كەمتر لە دەیەیەکە هەندێک شاعیر، نووسەر و ڕۆشنبیر، باسیان لەوە کردبێت کە ئەم سەدەی 21 سەدەی کوردە. ئەگەرچی دەکرێت بەشێک لەم دەربڕینە لەناو کەوانەی حەماس و هیواوە دابنێین و وەک باوە وایدانێین شاعیر و نووسەران ئیلهام لە شوێنێکی نەناسراو و نەسەلمێنراوەوە وەردەگرن، ئەگەرچی هیچ کات ناتوانین بە بێباکی و بێ بەڵگە ئەم ئیلهامانەیان ڕەت بکەینەوە. بۆ بەرگریی لەم تێڕوانینە دەتوانین ددان بەو ڕاستییەدا بنێین کە "باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات / یەک وڵات و یەک خەبات" سەرەتا ئایدیایەکی شاعیرانە بووە و لە گۆرانیی کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە، و چەندان ساڵە ڕۆژئاوایشی هاتووەتە سەر. بەهەرحاڵ ناوزەدکردنی سەدەی ئێستە بە سەدەی کورد لە هەر سەرچاوەیەکی هوشیار یان ناهوشیارەوە هەڵقوڵابێت و لە هەر هێزێکی دەروونی و زەینییەوە ئیلهامی وەرگرتبێت، دوور نییە لە راستی.
ئێستە ناوی کورد و دۆزەکەی و کوردستان، دەیان قاتی سەدەی پێشوو لە جیهاندا ناسراوە و کورد دۆستی زیاترە و گرنگتر لەوەیش هوشیاری و ئینتیمای نەتەوەیی، سەرباری کۆمەڵێک کێشە و گرفت لە دۆخی کورددا بە تایبەتی لە باشوور کە پارچەکانی دیکە وەک داڵدە و پەناگەی ڕزگاریی چاوی لێ دەکەن، لەوپەڕی خۆیدایە. سەردەمێک بیری ناسیونالیستیی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە موکریان و دەوروبەریدا قەتیس مابوو، ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات وەک کرماشان و ئیلام و لوڕستان، هەروەک خەونێکی ئایدۆلۆجی و یادەوەرییەکی مێژوویی باس دەکران و لە واقیعیشدا هەروابوو (بەهۆی جۆراوجۆری سیاسی-ئایدۆلۆجی و ئاینی)، بەڵام ئێستە ئیلام و کرماشان ڕچەدانەر و سەرپشکی کوردایەتین و لە بەرەی پێشەوەی خەبات و هوشیارین.
بەشێکی زۆری ئیلام و کرماشان بەبێ هیچ فێرگەیەکی زمانی و تەنیا لە ڕێگەی پێوەندی لەگەڵ ناوچە سۆراننشینەکان و میدیا کوردییەوە فێری سۆرانی بوون، زمانێک کە دوور نییە دواجار وەک زمانی فەرمی لەناو ئەم هەموو زاراوە زەنگین و سەنگینەدا بناسرێت. ئەمە یەکێک لە فاکتەرە هەر گرینگەکانی نەتەوەبوونە کە بەشێوەی خۆڕسک و خۆویستانە هاتووەتە ئاراوە، ڕەنگە ئێستە دۆخی ئێمە جگە لە باشوور، لە 50%ی هیوا و چاوەڕوانییەکانمانەوە نزیک نەبێت، بەڵام هەبوونی ئەم فاکتەرە کۆمەلایەتی و زمانی و شووناسییە، مزگێنیدەری دواڕۆژێکی شکۆدار و درەوشاوەن.
باشم لە بیرە سەردەمێک هەبوو بە جلی کوردییەوە لە کرماشان دەرکەتیتایە بە چاوێکی ناباو و سەیر دەیانڕوانی لێت، ئەمە بەهۆی ئەو پڕوپاگەندە قەڵب و درۆزنانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە دژی کورد بە درێژایی ساڵانێک دروستی کردبوو، بەڵام ئیتر تەواو گۆڕاوە. هوشیاری کورد لە کرماشان بازێکی گەورەی داوە، بە تایبەتی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، وەک بڵێین لە خەوێکی دەسکرد و سەپێنراو، ڕابوون و وردە وردە خواستی کوردانەیان بووژایەوە، ڕۆحی کوردی لەژێر داروپەردوو و سووتماکی ئاگرەکانی کۆمارەوە هاتە دەرەوە و باڵی گرت.
ئێستە جلی کوردی لەو شارە، هێمای شۆڕش و ئازایەتی و کولتوورە. هەر لەو سەروبەندەی ڕیفراندۆمدا، کاتێک 16ی ئۆکتۆبەر ڕووی دا، ئەوە گەنجانی کرماشان بوون سینگی خۆیان وەپێش نا و داوایان دەکرد بڕۆن بەرگریی لە کەرکووک بکەن، ئەگەرچی ئەمە ڕووی نەدا، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە ئاماژەیەکی گرنگ و بەهێز بوو بۆ ئەو بابەتەی باسم کرد.
ئەم خواستی ناسنامەخوازی و کوردایەتییە، لە ئیلام چەند قاتی کرماشان بەهێزتر بووە، هەم بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە هێرشی کەمتری پڕوپاگەندەی لەسەر بووە و هەمیش بەو هۆیەی پێکهاتەیەکی کەمتر دەستلێدراو و شێوێنراوی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەبووە. دەتوانم بڵێم لە هەموو ئەم هوشیاری و ئاگایییە نەتەوەییەدا، باشووری کوردستان ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی گێڕاوە. ڕەنگە ئەم بابەتە لەناو باشووردا کەمتر دیار بێت، بەڵام لێدان لە عەسکەرێکی تورک لە زاخۆ، بۆ بەرگریی لە مافی کورد، لە ئیلام و کرماشان دەنگدانەوەی کوردانەی دەبێت و هەروەتر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووکی پاش 16ی ئۆکتۆبەر.
دیارە ئەم ڕایەڵەیە یەک ئاراستە نییە و وەک وتم باشووری کوردستان هەم وەک داودەزگا و حوکم و هەمیش وەک خەڵک، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە. ماوەیەک پێش ئێستە کاتێ گۆرانییەکەی میلاد غوڵامی كە كوردێكی ئیلامییە، بەناوی (کوردم و کوردستانیم) لە کەرکووک و لەلایەن خانمە مامۆستایەکی سەربەرزی کەرکووک "مامۆستا ئامەد" بۆ بەرگریی لە شوناسی زمان و ئاڵای کوردان وترایەوە، ئێمە زیاتر و زیاتر ئەم فاکتەرانەمان بۆ سەلمێنرا کە سەدەی ئێستە سەدەی کوردە.
کەرکووک نەک وەک شاری سەرچاوە سرووشتییە دەوڵەمەندەکان، بەڵکوو وەک دایکی شوناسی کوردی دەیان جار خۆی سەلماندووە، ئەمەیش یەکێک لەو جارانەیە. سەردانی میلاد غوڵامی لەم هەفتەیەدا بۆ کەرکووک و پێشوازییە جوانەكەی، نیشانەی نەمریی کوردایەتی و شکستی ئەو سنوورانەیە کە بە زۆری و بە دەسکرد لە نێوانماندا کێشراون، تڕۆبوونی ئەو پاسەوانە داگیرکەرانەی سنوورە کە ملکەچی یاسا نووسراوەکانی سەر کاغەزن.
ئەم ڕووداوە نەک سەلمێنەری ڕۆحی کوردانەی شاری کەرکووکە، بەڵکوو دەرخەری تێڕوانینی بەرفراوانی ئەو شارەیە بۆ کوردبوون و ناسنامەی کورد. شکستهێنانە بەو سنوورانەی بە تانک و هەمەر بەرگریی لێ دەکرێت. هیوادارم ئەم هەموو سەرمایە کۆمەڵایەتی و مرۆییەی کۆمەڵگەی کوردی لەلایەن سیاسییەکان و ڕێبەرایەتی سیاسی کورد بە تایبەتی لە باشوور، ببینرێت و پلان و بەرنامەیان بۆی هەبێت، چونکە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەر پارچەیەک سەرمایەمان لە کەمی دا، ئەمانە لە پارچەکانی تر پاشەکەوت و خەزنن، تا ئاسۆی ڕزگاریی دواڕۆژ دەگات.