چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە

AM:11:04:08/01/2026 ‌
هەر ماوەی جارێک بەهۆی ڕووداوێکەوە کۆمەڵێک سەرنجی جۆراوجۆر و لە هەندێ حاڵەتدا دژواز و بڕێ جاریش نالۆجیکی لەسەر ڕووداوەکە دێنە دەربڕین، بەبێ ئەوەی بەستێنە کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئاینی، ڕووداوەکە لەبەرچاو بگیرێن و لەوەیش گرینگتر بەبێ ئەوەی مێژووی ئەو جۆرە ڕووداوە لەناو کۆمەڵگەی کوردی ڕەچاو بکرێت و لەو دەلاقەیەوە واقیعی ئێستەی ڕووداوەکە و هۆکارەکانی بخوێننەوە و دوور لە هەر جۆرە ئایدۆلۆجیا و دەمارگرژییەک بپەرژێنە سەر بابەتەکە.

دیارە ڕووداو و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان خوێندنەوە و شیکاریی جیاواز هەڵدەگرن، بە حوکمی ئەوەی هەر دیاردە و ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی بەپێچەوانەی دیاردە سروشتی و بەرهەستەکان، دەلالەت و خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، بەڵام ئەم جیاوازییە دەبێت لەسەر بنەمای ڕوانگە و شێوازی شیکاری بێت نەک حەز و ئارەزوو. 

هەمیشە لە ڕووبەری زانستە مرۆییەکاندا بەهۆی ئەو ڕێژەگەرێتییەی لە مەعریفە و شێوازی مەعریفیدا هەیە، هەلی دەرخستنی زەوق و حەزی توێژەر و شیکار و... زیاترە، بە پێچەوانەی زانستە سروشتییەکانەوە کە لێکۆڵەر زیاتر وەک شایەتحاڵێک ڕۆڵ دەبینێ، لە لابوور یان تاقیگەیەکی مەزندا بە ناوی سروشت یان جیهان، دانیشتبێت و گۆڕانکارییەکان بە ئامرازە زانستییەکان تۆمار دەکات. بەڵام بە هەموو ئەمانەوە، بوونی ڕوانگەی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەک، تایبەتمەندیی زانستە مرۆییەکان و بە تایبەتی کۆمەڵناسی و دەروونناسییە.
 
یەکێک لەو بابەتانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی پێشوودا سەرنجمی ڕاکێشا، دیمەنی کچێک بوو لە شوێنێکی قەرەباڵغی بەسرە، لەلایەن کۆمەڵێک گەنج یا دەتوانین بڵێین کۆمەڵێک نێرەوە پەلامار دەدرێ یان دەسدرێژی دەکرێتە سەر. بێگومان مانای دەسدرێژی تەنیا ئەوە نییە کە لە زمانی ڕۆژانە و خەیاڵی زمانی ئێمەدا جێی گرتووە، بەڵکوو قسەیەکی بە تەشەری سێکسی یان وەک دەڵێن هەر جۆرە گێچەڵێکی سێکسی، دەتوانێت لەخۆگری جۆرێک دەسدرێژی و بەزاندنی سنووری کەسەکە بێت. 

بێگومان ئەم دیاردەیە /ڕەنگە بە مانای وردی وشە نەتوانین پێی بڵێین دیاردە، چونکە لە ڕاستیدا نە هێندە کەم و سنووردارە کە بە حاڵەت ناوی بێنم و نە هێندەیش بەڵگەی بەرفرەوانم لە بەردەستە وەک دیاردە ناوی بهێنم، بەڵام دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنان یان گیچەڵی سێکسی هیچ گومانی تێدا نییە و پێدەچێت ئەمەیش لەناو ئەم دوو جۆرەی کردەی توندئاژۆیی ناتەندروست جێی ببێتەوە/. ئەو دیمەنەی کچەکەی بەسرە بەراورد کراوە بە دیمەنی کچێکی کورد لە کاتی ئامادەبوونی لە فەزایەکی قەرەباڵغدا /کۆنسێرت یان کێبەڕکێی تۆپی پێ/ لە کوردستان و وەک لە دیمەنە  ڤیدیۆییەکەدا دەبینین، بە ڕاستی کچەکە لەوپەڕی ئارامی و مورتاحی و هەستكردن بە ئەماندا دەردەکەوێت. نامەوێت بڵێم ئەم بەراوردە و ئەم جۆرە لە وێنەکێشانی واقیع لە ڕێگەیەوە تەواو هەڵەیە، بەڵکوو دەمەوێت بڵێم هەموو راستییەکە نییە یان باشتر وایە بڵێم، ئەم نەخشاندنەی وێنەکە بە شێوەیەکی بژاردەکارانە، كراوە. واتە لەگەڵ ئەوەی ڕاستییەک بە ناوی جیاوازی کولتووری و دیدگای بەرزتر بۆ ژن لە کوردستان بەراورد بە کۆمەڵگەی عەرەبی عێراقی هەیە، هاوکات ئەمە بە مانای نەبوونی توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان نییە. 

کولتووری کوردی لە عەرەب و تورک و فارس جیایە، ئەگەرچی لە هەندێ ڕووەوە هاوبەشێتی هەیە و لە هەندێ ڕوویشەوە دیاردە و ماکە دزێوە کولتوورییەکانیان بەسەرماندا ساغ کردووەتەوە، بەڵام ئێمە مرۆڤین، هەڵگری لایەنی تاریک و ڕووناک و بێگومان تێکەڵاوی ئەم دووەین. باشتر وایە کاتێک ڕوانگەیەکی بەراوردکارانەی لەو چەشنە دەخرێتە ڕوو، سەرەتا لە ڕێگەی پسپۆڕێکەوە تایبەتمەندییە کولتوورییەکان و داونەریت و ڕوانگەی مێژوویی مرۆڤی کورد بۆ ژن بخرێتە ڕوو، ئینجا هی کۆمەڵگەی عەرەب و عێراقی، ئەوجا دەرئەنجامەکان خۆیان دەدوێن. 

وەک وتم، من گومانم لەوە نییە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا حورمەتی ژن زۆر زیاتر لە کۆمەڵگەی عەرەبی، بەڵام ئەوەیش دەزانم کە کۆمەڵگەی کوردیش لەخۆگری دیاردەی توندوتیژانە دژی ژنانە و خراپبوونی کولتوورێک یان دواکەوتوویی، نابێت وا لە ئێمە بکات ڕوانگەی ڕەخنەگرتن لە خۆمان فەرامۆش بکەین و هەر هەنگاوێک بۆ پێشکەوتنی زیاتر پەک بخەین. 

مێژووی ئەدەب و کولتووری ڕەنگینی کوردی، پڕە لە حورمەت و ڕێزی ژنان، پڕە لە ستایش و پەرستشی ڕەمزی ژنان و سەرمایەیەکی مرۆیی و نەتەوەییە، بەڵام ئایا ئەو مێژووە دەرکەوتەی توندئاژۆی لێ هەڵنەقوڵاوە؟ یا زەینییەتی کۆن یا نوێی تاکی کۆمەڵگەی ئێمە، توانیویەتی بە گشتی و لە ئاستێکی بەرفراواندا ئەو گرێ و نەریتە نەرێنیانە تێپەڕێنێت کە ژنی وەک ئۆبژەیەکی ڕەها بینیوە و ئێستەیش لە جیهانی سەردەمدا بە شێوازی جۆراوجۆر نوێنراوەتەوە و ژنان خۆیان بوون بە یاریکەر و ڕۆڵگێڕە تراجیدی-کۆمێدیەکەی؟ 
سەرنجی من بۆ خستنەڕووی ئەم پرسیارانەیە، بۆ ئەوەی بزانین دەبێت شانازی بە چییەوە بکەین و ڕەخنەیش لە چی بگرین.