گۆڕانكارییەكانی ئەمڕۆی سووریا و وەرگرتنەوەی دێرەزوور و ڕەقە لە هەسەدە، تەنیا گۆڕینی نەخشەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە نین، بەڵكو دروستكردنی هیلالێكی سوننی نوێیە كە دەگاتە سنوورەكانی عێراق. دەركەوتنی ئەحمەد شەرع بە پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتییەوە، لە كاتێكدایە كە ئێران لە لاوازییەكی بێوێنەدایە، ئەمەش وایكردووە شیعەی عێراق گەورەترین قەڵای پشتیوانیی خۆیان لە دەست بدەن و لە بەردەم هەژموونی توركیادا بن كە بە تەواوی لە پشتی سوننەی عێراق وەستاوە.
لە ناوخۆی وڵاتیشدا، پەرتەوازەیی ماڵی شیعە و ململانێی باڵەكان گەیشتووەتە ئاستێك، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گەردەلوولە سیاسییەیان نەماوە. لەولاوە گرووپە میلیشیاكان بوونەتە ڕێگرێكی سەرەكی لە بەردەم هەر ڕێككەوتنێكی نیشتمانی لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمەیش وایكردووە عێراق لە بری یەكدەنگی، لەناو ململانێیەكی ناوخۆیی چەقبەستوودا بێت كە تەنیا خزمەت بە نەیارەكانی دەسەڵاتی ئێستەی بەغدا دەكات.
پێوەندییەكانی كورد لەگەڵ لایەنەكان گەیشتووەتە قۆناغێكی ئاڵۆز، لە كاتێكدا كورد لەگەڵ سوننەدا ناكۆكیی لەسەر خاك و سنوورەكان هەیە، لەگەڵ شیعەیش لە ململانێیەكی قووڵدایە لەسەر شێوازی دابەشكردنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەكان.
ئەگەر شیعەی عێراق بەخۆ نەكەون و نەبنە دەستپێشخەر بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ كوردستان و پێكهاتەكانی تر، ئەوا هاوكێشە نێودەوڵەتییە نوێیەكان و هەرەسی قووڵایی ستراتیجییان لە سووریا، بەرەو كەوتنێكی حەتمییان دەبات.