کوشتنی ژینا ئه‌مینی له تاران که یه‌که‌م ڕابوونی له سه‌قز و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دواتر له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی که‌سرای تاران (ئه‌و شوێنه‌ی ژینا به وته‌ی به‌رپرسانی ئێرانی چاره‌سه‌ری بۆ کرا)، به‌دوای خۆیدا هێنا و دواتر شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران یه‌ک له دوای یه‌ک به‌پێی دۆخ و زەوینه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووریی و ئیتنیکییان، پشتگیری‌یان لێ کرد و بوو به ڕابوونێکی بێوێنه‌ی جه‌ماوه‌ری. ڕۆژ دوای ڕۆژ به پرۆسه‌ی ڕه‌مزسازیی و ئاڕاسته‌کردنێکی خۆڕسکی جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیانه‌دا تێده‌په‌ڕێت و زیاتر په‌ره ده‌سێنێت، به‌ڵام له پشت ئه‌م خرۆشان و لێشاوه‌ی خه‌ڵکی ناڕازییەوە، مه‌کینه‌یه‌ک ئیش ده‌کات که ئێمه ئێسته ڕاسته‌وخۆ و ناڕاستەوخۆ دەیبینین، مه‌کینه‌یه‌ک که هه‌ر جۆره ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و ده‌سه‌ڵاتپه‌رستییه‌کی تێدایه و دواڕۆژی نه‌ک ئێران، به‌ڵکوو کۆی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌توانێت تووشی شه‌ڕ و خوێنڕشتن کات. ئه‌م مه‌کینه‌یه به‌ر له‌وه‌ی ڕۆحی ده‌سه‌ڵاتگەلێكی توندئاژۆ و ئایدۆلۆجی بێت، ڕۆحی که‌ونینه و دووره‌ده‌ستی کولتوورێکه که ده‌یه‌وێت وه‌ک خودا بجووڵێته‌وه.
له‌م قۆناغه‌ی ئێستەی ڕابوونی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران‌دا، سه‌یر و سه‌رنجڕاکێشه بزانین له زۆربه‌ی ڕابوون و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی پێشووتر دژی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، له شارانێکی وه‌ک قوروه، دێگولان، ئابدانان، دێلوڕان و به گشتی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه نه‌هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌مه بۆ زۆر شاری فارسنشینی ناوه‌ندی ئێرانیش ڕاسته، شارەكانی وه‌ک یه‌زد، کرمان، شیراز و قوم، ئارام و هێمن و نوستوو بوون، به‌ڵام خشته‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که نه‌زم و نۆرمێکی نوێ ده‌خاته به‌رده‌ممان و هاوکێشه‌ی نوێ و ڕژد له پێوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ت پێناسه ده‌کات، پێوه‌ندییه‌ک که تاڵه‌کانی ڕزیون و هه‌ر چرکه‌ساتێک تاڵێکی لێ ده‌پچڕووکێت.
ده‌توانین بڵێین، ڕابوونی ئه‌مجاره بۆنی گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی لێ دێت، ئه‌گه‌ر سێ قۆناغ له ڕه‌وتی هه‌ر ناڕه‌زاییده‌ربڕینێکدا به گریمانه بگرین، ده‌توانین سێ قۆناغی "ڕابوون، ڕاسان و ئینقیلاب" ناو ببه‌ین، دیاره دیواری نێوان ڕابوون و ڕاسان و ئینقلاب، به درێژایی 47 ساڵ قه‌ڵشت و درزی گه‌وره‌ی تێکه‌وتووه، هه‌رچه‌ندە لێرەوله‌وێ، له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئێران به مه‌به‌ستی کۆنترۆڵکردن و هێورکردنه‌وه‌ی خۆپێشاندان و ڕابوون و ڕاسانه‌کان، باسی هه‌ندێ ڕیفۆرمی به ڕواڵه‌ت ڕژد ده‌کرێت و ئاماژه به پاشه‌کشێی ده‌سه‌ڵات له هه‌مبه‌ر داخوازییه‌کانی خه‌ڵک ده‌کرێت، به‌ڵام زایه‌ڵه‌ی خرۆشانی جه‌ماوه‌ر ئه‌مه‌ی پێ قووت نادرێت و ده‌زانێت ئه‌مه یاریی و ماده‌یه‌کی سڕکه‌ری کاتی ترە و دواتر هیچ شتێک ناگۆڕێت و خراپتر له جاران دۆخه‌که ده‌چێته پێشێ.
لەناو گەرمەی ئەم هاوکێشە هەستیارەدا، دەنگێکی خۆپەرست و خۆبەخودازان هەیە، وەک وتم لە کولتوورێکی کۆنەوە سەرچاوە دەگرێت، جۆرێکی تایبه‌ت له فاشیزممان پێ ده‌ناسێنێ که کۆمار وه‌ک مۆدێله سیاسییه‌که‌ی 43 ساڵه ده‌ناسرێت و سه‌تان ملیۆن دۆلار پاره‌ی له‌پێناو په‌ره‌پێدانی ئایدۆلۆجیا‌که‌ی و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ناوه‌نده ئابووری و سه‌ربازییه‌کانی ناوخۆ و ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت دنیا خەرج کردووه، خه‌مێکی گه‌وره و دڵته‌نگییه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌یه ئەگه‌ر ددان بەو ڕاستییه تاڵه‌دا بنێین كە ئه‌م فاشیزمه ته‌نیا له حکوومه‌تدا نییه، به‌ڵکوو له ئاستی کولتووری، جه‌ماوه‌ری، پێکهات و ڕۆشنبیری مرۆڤی ئێرانیشدا هه‌یه.
ئه‌گه‌رچی فاشیزم ماوه‌ی دوو ده‌یه‌یه به پێشه‌نگایه‌تی تورکیا و ناسیونالیزمی تورک، گوڕوتینێکی دیکه‌ی وه‌به‌رکه‌وتووه و کاژی خستووه، بۆ ئه‌مه‌یش ڕژێمێکی وه‌ک ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌ستبه‌داوێنی هه‌موو فیگه‌ر و فۆرمێک له‌وانه ئاینی، هونه‌ری، ئابووری و مێژوویی و سه‌ربازی ده‌بێ، تا فاشیزمه‌که‌ی وه‌ک مافێکی مرۆیی و سه‌رده‌مییانه‌ی تورکەیلی دنیا و وڵاتی تورکیا بناسێنێت، به‌ڵام ئێمه شاهیدی ده‌رکه‌وتنی فاشیزمێکی نوێ بووین که له‌ناو ئیسلامی، ڕاستی توندڕۆ، پارێزکار و میانه‌ڕۆدا هۆگر و لایه‌نگری هه‌بوو و هه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی گومان له‌وه بکه‌ن که پێیان ناوه‌ته چ سه‌رزه‌مینێکی خوێناوییه‌وه.
ئه‌م جۆره فاشیزمه که له‌گه‌ڵ ڕۆحییه‌ت و ناهوشیاری که‌ونینه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیدا له‌دایک بووه، وه‌ک ئاوێکی لێڵی ژاراوییه که هه‌موو له‌مپه‌ر و ئاوبه‌نده‌کان ده‌به‌زێنێت و به‌ژێر یان ته‌نیشت یا سه‌ریاندا تێده‌په‌ڕێت و ڕێی خوێناوی خۆی ده‌پێوێ، رواڵه‌تیشی له ئاو ده‌چێت، به‌ڵام کوشنده و دژه ژیانه. فاشیزمێک که له ئێران‌دا زاڵه، کۆمار ته‌نیا یه‌کێک له فۆرم و فیگوره‌کانێتی، پێش ده‌سه‌ڵاتی کۆمار ئێمه دوو ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی یه‌که‌م و په‌هله‌وی دووه‌ممان هه‌یه که حکوومه‌تێکی پاشایه‌تی به خه‌ونه‌کانی ئیمپراتۆریای هه‌خامه‌نیشی و ساسانی بوون و له‌و دوو قۆناغه سیاسییه‌دا هه‌ر ده‌رکه‌وتنێکی نه‌ته‌وه‌خوازیی جگه له فارس، به توند‌وتیژترین شێوه سه‌رکوت کران و ڕێبه‌ره‌کانیان له سێداره دران، هه‌موو ڕه‌مز و هێماکانیشیان قه‌ده‌غه و په‌رده‌پۆش کران.
بابه‌تی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ی دوو سیستمی سیاسی پاشایه‌تی واته ڕه‌زا خانی میرپه‌نج و حه‌مه‌ڕه‌زای کوڕی ده‌رهه‌ق به کورد و چه‌په‌کان کردیان، ئێسته‌یش له‌لایه‌ن کۆمارەوە هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ست بسه‌رداگرتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانەوە له ساڵی 1979ز، به‌و شێوه توندوتۆڵ و توندوتیژه به‌رده‌وامه. واته ئه‌م فاشیزمه ته‌نیا به کۆماره‌وه مانا په‌یدا ناکات، به‌ڵکوو سه‌رچاوه‌که‌ی كۆنترە و وه‌ک پێکهات بۆ مێژوویه‌کی کۆنی کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگەی جیۆگرافیای ئێرانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكە ڕژێمی پاشایه‌تیش به ئایدۆلۆجیای ئێرانشاری و ئێرنگه‌رایی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ساڵه پڕشکۆکانی ئیمپراتۆریی به‌هێزی کوروشی هه‌خامه‌نیشی، هه‌مان سه‌ودای هه‌یه و له‌م ئانوساته‌ی قوربانیدانی خه‌ڵکی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ئێمه میدیاکانی پێوه‌ست به ڕه‌زای په‌هله‌وی کوڕی حه‌مه‌ڕه‌زاشا ده‌بینین چۆن لایه‌ندارانه هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان ڕووماڵ ده‌که‌ن و هه‌موو شتێک له‌پێناوی ئێران و ئێرانخوازیدا به‌کار دێنن، بۆ ئه‌وانه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئێران که‌متر شاره‌زان، ده‌بێ بزانن مه‌به‌ست له "ئێران" واته یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک ده‌وڵه‌ت و یه‌ک زمان و کو‌لتوور که ئه‌ویش زمان و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و کولتووری فارسه!
ئه‌م پێکهاته فاشیستییه هه‌موو شتێک به‌خۆوه ده‌گرێت له چه‌پ، راست، قه‌حبه، ئازادیخواز! نه‌ته‌وه‌خواز، ئالووده‌بوو‌ی ماده‌ی هۆشبەر و... ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌رده‌ستی کوروش و که‌ونینه‌گه‌رایی باپیرانی کۆنی هه‌خامه‌نشییان زیندوو و جاوید بمێنیته‌وه! ئه‌مه‌یش به چ نرخێک؟ که‌س نازانێت، ده‌بێ چه‌ندیتر خوێن بڕێژێته میحرابی ئه‌م خودا زه‌وینیانه‌وه تا هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ژێر سێبه‌ری نه‌گریس و شوومیان بێته ده‌ره‌وه و کیان و سه‌ربه‌خۆیی خۆی دروست بکات.