تێڕامانێک لە ڕۆژئاوا و دۆخەکەی

AM:11:22:03/02/2026 ‌
تێكچوونی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی هاوکێشە نوێیەکان و ڕەشۆداماڵینی میلیشیا دڕندەکانی سەربە شام و تورکیا، ئەگەرچی ئەزموونێکی نوێ نەبوو لە یادگەی ئێمەی کورددا، بەڵام ئازارهێن و پەژارە بوو بۆمان. بەر لەوەی بێمە سەر باسە سەرەکییەکەی خۆم، دەبێت بڵێم ئەم ئازارە بەشێکی دەرئەنجامی ڕاڕایی و هەڵوێستی ناڕوونی سەرکردایەتی ڕۆژئاوا بوو، لە ئاست خواست و داوکارییەکانیان، بە تایبەتی بەر لە واژۆکردنی ڕێکەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد جۆلانی. زۆرینەی شارەزا و ناشارەزا هاوارمان کرد، با داواکارییەکان ڕوون و ڕاشکاو و پتەو بن، کەچی هیچ شتێک کە بە ڕوونی و پتەوی پێوەست بێت بە کیانێکی کوردیی پارێزراو و جێگیرەوە، هەر لە ئارادا نەبوو، ئیدی ئەم کیانە ئۆتۆنۆمی بێت، فیدراڵی بێت یان دەسەڵاتێکی نیوەئازاد یا هەر جۆرە حوکمڕانییەک کە دەلالەت لە فۆرمێک لە لامەرکەزی بکات. 

ئەوەی دەمانبیست دروشمی حەماسی کوردانە و درەوشاوە بوو، بەڵام ئەوەی دەکرا پابەندبوون بوو بە خەونی برایەتی گەلان و یەکپارچەیی سووریا لە ژێر سێبەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیدا، بۆ تێپەڕاندنی دەوڵەت نەتەوە. برایەتی گەلان و حاشاکردنی دەوڵەت نەتەوەی کوردی لە زۆنگاوێکی مێژووییدا کە هێشتا خەڵکی ناوچەکە لەناو کولتووری پێشمۆدێڕندا دەژین، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو بەهۆی ئامێرە مۆدێڕنەکانەوە ئەو کولتوورەیان کردووە بە چەکێکی کوشندە و نکۆڵیکەرانە کە جگە لە خۆیان و زمان و خوێنیان، کەس بە شایانی داخڵبوون نازانن، هەر ئەمە بنەمای هەر جۆرە فاشیزمێکە کە تا ئێستە لەناو عەرەب و بە ئاشکرا لە فۆرمی بەعسیزمی عێراقی و سوریدا بینومانە و هەروەها دەمامکی هەموو جۆرە فاشیزمێکی شاراوەی لە چەشنی سعوودیە و قەتەر کە ئامادەن چەندان ملیۆن کورد کۆمەڵکوژ بکەن، بەس بەو مەرجەی محەمەد جۆلانی دوێنێ و ئەحمەد شەرعی دیپلۆماتکراوی ئەمڕۆ، پارێزەری کیان و یەکپارچەیی خاکێک بێت کە بە شێوەی وەهمیانە هەمووی بە موڵکی جیهانی عەرەب دەزانن. 

من نامەوێ بڵێم کێ هەڵەی کرد و کێ ژیرە و کێ بە بیرە، تەنیا دەمەوێت بڵێم بۆچی گەیشتینە ئێرە؟ هەروەک تیشکم خستە سەری، ئەو ئایدۆلۆجیایە کە ئێستەیش هەندێ لە هوتافکێشان و پاڵەوانپەروەرانی شکستخواردوو دەیهۆننەوە، لەم جیۆگرافیایە و لەم هەلومەرجەدا لانیکەم بەم زووانە جێگیر و سەقامگرتوو نابێت. بێگومان مەبەستیشم ئەوە نییە ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕووی داوە هەمووی شکست بووە، بەڵام دەڵێم لە کیسدانی دەسکەوتی زێڕین هەر شکستە. 

خەڵکی ڕۆژئاوا وەک پارچەکانی تر پڕن لە خرۆشان و حەماسی کوردانە، ئەوەی هێشتبوونییەوە کوردبوون بوو نەک برایەتییەکی بێ ناسنامە لەگەڵ عەرەب! بە درێژایی مێژووی دامەزرانی دەوڵەتی نوێ لە سووریا، ئایا یەک کەس، بە ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس، سیاسی و یاساییەوە سەری هەڵداوە کە باسی بێناسنامەبوونی کورد بکات؟ برایەتی گەلان پێشکەشی بێت! ئێمە پێش پرۆژەی ئاشتیی باکور و پێشتریشمان لە بیرە کە ئەو ئایدۆلۆجیستانە چۆن هێرشیان دەکردە سەر کوردایەتی و ڕەوتی ڕاستڕەو لە هەموو کوردستاندا، پێدەچێت بەشێک لەوان ئێستە وریا بووبنەوە و لەوە گەیشتبن ئەرزی واقیع زۆر جیاوازترە لە خەونی تیۆری. 

حاشا وەلیلا قەت نامەوێ ئەو یەکدەنگی و یەکڕیزییە شكۆدارەی گەل بۆ ڕۆژئاوا دەدرەوشێتەوە بە قسەیەکی سادەش بڕووشێنم، بەڵام پەرۆش و نیگەرانم لەوەی ئەم گەلە بەم هەموو خرۆش و سۆزە کوردانە و خۆنەویستانەوە، بۆچی خوێنیان بەبێ دەسکەوت بڕێژێتە میحرابی تاریکپەرستانەوە و بەو وەهمەی کە ئێمە پەیامهێنەرانی نوور و ڕووناکین! لە حاڵێکدا ئەوان شەیدای تاریکی و ڕەشایین! پێم وایە ئێستەیش سەرباری هەموو ئەو ئاوارەیی و کاولکارییەی بەهۆی تاریکپەرستانی عەرەب و تورکەوە هاتووەتە ئاراوە، هێشتا دەرفەت هەیە بەشە ڕەسەن و کوردانە و واقیعییەکەی ڕۆژئاوا بپارێزین. یانی لە ڕێگەی ئەوانەی بەرپرسی سەرەکین و لە سەرەوەن، بە پلان و ئایدۆلۆجیایەکی کوردانە و واقیعییەوە بپارێزرێت. 

هاوڕێیەکم لە ئەمەریکایە و پێوەندییەکی دوور و نزیکی لەگەڵ هەندێ کەسی ناو کۆشکی سپی هەیە. یەکێک لەو مژارانەی لەناو کۆشکی سپی لە پەراوێز یان ژوورە داخراوەکانەوە لەبارەی ڕۆژئاواوە باس کراوە. هەر ئەمانەی سەرەوە بوون، واتە دەرنەکردنی بڕیارێکی ڕوون و کوردانە کە پارێزەری ماف و کیانی خۆت بێت، هەندێکیان باسیان لەوە کردبوو کە بڕیارەکانی ڕۆژئاوا لە شوێنی دیکەوە دەردەچن. ئەمە بەشێکی سەرەکیی ئەو گرێكوێرە بوو کە دیسان ئاوارەیی و ڕەوی خستە بەردەم کوردی ڕۆژئاوا. 

دەرفەتەکان نەقۆزیتەوە، بە پتەوی و ڕوونی نەڵێی چیت دەوێت، پاڵەوانییەک کە تەنیا ستایشی ڕۆژئاوا و حەماسەتی ڕۆژهەڵاتی بێت، بە چی دەچێ کاتێک دەبێت لەسەر تەرمی برا و خوشکی پاڵەوانت لاوک و حەیرانی مەرگ و شەهادەت بڵێیتەوە؟ ئەگەرچی ئێمە ئێستە گۆڕینی هەڵوێست و وریابوونەوە دەبینین لە ڕۆژئاوا، بەڵام دەبێت ئەمە بەردەوام بێت و ئایدۆلۆجیا و خەونی سیاسیی ناواقیعی دیسان سڕمان نەکاتەوە. 

با بیرەوەرییەکەی سەرۆک بارزانی و دەمەقاڵەکەی لەگەڵ پۆل برێمەر بهێنینەوە بیری خۆمان لە کاتی دامەزراندنی دەسەڵاتی کاتی عێراق و باسکردنی سنوور و هێزی پێشمەرگە کە چۆنچۆنی بە بوێری و ڕاشکاوییەوە سنووری پیرۆزییەکان و کیان و بوونی کوردستانی دیاری کرد، ئەوجا لە مەبەستەکەم باشتر دەگەن. هیوای سەرکەوتن و ئاسوودەیی بۆ گەلی سەربەرزمان لە ڕۆژئاوا. هیوای ڕزگاربوونی هەموو کوردستان و پیرۆزە ئەم یەكبوونە بێوێنەیە.