هاوارە بەلۆ

PM:09:26:24/12/2025 ‌
جاران، لەوانە بوو شوانێک، شوانەتیی لە دێیەکەی خۆیان دەست نەکەوتایە، بۆیە ناچار سەری خۆی هەڵدەگرت دێ بە دێ دەڕۆیی تا لە دێیەکدا کاری شوانیی پەیا دەکرد، من مناڵ بووم لە دێیەکەی ئێمەدا ئەو شوانانەم بینیبوو لە دوورەوە هاتبوون، ناوی دوان لەو شوانانەم لە بیرە "مەدێ” و "شێخە”، نەمدەزانی لە کوێوە هاتوون،
چیڕۆک و بەندوباوی کوردی دەڵێ لە گوندێک یان لە هەوارێک، کوڕێکی لەدوورهاتوو دەبێ بە شوانی ئاغایەک، شوانە، لاوێکی ژیر و شەنگ و شەپاڵ دەبێت بەڵام وەک نەریت شوانەیل رۆڵەی ماڵە هەژارەیل بوون واتە چینی هەرە ژێرەوە.

کوڕەی چەمەری دەکەوێتە داوی ئەوینیی کچی ئاغاوە، چیڕۆکێکی ئەوینانەی خۆڕایی و خۆڕسک، زۆریش شاراوە، لە نێوانیاندا سەر هەڵدەدات، هەڵبەت ئەو دووە زانیویشیانە سەبارەت بە جیاوازیی چینایەتییەوە هیچ سەرەودەرێک نییە رۆژێک لە رۆژان بۆ یەک ببن.

شوانەی لاو، جگە لە تۆلازی و شەنگییەکەی، بلووروانێکی لێهاتوویش دەبێت، هەرچەن جارێکی بیویستایە ژوان لەگەڵ کچەدا دابنێ، یان هەواڵ و باسێکی پێ بگەینێ، بە شمشاڵ تێی دەگەیاند و پێی دەوت، کچەیش لە سایەی ئەوینداریی پاکی خۆیەوە، لە دەنگی شمشاڵی شوانە دەگەیی و بە دەنگیەوە دەچوو.

دەڵێ، رۆژێک شوانە لە هەردە و تەلانی دوور لە هەوار و هۆبەسات، پەزی خۆی دەلەوەڕاند، کتوپڕ کۆمەڵێک دز و جەردە دەگرنە سەری و دەست دەکەن مێگەلی لێ راپێچ بدەن، شوانەی تاک و تەنیا و بێ سەرەودەر، هیچ بەرگرییەکی لە دەست نایەت، تەنیا داوای ئەوە دەکات بەر لەوەی پەزی لێ تاڵان بکەن هەلی ئەوەی پێ بدەن شمشاڵێک بۆ ئەو "گیسکە بەل”ە بژەنێ، کە زۆری خۆش دەوێت و متۆی پێوە گرتووە، ئەوانیش بە تیز و گاڵتەیەکەوە دەڵێن: "دەی زوو کە”.

شوانە شمشاڵ لە بەر پشتێن دەردەهێنێ و بە نرکە و ناڵەیەکی واوە دەیژەنێ، دەنگ و هاوار لەو دوورەوە دەگەن بە ئاوایی، شوانەی تاین بە زمانی شمشاڵ، کچەی دیلەک و دیلبەری خۆی تێ دەگەیەنێ "فریا کەوە، هەواڵ بگەینە بە باوکت و بە جمات، پەزێ بابێ تە جەردە بردی”.

ئەم بەسەرهات، یان بەندوباوە کوردییە ناوی "هاوارە بەلۆ”یە، واتە شوانە، بانگی لە "گیسکە بەل”ە دڵوازەکەی خۆی کردووە، گیسکە بەلیش بە دەوریدا هەڵپەڕیوە و خولاوەتەوە،
"گیسکەبەل” واتە گیسکە گوێ قوت،
کچە، لە گوند یان لە هەوار و هۆبەی باوکی خۆیەوە گوێی لەم دەنگ و هەراڵەی شمشاڵی شوانە دەبێت، بە هەڕا و هەڵەداوانەوە روو دەکاتە جماتی باوکی، دەڵێ: باوە فریا کەون پەزی ئێمە جەردە بردی،
سەرەتا جمات سەیریان دێت، باوکی دەڵێت کچم تۆ شێت بوویت، چۆنت زانی؟ پەزی ئێمە وا لەو بنار و پاڵی کێوانەن، زۆر دوورن لێرەوە،
کچەیش دەگریەت و دەپاڕێتەوە "هیزە فریا کەون”،
ئیتر ئاغا خۆی و خوڵام و کێی تر لە جماتەکەیدا بووە، سوار دەبن و تەقڵەکوت داژۆن، خەڵکی هەواریش چ پەیا چ سوار، بە دوایاندا دەبەز و دەڕۆن، تا دەگەنێ و پەز و مێ لە دز و جەردە دەگێڕنەوە.


من ئەم چیڕۆکەم لە مناڵی بیستبوو، ساڵی ٢٠٠٠ یان دواتر، مامۆستا فەتاحی ئەمیری، بەو زوانە کوردییە لووتکەیەی خۆی، کردبووی بە ڕۆمانێکی چەن بەرگی بە ناوی "هاوارەبەرە”وە، تەنیا بەرگی یەکەم کەوتە دەستی من و خوێندمەوە، بەڵام ئەوەی من بیستوومە ئەم چیڕۆکە لە کوردەواریدا، ناوی "هاوارە بەلۆ”یە نەک "هاوارە بەرە”، واتە "هاوارە گیسکە بەل، فریا کەوە هەواڵ بگەینە بە یار، بڵێ پەزێ بابێ تە جەردە بردی”، بەڵام دەیشبێ بە گوێرەی ناوچەی جیا ناوی جیای هەبووبێت،
ئەم چیڕۆک و بەندوباوەی "هاوارە بەلۆ”، جۆری چیڕۆکی شەوی درێژ و تاریک و نوتەکی "یەڵدا”، کە بەر لە چەن رۆژێک هەر لێرە گێڕامەوە، هێژای ئەوەن ببن بە مایەی تابلۆی هونەری شێوەکاری لە لایەن شێوەکارەیلی کوردەوە، بەڵام بە بەرگی کوردیی رەسەن.

ئەم بەندوباوە کوردییە، لەو کتێبانەیشدا هاتوونەتە تۆمار، کە کوردی ئەرمینیا لە هێنی دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا بڵاویان کردوونەتەوە، من خوێندوومەتەوە، بەڵام بیرم نەماوە ئاغا کچی خۆی و شوانەی ئەوینداری داوە بە یەک یان هەر بە کەلەڕەقیی کوردانەوە مامەڵەی کردوون، لەبەرئەوەی چیڕۆکی دڵدارییەکەیان کەوتووە سەر زاری هەموولا و دوور ڕۆییوە.