پاش دەستپێکردنی شەڕ لە ڕۆژئاوا و هێرشی میلیشیاکانی سەربە حکوومەتی شام بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و تەشەنەسەندی زیاتری شەڕ و کاولکارییەکان، سەرۆک بارزانی یەکەم کەسایەتیی بوو هاتە سەر خەت و هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ئیتاڵیا و دیدار لەگەڵ پاپا و هەروەتر پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی ناوچەکە و دەرەوە، هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ تا دیسانەوە کورد کۆمەڵکوژ نەکرێتەوە.
ڕاستە پاش هەڵگیرسانی شەڕی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سوریا، چەندان هەوڵی ناوچەیی لە ئارادا بوون تا ڕێککەوتنێک دروست ببێت، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی ئەوان دەیانویست بە ناو خوێن و تەرمی قوربانیانی کورددا دەبوو بڕۆشتایە، ئەگەرچی تا ئێستەیش کە ڕێککەوتنێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، پرۆسەکە وا هاتووەتە پێش و قڕانکردن و ئاوارەبوونی کورد، هەر بە ڕادەی خۆی ڕووی داوە.
لەم نێوانەدا هەڵوێستی توند و کوردانە و پەرۆشیی سەرۆک بارزانی، هەم لە ئەرزی واقیع و هەمیش لە ئاستی ڕەمزیدا، پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوی بە گوێی هێزەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانە بەرژەوەندیخوازەکانی دوور و نزیکدا دا. پێم وایە بەشێک لەو جۆشوخرۆشە جەماوەرییە هەر دوابەدوای ئەو هەڵوێستەی پشتگیری و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بوو.
بارزانی وتی، ئەگەر وەک 2015 کە هێزم نارد بۆ کۆبانێ، دەرفەت هەبوایە هێزم دەنارد بۆ پشتگیریی ڕۆژئاوا. ئەمە خۆی شکاندنی سنووری ئەو دیپلۆماسییە سەپێنراوە دەسکردەی ناوچەکە بوو کە گوایە کورد هێز نییە و باشوور نابێت لە چارەنووسی کوردان لە بەناو وڵاتانی دیکەدا خاوەنداری بکات، بەڵام ئەم هەڵوێستە بەزاندنی ئەو سنوورە دەسکردە دیپلۆماسییە بوو و ڕای گەیاند، کورد لە هەر وڵاتێک بێت، خاوەنی دۆزێكە و لە باشووریش بە توانای خۆی خاوەنداریی لە دۆزەكە لە پارچەکانی دیکە دەکات.
ئەوەی سەرۆک لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا گوتی، ئەگەر تەعەدا لە کورد بکرێت، ئەوکات ئێمە هەموو شتێک دەکەین، ئەگەرچی حەز بە شەڕ ناکەین. ئەم هەڵوێستەی بارزانی و وردەکاریی قسەکانی، دەلالەت لە دۆخێکی نوێ بۆ کورد دەکەن لە ناوچەکەدا. دۆخێک کە ئەگەرچی دژواریش دەبێت، بەڵام بێ دەسکەوت نابێت، هەر ئێستە و تا ئێستە کە ڕۆژئاوا بەشێک لە کیانی خۆی لە چوارچێوەی چەندان ڕێکەوتندا جێگیر دەكات، بێگومان بەشێکی بەهۆی پشتگیری و پشتیوانییەکانی سەرکردایەتیی کوردستان بووە.
بە دڵنیاییەوە ئەمە نە بەو مانایە کە پشتگیریی باشوور بە چاوی ڕۆژئاودا بدرێتەوە و نە بە مانای ئەوەیشە خەبات و خوێنی برا و خوشکانی ئازیزمان لە ڕۆژئاوا بەرز نەنرخێنین، بەڵکوو مانای ئەوەیە یەکانگیری و یەکبوونی کورد، دەتوانێت هاوکێشەکانی هێز بەراوەژوو بکاتەوە. بۆ ئەمەیش سەرۆکێکی حەکیم و ڕێبەرێکی بە پەرۆشی کورد، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت.
هەموومان وێنەکانی چەند مانگ پێش ئێستەی هەولێرمان لە بیرە کە مەزڵوم عەبدی چۆن لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردەوە لە باشوور پێشوازی لێ کرا و سەرەتاکانی پێوەستبوونی باشوور و ڕۆژئاوا و بەزاندنی سنوورە دەسکردەکان لانیکەم لە ئاستی ڕەمزیدا دڵی هەموو کوردێکی لە جیهاندا خۆش کرد، جیا لەوەی ئەو ناکۆکییە ئایدۆلۆجییەی نێوان باشوور و ڕۆژئاوا و لە فۆرمی ئایدۆلۆجیای ڕاست و چەپدا، بەهۆی فاکتەکانی ناو ئەرزی واقیعی سیاسی و دۆخی جیۆپۆڵەتیکی کورد، کاڵ بوویەوە. بێگومان هەموو ئەمانە دەسکەوتن و بە ناو ڕێگەیەکی زیاتر لە دوو دەیەدا تێپەڕیون.
ڕاستە ئێستە ڕەنگە لە ئەنجامی دوا ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ڕازی نەبین، بەڵام ئەمە بەو مانا نییە ڕۆژئاوا لە جێی خۆی نییە و بەشێک لە دەسکەوتەکانی مسۆگەر نەکردووە. من وەک کوردێک ڕەنگە بە برین و خەونەوە هاوکات چاو لە سیاسەت بکەم و لە ئاست ئەو هەموو ئازار و قوربانیدانە مێژووییەی پاش سایکس پیکۆ، تا ئێستە جگە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان لانیکەم کیانێکی فیدراڵ، هیچی دیکە قبووڵ نەکەم، بەڵام ئەمە خەونبازییە لە دەلاقەی ئازار و برینەوە و ئەرزی واقیع شتێکی دیکەیە.
ئەوەی کە کورد دەبێت درێژە بە خەبات و وەرگرتنی زیاتری مافەكانی خۆی بدات، بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بۆ ئەمە پێم وایە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی باشووری کوردستان دەتوانێت ڕینیشاندەر بێت و چاوساغی و حیکمەتی سەرۆک بارزانی دەتوانێت لە تەنگانە و ئالنگارییەکاندا دەرگای نوێ بکاتەوە و فریادڕەس بێت.
هیوادارم سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەموو پارچەکان زیاتر و زیاتر لێک نزیک ببنەوە و زۆرتر و زۆرتر پەرۆشیی خۆیان بۆ کورد نەک وەک کەمینەیەک لە ناو دەوڵەتان و جیۆگرافیای داگیرکراویان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکراوەوە، بەڵکوو وەک جەستەیەکی یەکانگیری بە زۆر دابەشکراو، چاوی لێ بکەن. واتە هەمان ئاسۆی ژیرانە و کوردانە کە لە نیگای حەکیمانەی سەرۆکدا هەیە.