماری عێراق، دەجووڵێتەوە؟! من وەکوو کوردێک ئەوەم بیر ناچێتەوە کە کاک بەرهەم لە کاتێک کە بەناوی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەشداری خولێکی هەڵبژاردنی کرد، گوتی پێشنیاری بەرز و باڵایان داوە پێم و قبوولم نەکردووە و تەنانەت سەرۆک کۆماریشم ڕەت کردووەتەوە، کەچی ماوەیەکی نەخایاند وەک سەرۆک کۆمار ناوی درایە بەغدا! ئەم کارنامەیە لای من وەکوو کوردێک متمانەپێکراو نییە. 

تکایە بەهەڵە لێم تێمەگەن، خۆشحاڵم کوردێک لە ڕێکخراوێکی وادا پۆستێکی وەرگرتووە، بەڵام لە ڕووی ناو و ئیدارییەوە ئەو عێراقییە و هەژموونی عەرەب لە عێراق بوار نادات وەک کوردێکی عێراقیش دەرکەوێت! لە پاڵ ئەمانەیشدا، کارنامەکەی پێمان دەڵێت، ئەو هێندە بە تەنگی ناو و پۆستەوەیە بە تەنگی کردار و کردەوەی واقیعییەوە نییە! کێ قۆناغی سەرۆک کۆماریی ئەو لە عێراقی بیر دێتەوە با یەک کردەوە یان پەرچەکرداری دیاری ئەومان بۆ بژمێرێ و بیرمان خاتەوە! 

ئەم قسانەم هەمووی دەخەمە خانەی ڕەشبینی و هەڵبەت واقیعبینیی ڕٶژنامەنووسێکەوە و لە خوا داوکارام هەر هەموویان هەڵە دەربچن و دکتۆر بەرهەم لەو پۆستەیدا ئاوڕ لە کورد و دۆزەکەی لە چوارچێوەی پەنابەرانی کوردستاندا بداتەوە و تۆزێک لەو لۆبییەی بخاتە کار بۆ دەستهێنان بەسەری ئەو هەموو هەتیو و قوربانیانەی کە لە کوردستان دەژین و لانی كەم باری حكوومەتی هەرێم سووك بكات و ئەركی ئاوارەكان بخاتەوە سەر نەتەوە یەكگرتووەكان!.