ئاو لە قەیرانەوە بۆ دەرفەت

AM:10:49:16/12/2025 ‌
منیش وەک کوردێک پەرۆش و خەمخۆری دۆخی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لە چەمچەماڵ و دەوروبەرین و هەموو ئەوانەی لافاو زیانی پێ گەیاندوون، هەروەها دەبێت سوپاسی خۆم وەک ڕۆژنامەنووسێک ئاراستەی هەموو ئەو دەزگا و لایەن و کەسانە بکەم کە کوڕانە و کوردانە پەرۆشی دۆخی چەمچەماڵ بوون. 

ئەوەندەی ئاگادار بم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خەریکە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی گەرمیان ڕێک دەخرێت. هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەوەی لە کاتێکی ناوخۆشدا ئێمەی کۆ کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی دڵخۆشکەرن و پێمان دەڵێن، ئێمە میلەتێکی بێدار و پەرۆشمان هەیە و ئەگەر ناپاک و گێرەشێوێنی ناوخۆیی بوارمان بدەنێ. 

بەو پێشەکییە دەمەوێت فۆکس بخەمە سەر قەیرانی ئاو لە داهاتوودا، بە پشتبەستن بە ڕای کارناس و شارەزایانی جیهان و دۆخی ئاو لە کوردستان. قەیرانی جیهانیی ئاو، واتە کەمبوونەوەی خێرای ئاوی خواردنەوە بەهۆی تێکەڵەیەک لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە، لەوانە وشکەساڵیی زیاتر و زۆرتر، گۆڕانکاریی لە شێوەکانی داکردنی باران و بەور، زیادبوونی حەشیمەت، پێشکەوتنی ئابووری، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و ئیدارەدانی ناکارامە و پڕ لە نوقسانی سەرچاوەکانی ئاو. ئەم قەیرانە تا ئێستە دۆخی ملیاران کەسی لە دنیادا خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و بووە بەهۆی هۆشداریی لەلایەن زانستمەندانەوە و کاتی گەیشتنی "ڕۆژی سیفری ئاو" واتە ئەو ڕۆژەی داواکاریی بۆ ئاو لە سەرووی بوونی ئاوە. 

بۆ ئەم قەیرانە ڕێگەچارەگەلێک خراونەتە ڕوو وەک شیرینکردنەوەی ئاو (واتە نەهێشتنی خوێ لە ئاوی سوێر)دا، لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای تایبەت و گرتنەوەی ئاو لە هەوا، ئیدارەدانی ژیرانەی سەرچاوەکانی ئاو، دووبارە خاوێنکردنەوەی ئاو، گۆڕینی شێوەی بەکارهێنان و دانانی سیاسەتی کاریگەر بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگەی زەوییە. لەم ڕوانگەیەوە چەند هۆکاری سەرەکی بۆ قەیرانی جیهانیی ئاو دیاری کراون: 

1-زیاتربوونی وشکەساڵی و شێوەی بارینەکان 
2-زیاتربوونی حەشیمەت و دانیشتووانی زەوی کە ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی خواستی زیاتر بۆ ئاوی خواردنەوە 
3-پێشکەوتنی ئابووری، ئەمەیان دەتوانێت یەکێک لە کێشە کاریگەرەکان بێت، چونکە بەهۆی پیشەسازیی لە بواری پیشە و کشتوکاڵ و... ئاوێکی زۆر بەکار دەبرێت ٤
4-پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی پیسکردنی ژینگە و دووکەڵی کارگە گەورە و بچووکەکان و پاڵاوگەکان و هەروەها شەڕی نێوان وڵاتان کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ژینگە، لەوانە پرۆسەی تەقینی کانی و سەرچاوەکان٥
5-ئیدارەدانی ناکارامە و ناسەردەمییانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ئاوەی بەردەستە، بە فیڕۆ بڕوات. 

بێگومان ئەو قەیرانە جیهانییەی ئاو هێشتا ماوە بە تەواوەتی وەک دەربکەوێت و بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی 2030 دەیبینین، ئەگەر دەوڵەتان فریا نەکەون و خەڵک هاوکار نەبن بۆ ئەوەی ماڵۆچکە پڕ ژیانەکەیان لە گۆی زەوی بپارێزن. ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستانیش بە ڕادەیەکی کەم ئەم قەیرانەمان هەست پێ کردووە، لە وڵاتێکی وەک ئێران ئەوە هەیە قەیرانی ئاو حکوومەت ڕاماڵێت، حکوومەتێک کە فڕۆکە و هاژەک نەیخات و ئاو بیبات! چونکە دەریاچەیەکی گەورەی وەک ورمێ ئێستە نەک هیچ ئاوی نییە، بەڵکوو بووە بە دەریاچەی خوێ! ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دەیان کیلۆمەتر لە دەوروبەری دەریاچەکەیش لە ڕووی ژینگەییەوە بشێوێت و لەناو بچێت! زایندەڕوود لە ئیسفەهان چەندان ساڵە وشکە، ئاوی خواردنەوە لە شارە گەورەکانی وەک تاران و کەرەج بە سەرە بۆ خەڵک و گەڕەک و ناوچەکان دەکرێتەوە. 

ڕەنگە لەم ڕووەوە وڵاتێکی وەک تورکیا سیاسەتێکی ئایندەبینانەی ڕەچاو کردبێت، ئەگەرچی بە زیانی وڵاتانی دیکەی وەک کوردستان و عێراق شکاوەتەوە، بەهۆی ئەو هەموو بەنداوەی دروستی کردووە. 

کوردستان لە ڕووی ئاوەوە ئەگەر نەڵێین دەوڵەمەنترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، ئەوا دەکرێت بڵێین یەکێک لە جیۆگرافیا دەوڵەمەندەکان و ژینگە لە بارەکانە، پرۆژەی ئاوی خێرای هەولێر، وەک سیاسەتێکی ئایندەبینانەی حکوومەتی هەرێم، بێگومان بەشێکی زۆری قەیرانی ئاوی چارەسەر کردووە و کارێکی زۆر مەزنە، بەڵام لە چاو ئەو قەیرانەی دادێ، بەس نییە و دەبێت لەسەر دۆسیەی ئاو کۆڕبەندی پسپۆڕانەی زانستیی تایبەت بە ئاو و ئیدارەدانی ئاو و سیاسەتەکانی تایبەت بە ئاو رێك بخرێت.

لایەنێکی تر داکردنی بەفر و بارانە لە کوردستان کە ڕێژەکەی بەشێوەی گشتیی باشە و دەکرێت بە ئیدارەدان و ڕێکخستنی سەردەمیانە، نەک تەنیا زیان و زەرەرەکانی ڕووداوگەلێكی وەک لافاو بگەیەنینە کەمترین ئاست، بەڵکوو دەتوانین ئاوێکی زۆریش كۆگە بکەین. 
لە پاڵ ئەمانەدا، کولتوورسازیی لە شێوازی بەکارهێنانی ئاودا بابەتێکی زۆر گرینگە، کەس ناڵێت ئێمە هیچ نوقسانییەکمان لە دەستڕاگەیشتن بە ئاودا نییە، بەڵکوو دەمەوێت بڵێم ئەو کاتەی گەڕەکەکەی ئێمە ئاوی هەیە، دەست پێوە بگرم و دروست بە کاری بێنم، تا دابەشکاریی ئاو وەک سیاسەتەکانی ڕێکخستنی ئاو لەلایەن حکوومەت و داودەزگاکانییەوە بە ئاسانی بتوانن قەیرانی ئاو کۆنترۆڵ بکەن. 

بە کورتییەکەی، چاکسازیی لە کولتووری بەکارهێنانی ئاودا، یەکێکە لە فاکتەرە هەرە گرینگەکان بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی ئاو لە داهاتووی کوردستاندا. لێرەوە پێشنیار دەکەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن، میدیا دیارەکان و زانکۆکان، کۆڕبەندی کاریگەر لە پێوەست بەم دۆسیە بکەنەوە و بەرچاوی کۆمەڵگە ڕوون بکەنەوە، لەوەی قەیرانی داهاتووی دنیا ئاوە و دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، تینویەتییەکی کەم لەوە باشترە بخنکێین.