ئازادی لە نێوان وەهمی هاوپەیمانی و حەقیقەتی ئیمپریالیزمدا

PM:02:13:21/01/2026 ‌

لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، هەمیشە جیاوازییەكی گەورە هەبووە لە نێوان هاوپەیمانیی ستراتیجی و بەكارهێنانی تاكتیكی ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، پێویستی بە خوێندنەوەیەكی زانستی و دوور لە سۆز هەیە. زۆرینەی ئەوانەی پێیان وایە دەوڵەتانی وەك ئیسرائیل یان هەر زلهێزێكی تر، لە ڕوانگەی ئەشق و سۆزەوە پشتیوانی لە دۆزی كورد دەكەن، دەكەونە هەڵەیەكی كوشندەی سیاسییەوە.

بەرژەوەندی نەك سۆز
ڕاستییە تاڵەكە ئەوەیە كە كورد لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا، تەنیا وەك ستاتۆ و قەوارەیەكی كاریگەر دەبینرێت كە دەكرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەوان بەكار بهێنرێت. 

ئیسرائیل وەك دەوڵەتێك، بەدوای دەستەبەركردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوەیەتی، كاتێك كورد دەبینێت، وەك ئامرازێك بۆ دروستكردنی هاوسەنگیی هێز لە بەرانبەر نەیارەكانیدا سەیری دەكات. ئەمە حەقیقەتێكی سیاسییە لە دنیای سیاسەتدا و هیچ دەوڵەتێك خێرخوازی بۆ گەلێكی تر ناكات، مەگەر قازانجێكی گەورەی تێدا بێت.

شەڕی ئیمپریالیزم و ناسنامەی كورد
پێویستە ئەوە تێبگەین كە ململانێكانی ناوچەكە تەنیا شەڕی ئازادی نین، بەڵكو لە بنەڕەتدا شەڕی ئیمپریالیزم و دابەشكردنەوەی هەژموونن. كاتێك گەلێك دەبێتە بەشێك لەم جەنگە بەبێ ئەوەی خاوەن ئایدۆلۆجیا و ستراتیجێكی سەربەخۆ بێت، مەترسیی ئەوەی لێ دەكرێت ببێتە قوربانیی ساتوسەودا گەورەكان. 

ئازادییەك كە لە ڕێگەی مووشەك، جەنگی ئەتۆمی و دەستێوەردانی دەرەكییەوە بێت، ئازادیی ڕاستەقینە نییە، بەڵكو گۆڕینی داگیركەرێكە بە داگیركەرێكی تر، یان كۆیلایەتییەكی مۆدێرن لە ژێر چەتری پاراستندا.

ئیرادەی گەل تاكە ڕێگەی ڕزگاری
مێژوو سەلماندوویەتی كە ئازادیی بەردەوام تەنیا بە دەستی گەل و بە پشتبەستن بە هێزی ناوخۆیی و یەكگرتوویی مسۆگەر دەبێت. ئێمە وەك نەتەوە، خاوەن ئایدۆلۆجیا و مێژوویەكی پڕ لە تێكۆشانین، ناكرێت ببینە كارتێكی سووتاو لە یارییەكانی ئیمپریالیزمدا. 

ئازادی پرۆسەیەكی نیشتمانیی خۆماڵییە، نەك دیارییەك كە لە تەلئەبیب یان واشنتنەوە بۆمان بنێرن.

لە كۆتاییدا، پێویستە هوشیاریی سیاسیی گەلەكەمان بگاتە ئاستێك كە جیاوازی بكەین لە نێوان دۆستی ڕاستەقینە و ئەو لایەنانەی تەنیا وەك سووتەمەنی شەڕ سەیری خاك و گەلەكەمان دەكەن. پاراستنی سەربەخۆیی فكری و سیاسی، تاكە گەرەنتییە بۆ ئەوەی لەم زریانە سیاسییەی ناوچەكەدا وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ بمێنینەوە، نەك وەك پاشكۆیەك بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەوانیتر.