تکایە ئیسلام و عەرەب لەیەک جیا بکەنەوە، ئەوانە وێنای ئیسلام ناکەن ناوی ئیسلام بەکارهێنرا بۆ کوشتن و چاو و دەرهێنانى دڵی دیل و لەناوبردنی بارمتەکان و فڕێدانە خوارەوەى تەرمى کچێك لە باڵەخانەیەکى سێ نهۆمى و "تەکبیر لێدان" لە سەری.
ئەوانە ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ دەرکردن و ئاوارەکردنی زیاتر لە 100 هەزار لە خەڵکی سڤیل و بێتاوانی کورد لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، و چەندان تاوانی تر کە زۆربەیان بە ئێمە نەگەیشتن، "حاشا" ئیسلام و موسڵمان بەرین لەو جۆرە کارە وەحشیگەرانەی کە چەتە و مافیا و دڕندە ئەنجامیان دا لە دژی کورد بە ناوی ئیسلام.
وەرن سەیری ئیسلام و موسڵمانی ڕاستەقینە بکەن، بۆتان دەردەکەوێت کە ئەوەی بینیمان نە ئیسلام بوو نە موسڵمان، کاتێك پێغەمبەری خوا (د.خ) دەچووە هەر جەنگێک یان کە جەنگاوەرانى دەنار بۆ هەر شوێنێك ئامۆژگاری دەکردن: دەست پێ بکەن بە ناوی خوا، زوڵم نەکەن، پیر و پەککەوتە نەکوژن، منداڵ و ژن نەکوژن، ماڵ و خانووی کەس مەڕوخێنن ئەگەر کافرێکتان بینی شەڕی نەدەکرد؛ لێی نەدەن، دار و درەخت بەبێ هۆکار نەشکێنن و وێنای ئیسلام بکەن، شتێك نەکەن پێچەوانەی فەرمانى خودا بێت، سەردەکەون.
پێغەمبەر (د.خ) ئامۆژگاریمان دەکات، لە دراوسێیەتیی جوو و پەیڕەوانى ئاینەکانى تر جوان هەڵسوکەوت بکەن، مەبەستتان تێکدان نەبێت، هەوڵی ئاوەدانی و ئارامی بدەن، چەندان ئامۆژگاریی تر کە ژیان و کەرامەتی مرۆڤ، خۆیان تێدا دەبینێتەوە.
کە سەیری شەڕی حەلەبم کرد، هیچ ئیسلام و موسڵمانی ڕاستەقینەم نەبینی، ناوی ئیسلام بەکارهات لەلایەن عەرەبی پێ پەتی، داعش، چەتە و مافیا بۆ کوشتنی دیل، دڵ و چاو دەرهێنانی دیل و فڕێدانی لاشەی پیرۆزی شەڕڤانان و بێ ڕێزی پێکردن، بارمتە و دیل بە بەراز و سەگ ناوبران و ماڵی خەڵکیان تێک دا، 100هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کە سەدان ساڵە کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەژین بەبێ کێشە، دەرکردنیان بە ناوی چی؟؟؟
لەو گەڕەکانە گۆڕی دوو پێغەمبەری تێدایە، حەزرەتی زەکەریا و حەزرەتی یەحیا، مزگەوت و ماڵ و حاڵی کوردیان وێران کرد "خودا لەناویان ببات".
هەرچی عەرەبی پێ پەتی، تیرۆریست، چەتە و مافیا هەن، بە ناوی ئیسلام ستەم لە کورد دەکەن، لەولاوە چەند کوردێکی نەفام و نەزان هەن، دەیانەوێ "ئەحمەد ناشەرعی" و چەتەکانی بە ئیسلام و موسڵمانی ڕاست بناسێنن، کوێرانە و سەرسەختانە و ترسنۆکانە، بەرگری لەو تاوانانە دەکەن و پێیان وایە ئەوان لەسەر حەقن. کوردیان پێ کافر و هەڵگەڕاوەیە، بەداخەوە دەبێت هۆشتان بێتەوە سەر خۆتان، ئێمە بە شانازییەوە ئیسلام و موسڵمانی ڕاستەقینەی سەردەمی پێغەمبەرین (د.خ).
حاشا لەو زوڵم و تاوانانەی چەتە و مافیا و تیرۆریست بە ناوی ئیسلام دەیکەن.