لە ساڵی 2026 داین، پێویست بوو تا ئێستە توندوتیژیی دژی ئافرەتان، تەنیا وەك پەڵەیەكی ڕەش لە ناو مێژوودا باسی لێوە بكرێت، بەڵام بەداخەوە هێشتا دیمەنی دڵتەزێنی كوشتن و ئەشكەنجەدانی كچان و ئافرەتان دەبینین، هێشتا خاكی كوردستان بە خوێنی كچانی سوور دەكرێت و ئەو توندوتیژییەی بەرانبەر ئافرەتی كورد دەكرێت، برینێكی قووڵە لە جەستەی نەتەوەكەماندا كە پێویستە هەموومان بۆی بگرین و هەوڵی چاككردنی بدەین، چونكە ئافرەتی كورد لە مێژوودا هەمیشە سیمبولی خۆڕاگری و خەبات بووە و شایانی ئەوە نییە لە ژێر ناوی جیاوازدا ژیانی لێ زەوت بكرێت و بە بیانووی كۆنەپەرستانە بكوژرێت.
دەبێت تێبگەین كە هیچ شەرەفێك لە كوشتنی ئافرەتدا نییە، بەڵكو شەرەفی ڕاستەقینە لە پاراستنی ئازادی و كەرامەتی ئەواندایە، نابێت ڕێگە بدەین چیتر ئافرەتانی كورد دووچاری زەبری دەست دوژمنانی كورد ببنەوە، ئێمە لە سەردەمێكداین كە دەبێت یاسا و عەقڵی گشتی ببنە پشتیوانی ئافرەتان و ڕێگریی بكەن لە هەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەریان، پێویستە هەموو تاكێكی كورد بزانێ كە پێشكەوتنی نەتەوەكەمان، بەندە بە ئازادی و سەرفرازی ئافرەتانەوە و هەر میلەتێك ئافرەتەكانی تێدا بكوژرێن، هەرگیز ناتوانێ بانگەشەی شارستانییەت و ئازادی بكات.
ئەو دیمەنانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای كوردستان دەبینرێت كە كوردانمان و بەتایبەت ئافرەتان و كچانمان دووچاری چەندان زەبر و كوشتن دەبنەوە، سەلمێنەری ئەوەن هێشتا ئافرەتان بەو چاوە سەیر ناكرێن كە هاوشانی پیاوانن، لە كاتێكدا دنیا بەبێ ئافرەت بەڕێوە ناڕوات، هەڵدانە خوارەوەی تەرمی كچانی كورد لە باڵەخانەوە، هیچ پیاوەتی و دەسەڵاتێك ناسەلمێنێت، بەڵام دەیسەلمێنێت هێشتا ئەقڵی شۆڤینی و كۆنەپەرستی بەردەوامی هەیە، هێشتا قبوڵی ئەوە ناكەن ئافرەت بێدەنگی بشكێنێت لەسەر مافەكانی، هێشتا دەیانەوێت وەك سەردەمی دیكتاتۆری لە ئافرەتان بڕوانن، دەبێت قبووڵی ئەوە بكرێت كە ئافرەتان بەتوانان، بەهێزن، لێهاتوون، جەنگاوەری ڕاستەقینەی خاك و نیشتمانیانن.
كوشتنی ئافرەتان نیشانەی ئەوەیە دەیسەلمێنێت، هێز و توانای ئافرەتان زۆر لەوە بەهێزترە تەنانەت لە كاتی جەنگیشدا نەتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە.