"دەمانەوێت کورد سوود لە ئەزموونی شیعە وەربگرن، یەکێک تەنیا دوو کورسی هەبوو و کردیانە سەرۆک وەزیران. با ئێمەش لەپێناو کورد!! (واتە خۆی!!) ئەوە بکەین". پێش ئەوەی قسە لەسەر سیاسەت و فشەیزم و چەقین لە قووڕە شینکە بکەم، ئایا ئەم فێربوونە لە ئەزموونی شیعەکان بۆ خودی خۆیەتی کە دەبێژێت: "ئەگەر متمانەم پێ بکەن خۆم بۆ سەرۆک کۆماری دەپاڵێوم و باشیشم پێ دەکرێت". بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات، کە شیعەکان لەپێناو خۆیان و مانەوەیان لەدەسەڵات نابنە خزمەتکاری کورد و سوونە، وەکو ئەوەی قسەکەر و هەندێک گروپی دیکە ڕاشكاوانە لەکاتی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دژی پارتی و کورد کردیان. ئەمە بۆچوونی پەرلەمانتارێکی ئیسلامی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکە بەتام ئیسلامییە، کە ڕاشکاوانە لەهەمان کاتدا دەبێژن "کار دەکەین پارتی یەکێتی لەبەغدا هیچیان نەمێنێت".
ئایا یەکبوون و تەبایی و یەکڕیزی بەدوو بۆچوونی جیاواز دێتە کایە، یان جیاوازی دروست دەکەن تا لۆژیکی دەستکەوتی حزب و هەرزە حزبی زیاد بکەن؟ ئایا لایەنەکان چەندە لۆژیکی دژە لۆژیک بەکاردەهێنن، لە لایەک دژ بەیەک کار بکەن و لەلایەکی دیکەش لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و پلە و پایە ئامۆژگاری ئەوانی دیکە بکەن؟. ئەمەم لەزاری هەر لایەنێکی عیلمانی ببیستبایە، دەمگوت ئەمانە لەپێناو سیاسەت و دونیا حەرامیی دەخۆن، بەڵام لایەنێکی ئیسلامی چۆن هەڵگەڕاوە و لەپێناو دەستکەوتی ڕۆژانە دەست دەخەنە سە ر پەلاپیتکەی کوشتنی ڕاستگۆیی.
دەگەڕێمەوە سەر (فشەیزم) و دەمەوێت مانایەک، یانا زاراوەیەکی نزیک لەشیکردنەوەی وشەی (فشە) بدۆزمەوە، شایانی وەسفی ڕەفتار و کاردانەوە و قەناعەتی هەندێک گرووپی چکۆلە بێت. لەکردەوەدا هەندێک دۆخ بەپێی جۆری بەکارهێنانی شتەکان لەدەوروبەرێکی دیارکراو مانا بۆ جۆری سیاسەت و بۆچوون و ڕەفتارەکانیان دروست دەکەن. ئەم فشەیزمە نزیکە، یان گوزارشتە لە "قسەی بێ بەها، قسەی بێ بایەخ و بێ مانا و ناعەقڵانی و بێ کەڵک و کوشتنی متمانە و ئینتما و دوورکەوتنە لە جدیەت و بە گاڵتە سەیرکردنی هەر شتێک، کە بەرانبەرەکەی دەیکات، سەرباری درۆ خستنە جێی ڕاستی و بەکەم نیشاندانی مافە سەرەکییەکانی ئەوانی دیکە و خۆ وەسفکردن بە مەلائیکەت". کەسانێک دەیانەوێت گاڵتە بەهەموو شتێک بکەن لەپێناو بێ بەهاکردنی شتەکان، لایان گرنگ نییە ئەگەر خۆیان لەدیماهیدا ببنە قەشمەری پێکراو و نووکتەی سۆشیال میدیا و کۆڕە سیاسییەکان و هەتا ئەوانەی دەستیان لەپشتیش دەدەن.
کەسێکی سیاسی، کە دەیەوێت نیشانی بدات خودان متمانە و پێگەی کۆمەڵایەتییە و تامی خۆشکردووە دەسەڵات بەدەست بهێنێت، مەرج نییە دەسەڵاتەکە حووکمڕانی بێت، هەندێک بەوە دەوەستن، سەرکەوتنیان لەوەیە ئاژاوەیەکی بێ ئاکام چێ بکەن و ببنە خودانی دەسەڵاتێکی بێ حسیاب و لە میدیا و سۆشیال میدیا پلە یەک بن و سنوور لەقسەکردن و زار ڤەکردن نەهێلنەوە، بەجۆرێک خۆیان بە حکوومەت و وڵاتی (قسەستان) و خاوەن (دەسەڵاتی قسە) بزانن. لەم پێناوەدا بەهەموو چەشنێک پێ لێ دەنێن و دەئاخڤن. ئاخاوتنی گەورەی بێ ناوەڕۆک، کە پشت بە ئاژاوە و درۆ و متمانەکوژی دەبەستێت لەپێناو خوڵقاندنی کەشێکی داهێزراو، تەنیا وای لێک دەدەنەوە، کە قسە چەند بێ نێوەڕۆک و بێ بەها و ناعەقڵانی بێت کاریەگرییەکانی باشتر و خێراتر و ئاسانترە.
لەم پێناوەدا هەندێک بەزاتی خۆیان دەڵێن گەنج، بۆیە ڕەفتاری منداڵانە دەکەن، قسەی بازاڕی دەکەنە مانشێتی ئاخاوتنەکانیان، لەهەر دەرفەتێکدا لە ڕاگەیاندن بە هەڵچوون، هێرش، سووکایەتی، ڕەتکردنەوەی ئەوان دیکە و بێ بەکارهێنانی (لۆژیک، داڕمانی دەروونی، خۆ وەسفکردن بە هەقخواز، مافخواز، دادخواز، ڕەگەزخواز، بە دینخوازی ئیمانخواز) ڕەنگ دەکەن.
بۆ دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا فشەخوازی کرابێتە یەکێک لەبنەما بزوێنەرەکانی ئەمڕۆی سیاسەت. یەکێک لەکۆنەوە زۆر ژیرانە و لەپێناو ستراتیژێکی درێژخایەن ئەم بنەمایەی وەکو فکر و میتۆد لەنێو ناکۆکی و هەتا شەڕی خۆبەخۆ و لەتکردنی حزبەکشی بەکارهێنا، بەڵام قوتابییەکانی بەهەڵگەڕاوەیی پەنا بۆ هەمان شێواز و فۆرم و قەناعەتی ئەو دەبەن. دەزانن بۆ ئەو لەململانێی نێوەخۆ بێ ڕەحم بوو، بەڵام ملکەچی دوژمنەکەی نەدەبوو، هەنووکە هەرزە حزبەکان فشەیزم بە ملکەچی دوژمن گەشە پێ دەدەن.
ئەم فشە سیاسەتە، لەنێو کوردستاندا مێژووێکی هەندێک کۆنتری هەیە، دەمێکە هەندێک بە قەناعەتێکی قووڵ کاریان پێکردووە، ئەم فۆرم و شێوازەی لە قۆناغی هەنووکەدا فراوان بووە وەکو پەتا و شانازیی و خۆڕیسواکردن بەکار دەهێنرێت، جۆرێک لە گوتاری دوژمنکارانە و مایە پووچی دروست دەکات.
بەفشەکردنی سیاسەت و داتەپاندنی هەموو شتێک، داماڵینی لۆژیک و ئەخلاق و ئیلتیزامی سیاسی لەهەموو بوارەکاندا، بەمانای تێکشکانی بەها کۆمەڵایەتی و دەروونی و کەسایەتی تاک و بەها سیاسییەکان دێت.
دواین نموونە پێش ئەوەی ڕەفتارێکی سیاسی ببینم، تێکشکانی دەروونیم هەست پێکرد کاتێک سێ گروپ نازانم بڵێم کوردیی، ئیسلامی، یان ناسنامە سووتاو، گوتیان "کاردەکەین و ناهێلین پارتی و یەکێتی لە بەغدا هیچ شتێکیان بمێنێت". لەمەدا هەقی خۆیانە چ دەکەن و چی دەبێژن و لەپێناو چی و بە چ شێوازێک کار دەکەن، بەڵام هەقی هیچ کەسێک نییە، خۆی بکاتە نوێنەری تاقانەی کورد. ئەوانە ئاشکرایان کرد "یەکێتی نیشتمانی کوردستان دژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی ڕێبوار کەریم داوە" لەهەمان کاتیشدا لە ئاخاوتنەکانی یەکێتی ڕووتاندەوە، کە بۆچی لەگەڕی سێیەم دەنگی بە فەرهاد ئەرتووشی کاندێدە تازەکەی پارتی داوە". یەکێتی هاوکاریان بووە، کەچی زۆر بێ منەتانە وەکو ئەوەی یەکێتی خزمەتکاری ئەوان بێت، ئاماژەیان بە هەڵوێستەکەی کرد، ئەمە لووتکەی ئەم فشە سیاسەتە و بێ منەت بوونەیە، کە لەڕەفتارە قسەی قسەکەرەکە بەرجەستە دەبێت. ڕاپەراندنی گوتاری سیاسی وەکو مەلەکردن لە دەریا وایە، ڕەنگە شەپۆڵێک دەرباز بکات و لەوانەشە هەمان شەپۆڵ لولت بدات.
فشەکردن بەشێکە لە قەناعەتی بەفشە سیاسەت کردن، داماڵینی بەها ئەخلاقی و سیاسییەکان و پەنا بردنە بەر تەمسیلی، سەرباری بێ بەها و بێ نرخکردنی هەموو شتێک. دڵنیام ئەوەی لەبەغدا ڕوویدا درێژەی ئەو دوژمنکارییە ئاشکرایەیە کە چەند ساڵێکە لەدژی هەرێم لە شێوە و شێوازی جیاواز لەلایەن ئێران و گروپەکانی سەر بەو وڵاتە پیادە دەکرێت.
نەک لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو هەموو کەسێکیش مافی ململانێی لەگەڵ دەسەڵات هەیە، بەڵام مافی تێکدان و بێ نرخکردن و ڕووتاندنەوەی بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە و پرۆسەی سیاسی و خودشکانی کۆمەڵگە و کیانی وڵاتەکەی نییە، بەتایبەتیش لە پەیوەندیی گومانگهەڵگر لەگەڵ ناحەز و ئەوانەی دژی کیان و پێگەی کوردستانن.
فشەیزم لە سیاسەت بۆتە ڕێبازی هەندێک هەرزە گروپ و حزبی سیاسیی، کە لە بێ نرخکردنی بەها گرنگەکانی سیاسەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەهێشتنی ئینتما و لەتکردنی کەسایەتی تاکی کوردستان ئەرکێکی گوماهەلگر جێبەجێ دەکەن و دەیانەوێت بە شانازییەوە لەم بوارە پێشەنگ بن.
لەتەک ئەوەشدا هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا لەپێناو پەیداکردنی بینەر و جەماوەر ولایک و یەکەمی بێ ڕکابەر دەرفەتی گرنگ و سەرەکی بەم فشەئاخاوتن و فشە سیاسەتە دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارا لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی بێ بەهاکردن و فشەیزمی سیاسی بکەن. لە هیچ وڵاتێکی دونیادا میدیا دەسەڵاتی ڕەهای نییە، بەشداری لە شێواندن و شکاندنی بەها نیشتمانییەکان بکات. تەنیا لە ئەمەریکاش کە رێبەرایەتی کەلتووری دیموکراسی و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکات، سنوور بۆ میدیا دانراوە لەپێناو پارێزگاری لە کەرامەتی وڵات و دوورگرتنی ئایین لە سیاسەت و پاراستنی مافی ئەوانی دیکە. تەنیا ئیداریە ترەمپ لە کۆشکی سپی هەنووکە ژوورێکی بۆ چاودێری هەواڵی ساختە و دروستکراو داناوە.
پرسیار و گریمانەکە لەمەیە:
یەکەم: سێ گروپ (هەڵوێست و کۆمەڵ و یەکگرتوو) دەبێژن پارتی و یەکێتی (ڕوئیایەکی گشتی نادەنە پێکهاتەکانی دیکەی کوردستانی لەبارەی پۆستەکان لەبەغدا). واتە خۆیان، لەکاتێکدا (یەکێتی) دەنگی بە (ڕێبوار کەریم) دژی پارتی دا، کەچی دواتر لەجیاتی سوپاسی یەکێتی، یەكێتیان ڕیسواکرد و پیاوەتییەکەیان بە نامەردی وەسفکرد. بەو مانایەی ئەمانە پیاوی متمانە و هاوکاری نین و ڕەفتاریان وەکو زارۆکی لاسار وایە.
دووەم: ئەوان دەپرس پارتی و یەکێتی "ڕۆڵیان لەئایندەی خزمەتی کورد لێرە چییە"؟. پرسیار هەمیشە باشە، بەڵام ئەگەر وەڵامەکەی پێش گوتنی پرسیارەکە ئاشکرا کرابێت، پرسیارەکە دەبێتە گوێزی پووچ. لۆژیک لە سەلماندنە، کەچی خودانی پرسیارەکە بێ ئەوەی بیسەلمێنن ئەوان چیان کردووە و هەمان پرسیاری خۆیانیان لێ بپرسی دەبێژن ئێمە دەنگ و کورسی و پێگەمان زۆر زۆر کەمە، هیچمان پێ ناکرێت، لەمە ڕاست دەکەن دەستی کارکردن و بیکردنەوەیان کورتە و زمانی ئاخاوتنیان درێژ.
سێیەم: "ئەرکی نەتەوەیی و خەریتەیان بۆ ئەو پۆسەتانە نەبێت و نەزانین چۆن دابەش دەکرێت بەسەر لایەنەکان" ئەمە جۆرێکە لە تاوانبارکردن بە نەزانین و بێ بەرنامەیی و لەرزۆکی. لەمەدا بۆمان ڕوون دەبێتە ئەمانە نیەت و نیازیان لە گریانەکەیان بۆ هەریسەکەیە، نەک حوسێن.
چوارەم: کوردستان تەنیا پارتی و یەکێتی نین و لایەنی دیکەش هەیە. خەڵکی بەتوانا لەکورد هەیە بتوانێت ڕۆڵی گرنگیان هەیە. ئەمە گوزارشتێکی دیکە و دەیەوێت بڵێت (منی یەکگرتوو) ئامادەم و توانام هەیە سەرۆک کۆمار بم. لەکاتێکدا لە کوردستان بەئاقارێکی دیکە دەڕۆن و نایانەوێت هاوکار و هاوبەش بن.
پێنجەم: "لەسایەی ئەو کورسیانەی هێناوەتە شتەکان بۆ خۆت و هاوپەیمانەکەت بێت و ئەوانی دیکە بخەیتە دەرەوە". ئەوەی یەک قیچ لە سیاسەت بزانێت دەستکەوت بۆ براوە و هاوپەیمانەکانیەتی، نەک ڕکابەرەکانی، واقیعی بوون لە شیکردنەوە و بیرکردنەوە لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات لە چنگخستنی زۆرترین دەنگ و کورسییە، نەک لە زۆرترین قسە و ڕاوێژ و ئامۆژگاری.
لەهەمان کاتدا ئەم سێ گروپە ڕاشکاوانە ئەوەی من لە ڕاگەیاندن و بە ڤیدیۆ بینیومە دەبێژن: گرنگ نییە ئێمە پاشکۆ و خۆبەستاوە بە هێز و وڵاتی دیکە بین، بەڵام ئێوە کە براوەشن هەرچی بکەن حەرامە. واتە لۆژیکی سیاسیان بە دەردی مریشکە قووندە بردووە.
یەکەم: جوامێرانە و بە دەنگی بەرز دەبێژن "ئێمە لە گەڵ پارتی دانانیشین" کەچی داوای ڕوونکردنەوە و بەرنامەیان لێ دەکەن، ئەگەر ئێوە کۆبوونەوە و گفتوگۆ ڕەت بکەنەوە وەکو ئەوەی (عەلی حەمەساڵح) لە (ڕووداو) ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە و بێ پەنا و بە شانازییەوە، وەکو دەستکەوتێک و هەڵوێستێکی گەنجانە و هەرزە حزب گوتی "پارتی داوای دیداری لەئێمە کردووە، ئێمە ڕەتمان کردۆتەوە"، بەڵام دەشمەوێت ئەگەر ڕێگەم بدەن ببمە سەرۆک کۆمار. کەواتە دەرفەتی نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن و گفتوگۆیان تەفروتونا کرد.
دووەم: ئەوان بەخۆیان کە دەنگەکانیان زۆر لە دەنگی پارتی و یەکێتی کەمترە بە ڕەوای دەزانن بەدزییەوە و لەپەناوە بێگومان لەسایەی سازش دەنگی دژ بە کورد بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، بەڵام حزبی براوە و دەنگ زۆرەکانیش نابێت هیچ بکەن، تاکو ئەوان ڕازی دەبن و لەهەمان گاڤیشدا ئامادەی هەڤپەیڤین نین.
سێیەم: پارتی پێش هەنووکە و دوای ئەنجامی هەڵبژاردن سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کرد، پێ ناچێت بەهۆی بڕیاری پێشوەختە ئەم گروپانە حەزیان لەگفتوگۆ و لەیەکتر گەیشن و دروستکردنی یەکگوتاری کوردستانی بێت، دەیانەوێت لەڕێگەی فشار و مشار پەیوەندی ژێربەژێر لەگەڵ گروپە ناحەزەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان ئامانجەکانیان بەدی بهێنن و دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتی بشکێنن.
چوارەم: یەکگرتووی ئیخوانی نزیک لە تورکیا، سەرسامە بە گروپی چەکداری میلیشیایی شیعەی سەر بە ئێران، خوا چاکی بکات. لەکاتێکدا باش دەزانن ئەوەی هێزە شیعییەکان لە عێراق دەیکەن و لەسەری ڕێک دەکەون ئیرادەی خۆیان نییە، یان ئامۆژگاری و بەرنامەی ئێرانە، یان لەبەر ترس و فشاری ئەمەریکایە، لەهەمان کاتیشدا لەترسی فراوانبوونی پێگەی سوونە و کورد کۆک و تەبان. کەسێک ئەگەر لە پلە یەکی نەزانین نەبێت، دەنا دەزانێت هەڵوێستی سەدر و کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی هەرچەندە کورسییەکی زۆریشی هێنابوو مانای چییە و ئەوەی خەون بە نێو ماڵی شیعە دەبینێت، قسەکردنەکانی لەزیرەکی نییە، بەڵکو لە کورتبینییە.
پێنجەم: "چەلاو دەخوات و گۆشتەکەی ناخوات" ڕێک دیمەنی هەنووکەی هەڵوێستی هەندێک کوردم لە بەغدا دێتە بەرچاوان. ئەمانە ڕاشكاوانە بەشداری لە حووکمڕانی و کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێ ناکەن و نیشتمان پەروەری لەوە دەبینن هەرێم بکرێتە مریشکی ڕووتاوە، کەچی گریان و بەرنامەیان بۆ بەشداری لەبەغدایە و دەیانەوێت خودان کورسییە زۆرەکانیش لەبەر خاتری بەرێزیان واز لە مافی خۆیان بهێنن و چارەنووسی سیاسی بدەنە دەست ئەوان، کە هێشتا فێری لێخوڕینی پایسکل نەبووم، دەیانەوێت فڕۆکە بفڕێنن. ئەمە چ بانێکە و چەند هەوا؟
شەشەم: هەندێک باسی بەرنامە لەپێناوی کورد دەکەن، با وا دابنێین پارتی و یەکێتی هیچ بەرنامەیەکیان بۆ کورد نییە، باشە بەرنامەی قسەبێژانی ئەم بۆچوونە ڕەخنەگرە چییە و چیان بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، گەشەکردنی ئابووری لە کوردستان، پەیوەندی دیپلۆماسی هەرێم لەگەڵ جیهانی دەرەوە و فەلسەفە و شێوازی حووکمڕانی لە بەغدا و گەندەڵی و ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکووک و شنگال و خانەقین و مافی مەدنەی و دیموکراسی و ئافرەت و منداڵ و کیشەی گەندەڵی و پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا و ڕۆژئاوا هەیە؟. ئایا بەرنامەیان لەسەر ئەو بنەمایە پیادە دەکەن (تێکی دە بۆ ئەوەی چاکی بکەینەوە) لەپێناو وەرگرتنی پلە و پایەی هەرزە حزب و کورسییە، حەرام بۆ خۆیان ڕەوایە. بە چوار کورسی لاق شکاوەوە چۆن ئیرادە و مافەکانی هەرێمی کوردستان دەسەپێنن، ئایا بڕوایان وایە هێزە شیعی و سوونەکان لە کورد باشترن بۆ کورد؟. گومانیشم نییە ئەوەی دەیکەن لەسایەی میلیشاکانی حەشدە، نەک ئیرادە و خواست و هێزی خۆیان.
بۆیە ئەم بابەتم ناو لێنا (فشەیزم) چونکە خەریکە ئەم چەشنە گروپەی بانگەشەی ئیمان و بەئیسلامکردنەوەی کۆمەڵگە دەکەن و هەتا ئەو موسلمانەی لەنێو حزبەکی خۆشیان بیەوێت کوردێکی نەتەوەیی موسلمان بێت، لەقە و تەقەی دژ دەکەن. بۆیە ئەم ناوەم هەڵبژارد لەبەر ئەوەی سیاسەتی (بێ بەهاکردن و شکاندن و تەکاندنەوە و ڕووتاندنەوە و داکۆکی لە هەرێمی کوردستان و فکری نەتەوەیی) بەکردەوە وەکو فکر و قەناعەتێکی سەرەکی خۆیان بەکاردەهێنن. وەکو پێشتر گوتم ئەم فکرەیە دەمێکە لەنێو کاری سیاسی کوردی بوونی هەبووە، ئەمڕۆ چۆتە ئاستێکی دیکەی مەترسیدار لەژێر ناوی شەرعیەتی نوێنەرایەتی پەرلەمانی ڕەفتار دەکەن. ڕاشکاوانە دەبێژن "ئێمە نوێنەری خەڵکین" و مافی هەموو شتێکمان بێ سنوور و عورف و ئیلتزامێک بە نەتەوە هەیە، واتە خەڵک شەرعیەتی پێداوین دەتوانن هەرچی دەیانەوێت ڕەش، یان سپی وەکو قەناعەتی فشەیزم پەیڕەوی بکەین. پیاوی چا بن، غەدری خۆ بەخۆ باشترە لە پاشایەتی لەسایەی بێگانە، بێدەسەلاتی لەسایەی حووکمڕانی خۆیی، گونجاوترە لە سەرۆک کۆماری و دەسەڵاتێکی کاتی لە بەغدا. پیاوی چا بن، هەریم چاکبکەنەوە و لە کوردستان حاکم و دەسەڵات و بەهێز بن، چونکە بەکردەوە دەرکەوتووە لە بەغدا تۆ پاشکۆیەکی لاواز و لەڕی. ئەگەر هێز و گوتارێکی یەکگرتووت نەبێت خراپتر.