شاعیری نەمر مامۆستا جەلالی مەلەکشا لە شیعرێکیدا لە کتێبی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان" کە ساڵی 1980 وتراوە، شیعرێکی بەناوبانگی هەیە کە ئەو داڵغە هەمیشەییەی کوردی هۆنیوەتەوە بۆ نەهێشتنی سنوورە دەسکردەکان. شیعرەکە تێمێکی تەواو سیاسی هەیە و دەتوانین وەک واقیعێکی سیاسیی بە شیعرکراو ناوی ببەین. شاعیر لە شیعری "ئاواتێک"دا دەڵێت:
ئاخۆ دەبێ، ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم جانتای سەفەر کاتە شانی؟
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
هاوار بکەن سلێمانی، سلێمانی.
بێگومان ئەم شیعرە ئەو خەونە لەمێژینەیەی کورد باس دەکات کە ڕزگاری و سەربەخۆیی خاك و وڵاتە. ساڵانێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم شیعرە و ئازادبوونی بەشێک لە باشووری کوردستان و بەتایبەتی لە دوای 2003 کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسی و کۆریدۆری سیاسییەوە لە ناوچەکە و جیهاندا پێگەی زیاتری پەیدا کرد، ئێمە واقیعی ئەم شیعرەمان بینی. واتە پردی گەشتکردن بۆ باشووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتەوە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ئازادانەتر کرایەوە و ئێمە وەک واقیع هەم کاوەکانی کوردمان دەبینی بە جانتاوە و هەم دەڵاڵانی بەر گاراژی سنەمان بینی کە هاواریان دەکرد، سلێمانی سلێمانی! بەڵام ئەمە ڕووە سیمبولی و شیعرییەکەی ئەم واقیعەیە، بێگومان شاعیر مەبەستی ئەوە نەبووە ئەم گەشت و پێوەندییە هەر لە ژێر ڕێکەوتنی نێوان داگیرکەر و لایەنێکی کوردیدا بێت، بەڵکوو مەبەستی کوردستانێکی ئازاد و ڕزگار بووە کە هەموو سنوورەکەی یەکپارچە بێت.
لە مێژە ڕوانگە واقیعگەرا سیاسییەکان یا ئەوەی دەڵێت، دەبێت ڕیال پۆڵەتیک بین باسی لەوە کردووە کە سەربەخۆیی کوردستان خەونی شاعیرانەیە، ئەم ڕوانگەیە لە دڵی ڕوانگەیەکی گشتگیرترەوە هەڵقوڵاوە کە یەکپارچەیی کوردستان نەک هەر بە خەونی شاعیرانە، بەڵکوو بە خەیاڵپڵاوی و وەهم زانیوە.
من نکۆڵی لەوە ناکەم کە واقیعی جیۆپۆڵەتیکی ناوچەکە و چنینی هێز و هەژموون هەر ئەمەمان پێ دەڵێن. لێرەدا دەکەوینە تەنگەژەیەک لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا، تەنگەژەیەک کە ڕەهەندی فەلسەفی و سیاسیشی هەیە. دەتوانین پێوەست بەم تەنگەژە و قەیرانە، بپرسین پێوەندی نێوان خەیاڵ و واقیع دەبێت چۆن بێت؟ یان چۆنە؟ ئایا ئەو واقیعەی مرۆڤی سەردەم هەنووکە تێیدا دەژی سەردەمانێک بە خەون و خەیاڵ و تەنانەت وڕێنه لە قەڵەم نەدەدرا؟ یا سەردەمانێک کەسێک باسی لە هەسارەیەکی دیکە بکردایە لە دەرەوەی زەوی، گاڵتەی پێ نەدەکرا و تەنانەت دادگاییش نەدەکرا؟
حیکایەتەکەی گالیلۆ و سووڕانی زەوی بە دەوری خۆردا هەمووان دەیزانن، دوای چەند سەدە لە شۆڕشی کۆپەرنیکی و تیۆرەکەی گالیلۆ، مرۆڤ نەک تەنیا ئەو ڕوانینانەی تەواو پشتڕاست کردەوە، بەڵکوو گەیشتووە بە زیرەکیی دەسکرد و خەریکە مەریخیش داگیر بکات! بێگومان مرۆڤ لە سەردەمی گالیلۆ و تێپەڕین بەناو سزاکانی دادگاکانی ڕاپرسیدا، تێچووی زۆری داوە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەڵێم تا بڵێم بەڵێ، بێگومان بەدیهاتنی خەیاڵ و بە واقیعبوونی خەونێک هەم کات دەبات و هەم خەبات و وزە و قوربانیدان.
لێرەدا دەتوانین بێینەوە سەر پرسیارەکە و وەڵامێکی سەرەتایی بۆ بدۆزینەوە، ئەویش ئەوەیە، پێوەندیی نێوان واقیع و خەیاڵ پێوەندییەکی دانەبڕاو و تەواوکەری یەکترین کە لە ڕێگەی هەوڵ، باوەڕ و خەباتەوە دێتە ئەنجام. هەر ئەم حاڵەتە لە ڕووە سیاسی و مێژووییەکەییەوە بۆ کورد و کوردستان ڕاستە. ئەوەی تا ئێستە وەک واقیعی سیاسی بۆ کورد هاتووەتە ئاراوە، بەرهەمی خەون و خەیاڵێک بووە کە هەندێک ئێستەیش پێی دەڵێن "خەونی شاعیرانە".
بێگومان لە دەرەوەی عەقڵ نییە گەر بڵێین، ئەوەی لە داهاتوودا دەتوانێت بەدی بێت، هەر لەم سەرچاوە مەزنەی ناوی خەون و خەیاڵە، هەڵدەقووڵێت. لە کاتی 16ی ئۆکتۆبەردا کە کەرکووک خرایەوە بندەستی داگیرکەر، ئەو هەموو گەنجەی ڕۆژهەڵات بۆچی ئامادەییان دەربڕی تا بچن بەرگری لە کەرکووک بکەن /ئەگەرچی نەیانهێشت و لەوکاتەدا سنوورەکانیان قایمتر کرد؟/ بێگومان ئەو خەیاڵەی لە پشت بووە کە دەیویست بە ئیرادەگەرێتییەوە بیکات بە واقیع، بەڵام بۆ نەکرا و نەیانهێشت؟ باسێکی دیکەیە، ئیرادەکە زیندووە و پەل دەهاوێت و ئەمە گرینگە.
گۆرانییەکی کوردی بە شێوەزاری لەکی کە لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە کەرکووک خوێنرایەوە و بوو بە ترێند لە هەموو کوردستان، دەلالەت لەو هێڵە خەیاڵگەرایەیە کە دەیەوێت ببێت بە واقیع. گورانی "کوردم و کوردستانیم" لە بنەمادا بۆ ڕەتكردنەوەی سیستمی تواندنەوەی کۆماری ئیسلامی دژی ڕۆژهەڵات و دابڕانی لەک لە گۆران و سۆران و ... ئافرێنراوە، بەڵام ئێستە ئەو هاوكێشەیەی تێپەڕاندووە لە کەرکووک دەبیسرێتەوە و مایەی هاندان و خرۆشانی خواست و ئیرادەی کوردە بۆ ڕزگاری، بۆ ئازادی، بۆ کوردستانیبوونی کەرکووک، بۆ کوردستانیبوونی ئیلام و کوردستانیبوونی هەموو خاکێکی ئەم وڵاتە کە بە یاسای هێز و داگیرکارییەوە ناوی سنووریان لێ ناوە! هاوكات ریسی داگیركەرانی كردەوە خووری و دەریخست كورد لە هەر كوێ بن دڵنیان پێكەوە لێ دەدات و مرۆڤەكانیان داگیر ناكرێن.
ئەو ئاواتەی جەلال مەلەکشای مەزن دیوە هەرە قووڵەکەی ئەم ئیرادەمەندێتییە و زیندووڕاگرتنی ئەو خەونەیە بۆ نەخشاندنی داهاتوویەک کە سنوور تەنیا لە نێوان کورد و بیانییەکاندا بێت، نەک کورد و کورد! ئەمەیە فەلسەفەی بە ترێندبوونی ئەو گۆرانییە کوردییە لەکییە و بەزاندنی سنووری ڕۆژهەڵات و ئیلام و گیرسانەوەی لە کەرکووک و گەرمیان و باشوور.