تا کەی نیشتمان بپێوین؟

PM:12:27:02/02/2026 ‌
یەکێک لەو گۆرانیانەی عەدنان کەریم کە وابزانم کاتی کۆرەوی 1991 وتویەتی، كۆچی كوردان وا بە كاروان دێ لە ڕێی شارانەوە. لە كۆپلەیەكیدا دەڵێ، نیشتمانی خۆمە دەیپێوم مەڵێن ئاوارەیە! من نامەوێت لەسەر لایەنی هونەری یان خاوەنی هەڵبەستەکە یان دەنگبێژەکە قسە بکەم، تەنیا دەمەوێت باسێک لەسەر ئەو دەلالەتە مانایی و ئەو هەستە بکەم کە بەهۆی گۆرانییەکەوە بۆ گوێگر یان بەردەنگ دەگوازرێتەوە، ڕەنگە لە هەموو گۆرانییەکەدا کۆپلەیەک بە رادەی ئەو کۆپلەیە هاوکات جوان و ترسناک نەبێت. دداننان بە دۆخێک کە وەک بڵێی قەدەرێک بەسەر نەتەوەیەکیدا سەپاندووە و ئێمە بە ئاوارەیی و کۆچ لەگەڵی گونجاوین و ڕاستە لێمان دەمرێ و دەکوژرێ و قوربانی دەبین، بەڵام دواجار کێشەیەک نییە، چونکە لەسەر نیشتمانی خۆمان دەمرین و ئاوارە دەبین! 

دەکرێت بڵێین، یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەكانی هەڵبەست و گۆرانی یان بە گشتی هونەر، ئەوە بێت کە ئازار لە بەرگی جوانیدا بنوێنێت و ئاسایی بکاتەوە، ڕەنج و برین بە حەماس و پاڵەوانییەوە گرێ بدات و غایەت و ئایدیالێکی زەینی دروست بکات و جیهانی واقیع و خوێنی سەر شەقام و تەرمی کێشکراو و کەزیی براو و... نەدیو بگرێت. لە ڕووی دەروونناسییەوە کاتێک مرۆڤ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ واقیع نامێنێ، پەنا بۆ جیهانی ئاماژە و خەونەکان دەبات و یەکێک لە بنەما فەلسەفەییەکانی هونەر و جوانیناسی هەر ئەمەیە. 

بە بێ ئەوەی بمەوێت جوانیناسیی و ڕۆڵی لە دروستکردنی نەتەوە و خەیاڵدانی گشتی و پێوەندیی لەگەڵ سیاسەتدا تەنیا لە خانەی نەرێنیبووندا ببینم، هاوکات ناچارم ئەوەیش بڵێم کە جوانیناسییەک ئازار و ئاوارەیی ئاسایی بکاتەوە، بە شێوەی ناراستەوخۆ دەکەوێتە خزمەت دووپاتکردنی مێژووی ئازار و ئاوارەییەوە. جوانیناسی و هونەرێک کە ئاسۆی ڕزگاری و ئاسوودەیی و هیوا و خەونی باشتربوون لە یادەوەری و ڕاهاتن بە دۆخی باو بئاڵێنێت، کاریگەریی ترسناکی لەسەر نەستی گشتی و خەیاڵی گشتدا دەبێت. 

دیارە ئێمە لێرەدا تەنیا باس لە شیعر یان گۆرانییەک ناکەین، بەڵکوو باس لە زەینییەتێک دەکەین کە ئاوارەیی و ئازار و... ئاسایی دەکاتەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان دەیخاتە خانەی پاڵەوانێتییەوە. واتە زەینییەتێک کە کورد هەڵگرێتی و جوانیناسی و هونەرێکی وەهای پێ بەرهەم دێنێت. واتە من لە ڕێگەی ئەم باسەوە دەمەوێت ڕەخنە لە زەینییەت و سوبژێکتیڤیتەیەک بگرم کە بەرهەمێکی وا دەخولقێنێت، هیچ گومانێک لە جوانی و درەوشاوەییدا نییە، بەڵام دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی دەتوانن لە دەروازە و دەلاقەکانی پشتەوەی مێژوومانەوە بای کارەسات و ئازاری دووپاتە و چەند پاتە بکەن بە ژووردا! 

قۆناغێکی زێڕینی مێژووی ئەدەبی ئێمە، ئەدەبی بەرگریی و شۆڕشگێڕی بووە، ئەدەبێک کە لەگەڵ ئەوەی لەژێر سێبەری ئایدۆلۆجیادا بووە، هێندە ڕۆحی جەنگاوەری و خواستی تێکشکاندنی مەکینەی دووپاتەوەبووی ئازاری مێژووی تێدا بووە، دەتوانین بڵێین بەشێک لە دەسکەوت و زەینییەتی ڕزگاریخوازانەی کوردی دەرئەنجام و دەرهاوێشتەی وەها ئەدەب و جوانیناسییەکە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین، ئەدەب و هونەر دووبارە سازکردنەوەی واقیعە بەو پێیەی هونەرمەند یان ئەدیب دەیەوێت، بەڵام ئەگەر ئەم دووبارە سازکردنەوەیە یان خولقاندنەوەیەی واقیع لەناو خەون و مۆتەکە و ترس و تراومادا گیر بخوات، دواجار پێوەندیی بە واقیعەوە دەپچڕێت و ئەوەی دەمێنێتەوە هەندێک خەون و ئاخ و ئۆفە کە دەتوانێت جەماوەر ڕابهێنێت و هەست و زەینییەتێکی زایان تێدا پەروەردە بکات کە لە ئاوارەبوونی دووبارە، کوژرانی دووبارە، داگیرکراویی دووبارە و ئەتککرانی دووبارەی نیشتمان و... لایان چاوەڕوانکراو بێت. 
وەک وتم، ئێمە هاوکات ئەدەب و هونەرێکی درەوشاوەمان هەبووە کە وەک مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەڵێت، دەست لە دەستی پێشمەرگە و چەک بە دەست، پێکەوە چوونەتە سەنگەر. 

ئەم جۆرە هونەر و جوانیناسییە، درێژکراوەی ڕۆحی جوانیناسانەی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و فەقێ تەیرانە کە لەگەڵ ئازار و ڕەنج و برین، خواستی ئاسۆیەکی ڕوون و گەش لە ئێمەدا دەچێنن. پێم وایە لەم ڕۆژانەدا کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا کەوتووەتە بەر شاڵاوی شەمشەمەکوێرەی تورک و عەرەبەوە و زلهێزەکانی دنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان سڵ لە فرۆشتنی جەستەی خۆیان و گیانی خەڵکی تریش ناکەنەوە، زیاتر و زیاتر هوشیاریمان ختووکە بدەین و بەئاگاییمان قووڵتر بکەین و پەرە پێ بدەین. 

ئەم پرۆسەیەش بابەتێکی تەنیا میدیای و سیاسی نییە و ڕەهەندێکی قووڵی دەرووناسانە و فەلسەفی و هونەریشی هەیە، بۆیە من لێرەدا ئەم باسەم گەڵاڵە کرد تا لە خۆمان بپرسین، ئایا دووپاتبوونەوەی کۆچ و ئاوارەیی و ... تەنیا بەرهەمی ستەمی جیۆپۆڵەتیک و یاریی قێزەونی داگیرکەران و یاسای دزێوی بەرژوەندی زلهێزەکانە؟ یان خۆیشمان بە شێوەیەک لە شێوەکان لەم بەرهەمهێنانەوەیەدا ڕۆڵ دەگێڕین؟ 
ئەگەر بەڵێ، بە چ شێوەیەک و دەبێت چی بکەین بۆ پێشگرتن لێی؟ بە ڕای من یەکێک لە شێوەکانی ڕەخنەگرتنە لە جۆرە هونەرێک کە ئازار جوان دەكات و قوربانیدانی ناپێویست پیرۆز دەکات و پاڵەوانێتیی ئایدیالیستانە بە دەسکەوت دەناسێنێ.