دەستخۆشی لە كەناڵی "ڕووداو و ئاڤا" و ئەو هەوڵە تاكەكەسییانە دەكەم، بۆ ئەو هەڵمەت و پاڵپشتییە گەورەیەی لە پێناو لێقەوماوانی لافاو كردیان، بەڵام حەق نییە ئەو پارانەی كۆكراونەتەوە بدرێتە دەست هیچ لیژنەیەكی ئەو ناوچەیەوە بۆ خەرجكردن و قەرەبووكردنەوە، چونكە بەپێی ئەزموون و بینینی ڕووداوەكانی دوای ئەم لافاوە، بە ڕوونی دەركەوت لەو سنوورانە بەڕێوەبردن شكستی قووڵی هێناوە و ئاستی ژیان زۆر سەرەتاییە، پڕۆژەكانیش هیچیان وەك پێویست جێیان نەگرتووە یان تەواو نەكراون و جۆرێك لە بێسەروبەری هەیە. بۆیە ناكرێت كاتێك خەڵك و بازرگانانی كوردستان شان دەدەنە بەر ڕاستكردنەوەی ئەو شكستە، پارەكە بدرێتەوە دەست هەمان ئەو خەڵكانەی كە سنوورەكەیان بەڕێوە بردووە.
خۆشبەختانە بەهاناوەچوونەكە گەورە و فراوانە، كەواتە باشترە لیژنەیەك لە دیوانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی دروست بكرێت و نوێنەرێكی خەڵك و زیانلێكەوتوویەكیشیان لەگەڵدا بێت، تیمێكی ئەندازیاریی خۆبەخش و بێلایەنیش دوای قەرەبوو پلانی پرۆژەیەك بۆ شارەكە بخەنە ڕوو و سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی بكەن، بەو جۆرە بەیەك تیم و شەفافانە كردارەكانی خەرجكردن و قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكە تەواو بكەن و ئەو پارەیەی مایەوە، بخرێتە خزمەتی شارەكەوە بۆ پڕۆژە.
لەم ڕووداوەدا مرۆڤی كورد بۆ هەمیشە سەلماندیەوە چەند جوان و یەك ڕۆحە، ئەو تایبەتمەندییە ڕەنگە هەر لەم نەتەوەیەدا هەبێ كە لە یەك ساتدا سەرانسەری وڵاتەكە بۆ ڕووداوێك، پێكەوە دڵیان لێ دەدات و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرانبەر یەكتر، بەڵام بە ڕاستی ئاستی ژیانی خەڵك و خزمەتگوزارییەكانی ئەو سنوورە، پێمان دەڵێ، هیچ نەكراوە و پڕۆژەكانیش شكستخواردوون و دەیان ملیار دۆلار بە هەدەر دراوە، ئیتر چۆن دەبێ متمانە بەو ستافانە بكرێتەوە و پارەی وا گەورە بخرێتەوە بەردەستیان؟
هەر لە ئێستەوە هەست دەكەم كارەكە بە تەواوی بە حزبی دەكرێت و وەك منەت بەسەر خەڵكی لێقەوماودا دابەش دەكرێ، لە كاتێكدا ئەم پرسە نەتەوەییە و خەڵك خاوەنداریی دەكەن و هیچ پێوەندییەكی بە حزب و كەسەوە نییە، هەروەها كۆمەكەكە هی خەڵكی كوردستانە لە زاخۆوە تا گەرمیان، لە دنیای پێشكەوتوودا كە خەڵك بەشدار دەبێ لە بنیاتنانەوەدا، مافی ئەوەیشی هەیە قسەی هەبێت و بەشدار بێ لە بڕیاردا، دیموكراسییەكەی ئەوروپا هەر ئەمە بەهێزی كردووە، خەڵكەكە لە ڕێگەی باجدانەوە حكوومەت و بێكارەكان بەخێو دەكەن و ئەو بەشدارییە هێزی ئەوەی پێداون كە بەشێك بن لە خاوەنداریی وڵات و ئاراستەكردنی بڕیار.
بەداخەوە لەو سنوورانەی زیانەكەیان بەركەوتووە، ژیان و بەڕێوەبردن ئەوەندە گەڕێنراوەتەوە دواوە، كارمەندێك دەنگی بە حزب نەدابێ، بە لایانەوە ئاساییە لە كفرییەوە بیگوازنەوە بۆ قەڵادزێ بۆ ئەوەی هەراسانی بكەن و تۆبەی پێ بكەن، ئەم دیدە مەترسیدارە لەسەر ژیانی شارستانی و پێشكەوتن، بۆیە دەبێت گومان لە هەموو شتێكی بكرێت و وەك دەستێكی ئەمین سەیر نەكرێ، لە دۆخێكی وادا ناكرێ داهاتی ئەو خەڵكە جوان و بە هەڵوێستە بۆ برا و خوشكە لێقەوماوەكانیان، بخرێتە بەردەستی ئەو بیركردنەوە تەسك و داخراوە، بەپێچەوانەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوو خەڵك لە هەر بابەتێكی تردا بەشداریی هەبێت، مافی خۆیانە لیژنەی گەورەتر و كوردستانی، ئیدارەی بەخشینەكە بدەن و دڵنیام خەڵكی چەمچەماڵیش خۆشحاڵتر دەبن.
هەروەها دەزگاكانی "خێرخوازی بارزانی و ڕوانگە و كوردستان فاوەندەیشن"، مافیان هەیە شوێنی گرنگیان لەو لێژنانەدا هەبێت و ڕاستییەكەی هەر ئەمان لە ساتەكانی یەكەمەوە خاوەنداریی خەڵكە لێقەوماوەكەیان كرد و ماڵ بە ماڵ بەدەمیانەوە چوون، خانوویان بۆ شۆردن و نەوت و ڕایەخیان دابین كرد هەتا زوو بكەونەوە سەر پێ و بچنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە حەقە شوێنی گەورەیان هەبێت لە هەر كارێكدا كە بۆ ئەو سنوورانە لە كۆمەكە دەكرێت و وەك دەزگای كوردستانی ببینرێن، چونكە خۆیان وا كار دەكەن و تیمەكانیشیان زۆر لێبڕاو و خۆبەخشانە خزمەت دەكەن.