میدیای بێ دیسیپلین

PM:02:23:25/12/2025 ‌
(کەناڵ ٨ بەنموونە)

هەروەک دەیان جار باس کراوە، میدیاکان هەنووکە ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە جارانیان هەیە و بەهۆی ئەو ڕۆڵەی تۆڕەكانی کۆمەڵایەتیش لە ژیانی مرۆڤی سەردەمدا دەیگێڕن، ئەم ڕۆڵەی سۆشیال میدیا كە چالاکانەتر لە پەخشی تەلەڤیزیۆنی ئیش دەردەکەون، کاریگەرتر و ڕاستەوخۆترە. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین، میدیاکان لە چوارچێوەی یاریی گوتار یان دەسەڵاتێکی دیاریکراودا دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن و کاریگەر بن. 

میدیای گەورە و بچووک ئێستە لە کوردستان زۆرن، بەڵام ئەو میدیایانەی کاریگەرن ئەوانەن وا لەناو واقیعی کۆمەڵگە و کێشە و ئازار و هەروەها خۆشی و چێژەکانیاندا دەژین و دەیگوازنەوە. ئەگەر واقیعبینانە قسە بکەین، هەنووکە شتێک بە ناوی میدیای کاریگەری سەربەخۆ بوونی نییە، واتە میدیایەک پێوەست نەبێت بە لایەنێکەوە یان گوتارێکەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ڕووی دارایی و ئایدۆلۆجییەوە پلان و بەرنامەی خۆی بخاتە ڕوو و گێڕانەوەیەک بۆ کێشە هەنووکەییەکان و ئاسۆی داهاتووی کۆمەڵگە، بخاتە ڕوو. بۆیە لێرەدا باسی من سەربەخۆبوون یان نەبوونی میدیا نییە و ئەوەیش نییە کە سەربە دەسەڵات یان لایەنێکی دیاریکراو، بەڵکوو باسم لەسەر ئەو میدیا فەرمییە ناسراوانەیە کە سەربە لایەنێک یان كەسێكن و بەشێوەیەکی دەرمارگرژانە گوتاری خۆیان پێشکەش دەکەن. 

ئەگەر سەرنج بدەین لە ماوەی 10 ساڵی دواییدا چەندان کەناڵی کاریگەر گەشەیان کردووە، هەرکامیان بە گوتارێک (لەگەڵ هاوبەشبوونیان)، هاتنە گۆڕپانەكەوە. کێشەیەک کە زۆرینەی ئەو میدیایانە هەیانبوو، لایەنداریی تەواویان بۆ کەس یان حزبێک بوو، وەک نموونە دەتوانین ناوی کەناڵی "کەی ئێن ئێن" بهێنین کە سەرەتا وەک کەناڵێکی ئاڤانگارد و ڕادیکاڵ بە بەرنامەیەکی تۆکمەی گۆڕانکارییەوە هاتە مەیدان، بەڵام ئێستە بە ئاستی پەیجی کەژەوانێکی ئاسایی کاریگەر نییە. 

کەناڵی "زووم" کە بە دەستبەسەربوونی سەرۆکی حزبەكەی پێچرایەوە و ئێستە هەر ناوی نییە (هەڵبەت ئەوەی هێزی دەسەڵاتداری سلێمانی /یەکێتی/ بێباکانە هەموو دەنگێکی ڕەخنەگر و جیاواز کپ دەکات، باسێکی ڕەوا و بەجێیە، بەڵام نووسینێکی تێروتەسەلی سەربەخۆی دەوێت). 
کەناڵێکی وەک "ئێن ئار تی" ئەگەرچی ئەویش سەرۆکەکەی لە زینداندایە و پەخشەکەی ڕانەوەستاوە، بەڵام لە تەکنیک و گوتاردا پاشەکشەی پێ کراوە و ئەو ڕادیکاڵی و بێمنەتییەی جارانی نەماوە! 

لە پاڵ ئەم کەناڵە دیار و کاریگەرانەدا کە ئێستە بەراورد بە ڕابردوو ڕۆڵیان زۆر کەم بووەتەوە یان گۆڕاوە، کەناڵانێکی وەک "ڕووداو یان ئاڤامیدیا" هەن کە بە چەندان هۆکار گرەوەیان لەوانیتر بردووەتەوە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم کەناڵانە خاڵی لاوازیان نییە و ڕەخنەیان لەسەر نییە. 

هۆکارێک کە ئەم دوو کەناڵەی لەوانیتر جیا کردووەتەوە، جیا لە باری دارایی، کادری پیشەیی و لەسەر هێڵ و چالاکە، ئەوان بە ڕاهێنان و فێرکاریی سەردەمیانە دەزانن چۆن ڕووماڵ بکەن و چی ڕووماڵ بکەن. هۆکاری دیکە، گوتاری ئەو دوو کەناڵەیە كە لەگەڵ ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و کێشەکانی خەڵک پێشان دەدەن، هەوڵی خستنەڕووی چارەسەریش لە ڕێی شارەزا و پسپۆڕانی بوارەكەوە دەدەن. واتە ڕەخنەگر و مەیل بۆ گفتوگۆ و بنیاتنان. هۆکاری دیکە گشتگیربوونی گوتارەکەیانە، واتە لەگەڵ ئەوەی کوردستان و کێشە و هاوکات بەها و پیرۆزییەکانی دەخەنە بەرباس، خاوەنی پرۆژەیەکی گشتگیری کولتوورسازیی (هەم بە باری سیاسی و هەم بە باری کۆمەڵایەتی)دان کە هەموو کوردستانی گەورە و پارچە جیاجیاکانی دەگرێتەوە، بۆیە بە ئاسانی دەبینین بینەری ئەم دوو کەناڵە زۆر زۆر زیاترە لەوانەی دیکە. 

لە دوو ساڵی دواییدا کەناڵێک بە داراییەکی گەورەوە دەركەوت کە ناوی بەسراوەتەوە بە ناوی یەک کەسەوە، ئەویش کەناڵ 8ـە. ئەم کەناڵە سەرەتا بە هەندێک بەرنامەی بانگهێشتی میوانانی سیاسی و ڕۆشنبیری و کولتووری، ویستی سیمایەکی سەربەخۆ و جیاواز و تایبەت لە خۆی پێشان بدات، بەڵام هەرزوو پشووکورتییەکەی دەرکەوت و زانیمان کۆپیەکی نیوەچڵ و نوقسانی میدیای كلاسیكی حزبییە، بۆیە تەنانەت نەیتوانی نیوەی ڕێگەكەیش ببڕێت، نە لە ئاستی تەکنیک و زانیاری و نە لە ئاستی گوتار و سیاسەت. هەربۆیە ئەگەر سەرنج بدەین دەتوانین تێبینی ئەوە بکەین کە بە پێچەوانەی کەناڵی دیکە کە سەربە گوتار و لایەنێکی دیاریکراون و هەرکامیان یاری گوتاری و سیاسیی خۆیان هەیە، ئەم کەناڵە دەڵێی زەینییەتی یەک کەس پێڕەو دەکات، جۆرە تووڕەیی و تێکدانێکی کردووە بە ڕچە کە بۆ ئێمە غەریب نییە و دیارە خەسڵەتی کێیە! 

ئەم کەناڵە لە زەینییەتێکی مایکشکێن دەچێت کە قسەی خۆی بە هاوار و هەڕەشەوە دەکات، بەڵام بیر لەوە ناکاتەوە کاریگەریی چی دەبێ و لێكەوتەكانی چین! من تەنیا یەک نموونە باس دەکەم، لە کاتی لافاوەکەی چەمچەماڵدا کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕوانگە و... بە گەرموگوڕی و دەستی پڕەوە بەرەوپیری خەڵکە لێقەوماوەکە چوون، کەناڵ8 هەموو هەوڵی ئەوە بوو، بە بینەرانی بڵێ، پارتی و ئەوانەی لە هەولێرەوە هاتوون، خەریکی تێکدانی چەمچەماڵن، بەڵام خەڵک بەرچاوی ڕوونە و میدیاکانی تر ناچارن ڕاستی بڵێن، ئەو ڕاستییانەی مۆبایل یان کامێرای كەسێك دەیسەپێنێت و كەس ناتوانێ بیشارێتەوە.

كەناڵ8 بەهۆی ئەو دەرمارگرژییە حزبییە بەرتەسك و كورتبینەوە، ئێستە نامۆ كەوتووە و شكاوە، چونكە ئەوە چەندەمین تاقیكردنەوەیە دەرناچێت و دەیسەلمێنێت باکی بەوە نییە کە کەشێک دروست بکات خەڵکانێک بە شەڕ و ئاژاوەوە بگلێێ، ڕوونیشە خەڵك ئەم گوتارەی لە مێژە نەعلەتی كردووە. ئەمە ئەوپەڕی بێ دیسپلینی و دابڕانە لە بینەر و خواستەكانی.