ده‌ستنیشانکردنی سه‌ره‌تاکانی ئه‌ده‌بی ژنانه‌ی کوردی، لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕ‌وپڕ و به‌دواداچوونی ڕژدی ده‌وێت، نه‌ک ته‌نیا له‌ناو به‌رهه‌مه به‌رده‌ست و بڵاوکراوه‌کاندا، به‌ڵکوو لەناو ئه‌و مێژووه بزر و داگیرکراوه‌یشدا که هه‌ر ساڵه و جارێک چه‌ند لاپه‌ڕه یان ده‌ستوونسێکی له تاران و ئه‌نقه‌ره و ئه‌ستەنبووڵ و لەندەن، ده‌دۆزرێته‌وه یان بڕیارە بدۆزرێتەوە!. دیاره ئه‌مە به‌و مانایه نییه ئێمه له ڕووی زانیارییه‌وه قسه ده‌که‌ین، به‌ڵکوو له‌ژێر تیشکی ئه‌زموونه‌کانی ناو مێژوویه‌کدا قسه ده‌که‌ین که داگیرکه‌ر نووسیویه‌تی، داگیرکه‌ر ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه و داگیرکه‌ر به ئاره‌زووی خۆی یان هه‌ندێجار به پێداگری و مکوڕبوونی ئێمه، لاپه‌ڕه و پیته‌کان له‌ژێر ده‌ستی ده‌رده‌چێت و گۆشه‌یه‌کی تاریک و لێڵی مێژووی ئێمەی پێ ڕووناک ده‌بێته‌وه!
ئه‌مه ئه‌و گریمانه گشتییه‌یه که ده‌شێت له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونێكدا بۆ کوردیناسی و ئه‌ده‌ب و مێژووی کورد هه‌بێت. واتە هەمان یاریی هەمیشەیی دەسەڵاتی سەروەر و گێڕانەوەی ئارەزوومەندانە! سه‌رباری ئه‌مە، ئه‌ده‌بی ژنانه‌ی ئێمه به‌هۆی هه‌ژموون و گوتاری پیاوسالارانەوە، زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و زه‌نگین نییه، بگره تا ئێستەیش ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده ژنه‌کانمان گوتارێکی پیاوسالارانه به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه که به قه‌ڵه‌م و ده‌نگ و نه‌وای ژنانە، بەڵام بەتاڵ لە ژنێتی، له دۆخێکی دۆنکیشۆتی ده‌چێت.
خه‌یاڵدانی کام گوێگر یان خوێنه‌ر، به ده‌نگ و قه‌ڵه‌می ژنێک که باسی جوانییه‌کانی ژن یان ئازاره‌کانی له ڕوانگه‌ی پیاوێکەوە ده‌کات، ده‌بووژێته‌وه و ده‌ته‌قێت؟ ئێمه ئێسته‌یش ئه‌و گۆرانیانه‌مان له گوێدا ده‌زرینگێته‌وه که خاتوونێک لاسایی پیاوێک ده‌کاته‌وه و به باڵای "کراس ڕه‌شی بۆنی خۆشە"دا ده‌چریکێنێت! ئه‌م نموونه ساده بۆ ئه‌ده‌بی ژنانه، کتومت به‌م شێوه‌یه نییه، به‌ڵکوو له‌ناو ورده‌کارییه‌کانی فۆرم و گێڕانه‌وه و مۆتیڤ و ناوه‌رۆکدا، خۆی حه‌شار ده‌دات و ئێمه ده‌توانین شوێنپێیان بدۆزینه‌وه.
بێگومان لاریمان نییه لەوەی گوتاری پیاوسالارانه هاوکات نێرسالار و ملهوڕ بووه، گوتارێکی ده‌ستوه‌شێن و ڕه‌هابینیش بووه، گوتارێک بووه خاوه‌ندارێتیی دنیای ژن و پیاوی به مافی خۆی زانیوه و ئێسته‌یش وه‌ک نۆستالۆجیا و خه‌ونه دره‌وشاوه‌که‌ی خۆی، به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری نابێت و دەستبەردارمان نابێت! ئه‌م هاوکێشه‌یه ناسکی و ئاڵۆزی خۆی هه‌یه و لێره‌وله‌وێ خاتوونانێک هه‌م له چوارچێوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی و هه‌میش له قه‌واره‌ی توێژینه‌وه‌ی ڕۆشنبیری و ڕه‌خنه‌ی نائەكادیمیدا په‌رژاونه‌ته سه‌ری. ئه‌ده‌بێک که پیاوان هه‌وڵیان داوه کێشه‌کانی ژن به‌رجه‌سته بکه‌نه‌وه، بێگومان ناتوانێت به ته‌واوه‌تی گوزارشت له دنیای ژن و شێوه-ژینیان بکات، ته‌نانه‌ت له زۆر جاریشدا ئێمه ئه‌و ده‌قانه‌مان بینیوه که له‌گه‌ڵ به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی کێشه و ئازاره‌کانی ژناندا، جۆرێک به‌زه‌یی پیاوانه و بگره ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنێکی ئه‌مینی پیاوانه له‌ژێر پیت و ڕسته و وشه‌کاندا خۆی حه‌شار داوه!
که‌متر ئه‌دیبێکی پیاو هه‌یه له‌م پرۆژه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتوو بووبێت، هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه نییه ئه‌دیبه‌کان به توانا نه‌بوون، به‌ڵکوو هۆکاره‌که ئه‌وه‌یه له بنه‌مادا ئه‌و جۆره ئیشکردنه یان باشتر بڵێم ئه‌و جۆره به ئه‌ستۆگرتنه‌ی کردار و بکه‌رێتیی ژنان و بەیانکردنی ژنێتی لەلایەن پیاوەوە، خۆی له خۆیدا له ڕووه ئۆنتۆلۆجی و بوونناسییه‌که‌یه‌وه نه‌کرده و مه‌حاڵه.
ڕه‌نگه تا هه‌ندێ ئاست ئه‌دیبێکی پیاو بتوانێت به‌رکه‌وته و لێکدانی دوو دنیای جیاوازی ژن و پیاو له ڕێگه‌ی نواندنی کێشه‌کانیان و به فۆرمی جیاواز به‌رجه‌سته بکاته‌وه، به‌ڵام ناتوانین له‌سه‌ر ئه‌ده‌بێک که پیاو ده‌یگێڕێته‌وه و که‌ڵکه‌ڵه‌ی ژنانه‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه، ناوی ئه‌ده‌بی ژنانه بنێین. واته ئه‌ده‌بێک ژن بۆ خۆی و به‌پێی ئه‌زموونی ئۆنتۆلۆجییانه‌ی خۆی له بوون و ژیانی خۆی ده‌یگێڕێته‌وه. نموونه‌ی ساده‌ی ئه‌م بابه‌ته ئه‌و ڕسته‌یه که ده‌ڵێت "پیاوان زۆر شت ڕه‌نگه له دنیای ژناندا بتوانن وێنا بکه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن دووگیانی / دایکێتی وێنا بکه‌ن و ته‌نانه‌ت به خه‌یاڵیش لێی نزیک که‌ونه‌وه". به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه بۆ ژنێتیش هه‌ر ڕاسته.
کاتێک ژنێتی و پیاوێتی به‌ر یه‌کتر ده‌که‌ون، دنیایه‌کی ئاڵۆز دێته ئاراوه و فۆرم و ڕیشه‌ی ئۆنتۆلۆجی هه‌رکامیان جیا ده‌بێته‌وه و دیاری ده‌کرێت. ئارتوور شووپنهاوەر له وتاری "داکۆکی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خواستی ژیان"دا ده‌ڵێت: "گانکردن یان جووتبوون به زۆری کارێکی پیاوانه‌یه و ئاوسبوون یان دووگیانبوونه به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها کار و توانستێکی ژنانه‌یه. منداڵ ئه‌وه‌ی وا له باوکی وه‌ریده‌گرێت خواست و خوو و خده‌یه، ئه‌وه‌ش له دایک وه‌ریده‌گرێت عه‌قڵه. عه‌قڵیش هاوتای ڕزگاریییه و خواستیش هاشانی کۆیله‌یه‌تی."
بێگومان ئه‌م ڕستانه بۆ ئێمه ئاسان نابن و به تایبه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی دیاریی دایک بۆ منداڵ به عه‌قڵ ناوزەد ده‌کات، لە کۆمەڵگایەکدا بەو نەریتەوە کە ژنی بە "کەم عەقڵ یان ناقس-عەقڵ" ناساندووە. دیارە له کولتووری ئاینی و نه‌ریتیی ئێمه‌دا، ژن به زۆری به عه‌قڵ نوقسان و نیوه‌پیاو ناوی هاتووه.
هه‌موو ئه‌مانه ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌که‌ن که ئێمه ڕێگایه‌کی دوورودرێژمان له گێڕانه‌وه و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی بوون و ژیانی ژن له به‌رده‌مدایه، به پله‌ی یه‌که‌م ده‌شێت ژنان بیگێڕنه‌وه، بەڵام به‌و مانایه نا که گێڕانه‌وه‌ی پیاوان له‌سه‌ر ژنان قه‌تیس و قه‌ده‌غه بێت، به هیچ شێوه‌یه‌ک، به‌ڵکوو ئه‌م دوو قۆڵه له گێڕانه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌دا، ده‌شێت له هاوکێشه‌یه‌کی دیالیکتیکیدا یه‌کتری ته‌واو بکه‌ن.