پەروەردەكردنی منداڵ تەنیا ئەركێكی خێزانی نییە، بەڵكو گەورەترین پڕۆژەی نیشتمانی و مرۆییە، ئەگەر تەلارسازێك هەڵەیەك لە بناغەی تەلارێكدا بكات، دەكرێ بڕووخێت و سەرلەنوێ دروست بكرێتەوە، بەڵام هەڵە لە پەروەردەكردنی مرۆڤدا، برینێكی قووڵە كە كاریگەرییەكەی بۆ چەندان نەوە دەمێنێتەوە. لێرەوە پێویستە وەك كۆمەڵگە و خێزان، بە دیدگەیەكی نوێوە سەیری پرۆسەی پەروەردە بكەین.
ماڵ یەكەمین وێستگەی مەعریفە
خێزان تەنیا شوێنی دابینكردنی بژێوی نییە، بەڵكو كارگەی دروستكردنی بەهاكانە. منداڵ لە ساڵانی یەكەمی تەمەنیدا وەك ئیسفەنج وایە، هەموو ڕەفتار و كاردانەوەكانی دەوروبەری هەڵدەمژێت، كاتێك لە ماڵەوە ژینگەیەكی پڕ لە ڕێز و گفتوگۆ هەیە، منداڵەكە فێری لێبوردەیی و هاوسۆزی دەبێت. بە پێچەوانەیشەوە توندوتیژی و هاواركردن، منداڵێكی ترسنۆك یان شەڕانگێز بەرهەم دەهێنێت كە لە داهاتوودا ناتوانێ پێوەندییەكی تەندروست لەگەڵ كۆمەڵگەدا دروست بكات.
ناكرێت باسی پەروەردە بكەین و باس لە كاریگەرییە سەیرەكانی دنیای دیجیتاڵی نەكەین، ئێستە شاشەكان بوونەتە دایەی دووەمی منداڵەكانمان. ئەمە مەترسییەكی گەورەیە بۆ گەشەی عەقڵی و كۆمەڵایەتیی منداڵ. ئەركی دایكان و باوكانە هاوسەنگی دروست بكەن، چونكە ڕێگریی تەواو چارەسەر نییە، بەڵكو دیاریكردنی كات و چاودێریكردنی ناوەڕۆكەكان گرنگە. دەبێت منداڵ فێر بكرێت كە دنیای ڕاستەقینە، یارییە جەستەییەكان و پێوەندییە مرۆییەكان، زۆر لە دنیای خەیاڵی سۆشیال میدیا گرنگترن.
پەروەردەی دەروونی و متمانە بەخۆبوون
یەكێك لە گەورەترین دیارییەكان كە دایك و باوك پێشكەشی منداڵەكەیانی دەكەن، متمانە بەخۆبوونە، ئەمەیش بەوە بەدەست دێت كە ڕێگە بدەین منداڵەكە هەڵە بكات و لە هەڵەكانی فێر بێت. پاراستنی زیاد لە پێویست (Overprotection) منداڵێكی بێ دەسەڵات و پاشكۆ دروست دەكات. پێویستە منداڵ فێری ئەوە بكرێت كە شكست كۆتایی ڕێگەكە نییە، بەڵكو هەنگاوێكە بۆ سەركەوتن. كاتێك منداڵ هەست دەكات كە لەلایەن خێزانەكەیەوە وەك خۆی قبووڵكراوە، نەك لەبەر نمرەكانی قوتابخانە یان جوانییەكەی، ئەوكاتە دەروونێكی تەندروستی دەبێت.
سێگۆشەی زێڕین خێزان، قوتابخانە، كۆمەڵگە
پەروەردە پرۆسەیەكی تەواوكارییە. قوتابخانە ناتوانێ جێگەی خێزان بگرێتەوە و خێزانیش بەتەنیا ناتوانێ هەموو ئەركەكان هەڵبگرێت. پێویستە هاوئاهەنگییەكی بەردەوام لە نێوان ئەم سێ جەمسەرەدا هەبێت.
ڕۆژنامەكان، میدیاكان و ناوەندە ئاینی و ڕۆشنبیرییەكان، دەبێت پەیامی پەروەردەیی مۆدێرن و زانستی بڵاو بكەنەوە كە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بگونجێت
پەروەردەكردنی منداڵ پێویستی بە ئارامییەكی بێ كۆتایی و زانیارییەكی بەردەوام هەیە. منداڵەكانی ئێمە تەنیا هی خۆمان نین، ئەوان هاووڵاتییانی داهاتووی ئەم نیشتمانەن. با بە چاندنی تۆوی ڕەوشت، زانست و خۆشەویستی، داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان مسۆگەر بكەین، چونكە هەموو گۆڕانكارییەكی گەورە لە كۆمەڵگەدا، لە مێشكی منداڵێكەوە دەست پێ دەكات.