مێژووی دروستبوونی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها جۆری دروستکردنیان لە دەرەوەی پێویستییەكی واقیعی و ئۆرگانی، ئەو وڵاتانەن كە خاوەنی دەوڵەتن، ڕەنگە یەکێک لە گرێكوێرەکانی ئەم داینەمۆ و مەتەڵۆکەیە، بێ بەشکردنی نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و دێرینی وەك کورد لە مافی دەوڵەتداری بێت، ئەم بێ بەشکردنەی کورد لە دەوڵەت، دەوڵەتانێکی دڕندە و هاروهاجی پەروەردە کردووە کە ئێستەیش بە خەونی دیکتاتۆرییەت و توتالیتاریزمەوە دەژین، تەنیا بەربەست لە بەردەمیاندا بۆ ئەوەی بەشێوەی فەرمی ببن بە نازیزم یان فاشیزم، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ئەو سیستمەی هێز و هەژموونی جیهانییە کە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا /بە تایبەتی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا/ نوێنەرایەتیی دەکەن.
بە ڕای من، فۆرمەکانی نازیزم و فاشیزم لە ڕۆژئاوا و بە دیاریکراوی لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیای نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ئەو دوو فۆرمە لە پاوانخوازی و توتالیتاریزم بوون کە لە دڵی لایەنە تاریک و ناتەندروستەکەی ڕۆژئاواوە سەریان هەڵدا و بوون بە مایەی نەهامەتی و نەگبەتی بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە گشتی و ئێستەیش بە یادەوەرییە تۆمارکراو و دۆکیۆمێنتکراوەکانییەوە دەتلێینەوە، بەڵام فۆرمێکی تایبەتی تر لە توتالیتاریزم یان باشتر وایە بڵێین، "فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی" کە لە دڵی ئەو کولتوورە ڕقاوی و بەدەوییە ڕیفۆرمنەکراو و ئەفسانەییەوە هەڵقوڵاوە، ستەم و دیکتاتۆرییەتی ڕۆژهەڵاتییە کە بە مێژوویەکی دێرینی وێناکراو و ڕەگەزی ئوستوورەیی و ئاسمانی بۆ خۆی دەبینێتەوە. ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دوو جۆر دەرکەوتەی هەبووە، کورد و وڵات و خاکی کوردستانیش بووە بە قوربانی بەردەستیان و مەیدانی تەراتێن و خوێنڕشتنیان.
یەکەم دیکتاتۆرییەتی ئایدۆلۆجیی نائاینی: دیارە کاتێک ئاوەڵناوی نائاینی دەخەینە پاڵ، بەو مانایە نییە ئاین هیچ پێگەیەکی لا نەبووە، بەڵکوو بەو مانایەیە كە ئاین ئامراز و داردەستی بووە، لێرەدا نموونە هەرە دیارەکەی بەعس و لە ڕێبازێکی دژواز و دژەمرۆڤدا هەوڵی دا خۆی فۆرمەلە بکات و وەک بیرکردنەوە و فەلسەفەیەک خۆی بناسێنێ، بەڵام جگە لە مەکینەیەکی تێخۆڕین و لێخوڕین بۆ کوشتار و جەنگ و نواندنی خۆی وەکوو خوایەکی ئەفسانەیی کۆن کە داوای قوربانی دەکات، هیچی دیکەی بۆ بەسەر یەکەوە نەنرا.
ئەم سیستمە ئەگەرچی مرۆڤی زۆری كردە قوربانی و بە دیاریکراوی دەستی دایە پاکتاوکردنی کورد لە هەردوو دیوی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دواجار وەک خەون یان خواستێک بۆ دروستکردنی جیهانبینییەکی ڕەوا و ئاوەزمەندانە، نەک تەنیا سەری دای لە بەرد، بەڵکوو دەریشکەوت سیستمەکە بە یاریی و ئارەزووەکانی یەک کەسەوە بەستراوەتەوە، کاتێک ئێمە لە ڕووی ئۆنترۆپۆلۆجی یان مرۆناسییەوە بپرسین، کام مرۆڤە ئارەزووەکانی دیاریکراو و ناسراو و جێگرن لە جیهاندا؟ بە ئاسانی ئەو خەون و خواستەی بەعس وەک دژوازییەکی عەقڵانی و وجوودی دەردەکەوێت.
نموونەی دووەم، دەرکەوتەی دیکتاتۆرییەتی ئاینییە کە نموونە کوشندەکانیمان لە شێوەی داعش و کۆماری ئیسلامیدا بینیوە، ئەمانە بە پێچەوانەی بەعسیزم، لای خۆیان وایە کە ئایین غایەت و ئامانجە، بەڵام ڕاستییەكەی جۆرێک نەرجسییەت و خۆپەرستیی بەرتەسکی تاقمانەی ئایدۆلۆجیدا دەژین.
ڕەنگە ئەگەر ورد ببینەوە لەم دوو دەرکەوتەیەی دیکتاتۆرییەتی ڕۆژهەڵاتی، بە ئاسانی ببینین کە هەردوو لایان بۆ ڕەواییدان بە بوون و ماهیەتی خۆیان، کوردیان وەک "ئەوینرێکی نامۆ" ناسیوە و ناساندووە، واتە وەک ڕێمبۆ دەڵێت، ئەم جۆرە کیانانە بە بوونی ئەویترێکی ئەهریمەنییەوە کە لە بنەمادا جگە لە وەهمێک هیچیتر نییە، بەندن، بۆیە کورد بۆ ئەم دوو دەرکەوتە دیکتاتۆرییە ئەو ئەویترە تاریک و نەگریسە بووە کە گوایە ئەوان دەبێت ڕووناکی و پیرۆزمەندیی خۆیانی تێدا پێناسە بکەن.
لە ڕێڕەوی ئەم خوێندنەوەیەدا دەتوانین ددان بەو واقیعەدا بنێین کە هۆی سەرەكی شکستی پرۆژەی دەوڵەتسازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەنیا دەستێوەردانی بیانی و جۆرێک لە کۆلۆنیالیزمی بەرژەوەندی تەوەر یان وەک جاران دەیانگوت ئیمپریالیزم نییە، هەروەها ئەوەیش نییە کە زۆر لە دەوڵەتانیان لەسەر بنیاتێکی خێڵەکی و تائیفی دروست کرد و تا ئێستەیش میزی حوشتر لە دەرزی ئەنفلۆنزا بە باشتر دەزانن، بەڵکوو ئەو ڕاستییەیە کە مافی گەلێکی دێرین و خاوەن کولتووری وەک کورد زەوت کرا و لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێ بەشیان کرد، هەربۆیە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، تا ئێستەیش بنەمایەکی پتەویان نییە و جەوهەری کیان و ئەمنیەتی خۆیان لە دەلاقەی جموجووڵ و شوناسی کورد پێناسە دەکەن، جموجووڵێک کە ئەوان بە یاخیگەری و گێرەشێوێنی و... لە قەڵەمیان داوە، شوناسێک کە ئەوان بەردەوام لێی ترساون و ڕەتیان کردووەتەوە، نەک لەبەرئەوەی ئەم شوناسە دەناسن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەزانن هەر شوناسێک جگە لەوەی خۆیان مەترسییە بۆیان، بۆیە وا تووشی هیستریای مێژوویی و سیاسی بوون.
لێرەدا دەگەین بە قسە بەناوبانگەکەی خەباتكاری گەورە موسا عەنتەر کە دەڵێت، ئەگەر زمانەکەی من بنەمای دەوڵەتی تۆ /تۆی داگیرکەر/ دەهەژێنێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە تۆ دەوڵەتەکەت لەناو خاکێکی هەڵە دامەزراندووە! لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەم دەوڵەتانە ڕەنگە لە ڕووی هێز و هاوکێشەی نێودەوڵەتییەوە پێکهاتەیەکی فەرمی و دانپێدانراو لەناو نەزمی دەوەلی بن، بەڵام بێگومان کێشەیەکی جەوهەرییان هەیە، ئەویش بێ دەوڵەتبوونی کوردە.
بێدەوڵەتبوونی کورد ئەمڕۆ یان سبەی، درەنگ یان زوو، ڕاستییەکە دەبێت ددانی پێدا بنێن و تا هەڵە مێژووییە راست نەكرێتەوە، بێگومان شتێکی ڕاستەقینە بە ناوی دەوڵەتی مۆدێرن و دیموکراسی، بوونی نابێت. ئەگەریش پێکهاتێک هەیە تەنیا پێکهاتی هێزە نەک پێکهاتێک لە بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕۆحی دەوڵەت دروست دەکەن. ئەمە ئەفسانەی بنكۆڵی دەوڵەت و دەوڵەتدارییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دواجار یان سەرۆکەکانیان وەک قەزافی و سەدام هەریەک بە شێوەیەک فڕێ دەدرێنە زبڵدانی مێژووەوە، یا وەک بەشار ئەسەد بە دنیایەک زێڕ و ملیاران دۆلاری پارەی خەڵکی ستەملێکراو و چەوسێنراوی وڵاتەکەیەوە، دەچنە ئامێزی چاوشینێکی ڕۆژئاوایی پەناگیر دەبن!
تۆماس هۆبز لە فەلسەفەی سیاسیی خۆیدا، دەوڵەتی وەک دڕندەیەکی زەلام دەناساند کە مرۆڤەکان دەست بە داوێنی دەبن تا لە بەرانبەر ملکەچبوونیان لە ئاستیدا، ئەویش بەرگرییان لێ بکات و بیانپارێزێت، بەڵام حیکایەتەکە لە ڕۆژهەڵات ئەو دڕندە و لۆیاتانە و مارە چەند سەرە نییە، بەڵکوو زیاتر لەو دێوە دەچێت کە لە ئەفسانە کۆنە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هاتووە، ئەو دێوەی ڕۆژهەڵات زیاتر حەزی لە یاریی و چێژە، مرۆڤێک کە دەکەوێتە داوییەوە، بە تاقەت و سەبر، دڵۆپ دڵۆپ خوێنی دەخوات تا دەیکوژێت، هاوکات هەروەک لە ئەفسانەکاندا هاتووە کەسی خوێنمژراو زوو ناکوژێت، بەڵکوو دەیباتە ناو دنیایەکی خەونئامێزی خوازراوەوە تا نەیەتە هۆش خۆی و ئەمیش بە تاسووق و حەزی خۆی لە خوێنی بخوات.
بەڵام لە ئەفسانەکەدا ئەوەیش هاتووە کە هەر دێوێک شووشەیەکی عومری هەیە، هەر کەس شووشەکەی بدۆزێتەوە و بیشکێنێت هەم دێوەكە دەمرێت و کەسەکە ڕزگاری دەبێت، هەمیش هەموو تەلیسمەکانی پووچەڵ دەبنەوە، ئەم وێنە هێمایە بۆ دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئەو دەرکەوتە دیکتاتۆرانەیان کە لە سەرەوە باسم کرد، دەچەسپێ و دەکرێ و هاوتای یەک بن.
ئێستە دوو پرسیاری سەرەکیمان لە بەردەمە، ئایا مرۆڤ و نەتەوە تەلیسمکراوەکانی ناو ئەم سیستمانە وازیان لە خەونی درۆزنانە هێناوە و وەهۆش هاتوونەتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، ئایا دەزانن شووشەی عومری دێوی ئەم جۆرە دەوڵەتانە لە کوێیە تا بیشکێنن و ڕزگار بن؟