لافاوەکەی چەمچەماڵ چەندان دەرکەوتەی جیاوازی لەگەڵ خۆی هێنا، لە پلەی یەکەمدا دەریخست خەڵکی کوردستان خاوەنی ئەو پەرۆشی و هاوخەمییەن بۆ یەکتر و سنووری سیاسی و حزبی ناناسن. ئەم شەپۆلی خەمخۆری و پەرۆشییە ئەوەندە بەهێز و دڵخۆشکەر بوو، دەتوانین بڵێین خواستی جەماوەری و ئیرادەی گشتی لە کوردستان لە هاوکێشەی حزبی و سیاسیی سەرووتر ڕۆیشتووە و خەڵکی کوردستان لە سەرووی سیاسەتی حزبییەکانەوە خواست و ئیرادەیان مانیفێست دەکەن.
بێگومان ئەوەی کام لایەن لە بەرەی خەڵکدایە لای من ئاوا لێک دەدرێتەوە کە هەر لایەنێک موعانات و ئازارەکانی خەڵکی نەکرد بە بابەتی موزایەدە و یاریی سیاسی و حزبی و لە کاتی قەیران و ڕووداوە ناخۆشەکاندا. ئیتر وازی لە سیاسەتی بەرتەسک هێنا و خزمەتی خەڵک و خەمەکانی کرد بە خەمی خۆی و کردەوەکانی سەلماندی، ئەو لایەنە لە بەرەی خەڵکدایە. دیارترین ڕووبەریش بۆ تێگەیشتن لەمە چالاکی و کردەوەی میدیاکان بوو کە هەندێکیان بە پەرۆشەوە لە هەوڵی ڕێکخستنی گەڕێکی پشتیوانی و هاوکاریدا بوون و هەندێکیشان هەوڵیان دەدا ئەم هەوڵە بشێوێنن، بۆیە لێرەدا حەز دەکەم هەڵوێستەیەک لەسەر میدیا و یاریی میدیاکان بکەم.
بمانەوێ و نەمانەوێ جیهان ئێستە لەسەر دەستی میدیا و بە تایبەتی تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبرێت، میدیا دەتوانێت ئایدیایەکی ناڕاست و چەواشە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زۆر و بە شێوازی جۆراوجۆر ڕاست و دروست، بنوێنێت. هاوكات میدیاکان چەندە دەتوانن ڕۆڵی باش و ئەرێنی بگێڕن، بە هەمانشێوە و بگرە زیاتریش، دەتوانن ڕۆڵی نەرێنی بگێڕن و لە باتی خستنەڕووی پرس و کێشە واقیعییەکانی ناو کۆمەڵگە، پرسی درۆرزنانە و بەراوەژوو بکەن بە بنێشتە خۆشەی سەر زاران و کێشە و قەیرانەکان پەردەپۆش بکەن.
سەردەمێک تەتەر و نامەبەرەکان فۆرمی پێشمۆدێڕن و شاخاوییانەی گواستنەوەی پەیامەکان بوون، میدیا و گەیەنەرەکانی زانیاری بەو ئاستە گشتگیر و سەرانسەریی نەبوون، كاتێك تەتەرێک پەیامێکی بە نامەیەکی مۆرومۆمکراودا دەبرد، ئەوا دەیگەیاندە لای تاکەکەسێک یان ئەوپەڕەکەی کۆڕێک لەناو خێڵ، دەسەڵاتی میری و... ئەوان دەیانتوانی بڕیار بدەن چۆن بجووڵێنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم جۆرە لە پەیامگەیاندن و پەیامخوێندنەوە کێشە و خەساری تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام بە ئانوساتێک هەموو شتەکە و ڕووداوەکە نەدەگوازرایەوە بۆ ناو ماڵ و مێشک و زەینی هەمووان.
ئەو نموونەم بۆیە هێنایەوە، تا سەرنجی دیاردەی نەمان یان کاڵبوونەوەی کات وەک توخمێک لە توخمەکانی ئەزموونی مرۆڤ لەناو بوون و کۆمەڵگەدا بدەین. ئەم "ناکات"ییە خۆی لەگەڵ خۆیدا دیاردەی دیکە دەهێنێت، یەکێک لەوانە شیکاریی ئانوساتە، واتە ئێمە بەهۆی هەواڵێک یان پەیامێکەوە دەمودەست دەگلێین بە سۆز و عاتیفەوە و بەبێ ئەوەی قووڵایی و هۆکارەکانی پشتەوەی بزانین و لە ڕێگەی ئەکاونتەکانی خۆمان لە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی یا لانیکەم لە باسوخواسی ڕۆژانەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەڵوێست دەردەبڕین و دەکەوینە ناو زنجیرەیەک لە کردار و پەرچەکردارەوە کە ڕەنگە دەرئەنجامەکەی بە ڕادەی هۆکارە باسنەکراوەکانی پشتەوەی تاریک و لێڵ بێت. دەرئەنجامێک کە زیاتر گوتارێک بەرهەمی دەهێنێت کە خاوەنی هێز و بەگوێرەی ئەوەش میدیا و گەیەنەرە.
مردنی کات لە نێوان ڕوودانی ڕووداوێک و گواستنەوەی خێرای، سەرباری ئەوەی دەمانخاتە ناو ئەم هاوسۆزی و عاتیفە بیرلێنەکراوە یان کەمتر بیرلێکراوەوە، هاوتایە لەگەڵ کاڵبوون یان پاشەکشەی بیرکردنەوە و بە گەڕکەوتنی توانای شیکاریانەی مرۆڤ. هەمدیس ئەمەیش وەک هۆکاری زنجیرەیی دەبێتە هۆی ئەوەی دنیایەک هەڵوێستی سۆزاوی و ئانوسات دەرببڕی و لایەنگری هەواڵ یان پەیامێک بکات کە بن و پشتەوەی جارێک نادیار و تاریکە.
ئەم پرۆسەیە شێوازێک لە نووسین و بیرکردنەوەی قەڵب و ناڕەسەنی دروست کردووە کە بەر لەوەی لەسەر بنەمای ئاوەز و هزر بن، بەپێی ئەکتێکی پۆپۆڵستی و خواستێکی سۆزاویی و هەستەکییە کە سیاسەتێکی گوتاری ئاراستەی دەکات. ئەم جۆرە یاداشت و هەڵوێستۆکە-نووسییە، خەسارێکی گەورەیە لە بەردەم پەرەپێدانی ڕۆشنگەری و بەرچاوڕوونیی کۆمەڵگە و تاکەکاندا. بە مانایەکی تر، سۆزاویبوون زیاتر شۆڕ دەبێتە و لادان لە بیرکردنەوە زیاتر دەبێت بە ئەکتێکی گشتیی و بەهۆی ئەوەیشەوە کە ئیپیدیمیک و گشتگیر دەبێت، وا دەنوێنیت کە هەڵە نییە و دروست و تەواوە، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین باوەڕی بە "مەل بە گەل خۆشە" هەیە. واتە لەناو کۆمەڵێک نەریتدا مێشکمان زاخاو دراوە و گریمانەی دروستبوونی ئەکت و کردارێک، ئەگەر لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە ئەنجام بدرێت، بۆ بەرزترین ئاستی خۆی هەڵدەکشێت.
ئەمە ئەو پرۆسەیە کە لە وڵاتێکی وەک ئەوەی ئێمەدا بە دنیایەک ڕۆژنامە و میدیا و پەیجەوە لە باتی ناسینی ڕاستەقینەی قەیران و خستنەڕووی پێشیاری چارەسەر، قەیرانی ساختە و درۆزنانە بەرهەم دێت. بە دڵنیاییەوە من ئەمە بە ڕەهایی ناڵێم و مەبەستیشم هەموو هەوڵ و چالاکی هەموو میدیاکان نییە، بەڵکوو باسم ڕێژەی زۆر و فەزای ناو کایەکەیە. ئەگینا لەناو ئەم دۆخە لێڵەدا زۆر میدیا و ماڵپەڕ و دەزگای ڕۆشنبیریی و... هەن، لەگەڵ ئەوەی بەردەنگ و خوێنەرانێکی کەم بەدواداچوونیان دەکەن، بەڵام ئەرکی ڕاستەقینە و پیشەییانەی خۆیان (ئەگەر لە ئاستێکی زۆر باڵاشدا نەبێت) ئەوا لە ئاستێکی شیاوی بەرگریدا بەجێ هێناوە، بەڕای من ئەم تریبۆنە کەم بەردەنگ و کەم بینەرانە بواری چاند و کلتوور و ڕۆشنبیریی ئێمە دەبووژێننەوە، ڕەنگە بڕێک کات ببات، بەڵام ئاسۆی ئەمانە ڕوونە و من بەشبەحاڵی خۆم هەمیشە هاوکار و هاوبیری ئەو ماڵپەڕ و دەزگایانە بووم کە لەناو وەها هاوکێشەیەکدان و بە ستراتیج و پلانەوە ئیشیان کردووە.
ڕاستە ڕێژەی بەردەنگ گرینگە، بەڵام لەوە گرینگتر کوالێتی و چۆنایەتیی بەردەنگە، بەردەنگی زۆروبۆر درەنگ یان زوو دەوەرێ و دەڕوات، بەڵام بەردەنگی ئەهلی تێڕامان و بیرکردنەوە، دەمێنێتەوە و دەخوێنێتەوە و پێشنیار و ڕەخنە دەخاتە ڕوو.
هاوکێشەکە تەنیا بەم بارەدا نییە، ئێمە لەم ڕووداوەی چەمچەماڵدا میدیای کاریگەر و گشتیمان بینیی کە بە ئەخلاق و گیانی دەربەستانەوە دۆخی خەڵکەکەی ڕووماڵ کرد و هاوکاریی شیاو و شایستەی بە حورمەتەوە مسۆگەر کرد. ئەمە ئەو بابەتەیە کە دڵخۆشکەرە و میدیای گشتیی یاریکەر، لە میدیای گشتیی دەربەست جیا دەکاتەوە، واتە ئەخلاق و موراڵێک کە خزمەتی خێری گشتی بکات.
ئەو ئیرادە ئەخلاقییەی لە ساتی قەیراندا چوارچێوە سیاسی و حزبییەکان وەلا دەنێت و ئازاری خەڵک هەست پێ دەکات، جیاوازییە جەوهەرییەکە لێرەدایە، واتە هەبوونی ئەخلاق بۆ خزمەتکردن بە خێر و چاکەی گشتی.
هەر میدیایەک لەم هەوڵە ئەخلاقییەی دا و بوو بە لەمپەری بەردەمی، ئەوە هەمان ئەو جۆرە میدیایەیە کە یاریی بە سۆز و هاوکات ئاوەز و ڕای گشتی دەکات.
ناکرێت ڕۆڵی دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکی کە لە گواستنەوەی وردەکاریی دۆخی خەڵک و دروستکردنی ئەو شەپۆلە دەربەستە ئەخلاقییە، نەدیو بگرین. من لێرەوە سوپاسی هەموو لایەنێکیان دەکەم کە سەرباری کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتیوانی بۆ خەڵک، سەلماندیشیان ڕۆحی تەبایی و یەکترویستن و خەمخۆریمان بۆ یەکتر، لە کوردستان چەندە بەهێز و بەرزە.