لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ چەمكێك هێندەی ماف، گەردوونی و پیرۆز نەبووە، بەڵام كاتێك ئەم مافە لە بازنەی نەتەوەیەكدا قەتیس دەكرێت و نەتەوەیەكی تر لێی بێبەش دەكرێت، ئێمە چیتر لە بەردەم دادپەروەریدا نین، بەڵكو لە بەردەم جۆرێكی مەترسیدار لە كۆیلایەتیی مۆدێرندا وەستاوین.
هاوكێشەی سەپێنراو
هەر نەتەوەیەك كاتێك داوای مافەكانی خۆی لە نەتەوەیەكی تر دەكات، لەبری ئەوەی وەك دوو هاوبەشی یەكسان مامەڵە بكەن، ئەمە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ بوونی پێوەندییەكی ناتەندروست، وەك دەگوترێ هەر نەتەوەیەك داوای مافی لە نەتەوەیەكی تر كرد، واتە تۆ ئاغا و من كۆیلە، ئەم ڕستەیە تەنیا دروشمێك نییە، بەڵكو وێناكردنی واقیعێكی تاڵە كە تێیدا نەتەوەیەك خۆی بە خاوەن بڕیار و نەتەوەكەی تر بە پاشكۆ دەبینێت
كێشەكە لە كوێدایە؟
كێشەی سەرەكی لە هزر و دیدگەی ئێمەدایە بۆ چەمكی دەسەڵات، كاتێك نەتەوەیەك ناچار دەكرێت بۆ سەرەتاییترین مافەكانی (زمان، ناسنامە، خاك) تكا لە نەتەوەیەكی تر بكات، ئەوا سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئەو ناوچەیە لەسەر بنەمای سەردەست و ژێردەست بنیات نراوە، ئەم جۆرە بیركردنەوەیە داهێنان دەكوژێت، چونكە نەتەوەی ژێردەست هەمیشە لە خەمی مانەوەدایە نەك گەشەكردن، ڕق بەرهەم دەهێنێت و جیاكاریی نەتەوەیی دەبێتە هۆی تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.
پێویستیی گۆڕانكاری
ئەو هزرە كۆیلەییەی وا دەكات نەتەوەیەك چاوەڕێی دەستی ئاغا بێت بۆ وەرگرتنی مافەكانی، پێویستیی بە گوڕوتینێكی بنەڕەتی هەیە، چونكە ماف نادرێت، بەڵكو دەسەنرێت و دەبێت وەك چەمكێكی سروشتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. گۆڕینی ئەم هزرە ئەركی ڕۆشنبیر، میدیا و تاكی هۆشیارە، وەك سەكۆی گەیاندنی ڕاستی، دووپات لەوە دەكاتەوە كە مرۆڤایەتی كاتێك دەگاتە لووتكەی شارستانیی كە هیچ نەتەوەیەك خۆی بە سەروەری نەتەوەیەكی تر نەزانێت، ئێمە پێویستمان بە دنیایەكە تێیدا ماف وەك هەوا بۆ هەمووان یەكسان بێت، نەك وەك خێر لەلایەن ئاغایەكەوە ببەخشرێت.
كورد چی دەوێ؟
لەم گۆڕانكارییە خێرایانەی لە دنیای نوێی ترەمپ و بێبەهاییەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ڕوو دەدەن، كورد لە ساڵی نوێدا كەوتە بەر گەلەكۆمە و وڵاتان وەك لە مێژوودا ڕووی داوە، ویستیان ئەمجارەیش بە مامەڵەیەكی شارەوا خەونەكانمان لە گۆڕ بنێن و ئێمەیش ملی ڕێی ئاوارەیی بگرینە بەر و بڵێین "فرۆشراوین"، بەڵام خۆشبەختانە بۆ یەكەمجار و بە یەك دەنگ، كوردی سەرانسەری جیهان ڕژانە سەر شەقام و گوتیان "نەخێر" ئێمە بۆ فرۆشتن نین و مافی خۆمان بە دەستی خۆمان مسۆگەر دەكەین.
ئەم دەركەوتنە نوێیە كورد كە توێژینەوەی زۆری دەوێت، بەڵام لە دیارترین خاڵیدا نەتەوەیەكی زیندووی بە ئاگای پێشانی دنیا دا كە چیتر ناتوانن بە نهێنی مامەڵەی پێوە بكەن، ملیۆنان كورد بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان گوت ئیتر ئێمە كۆیلە نین و ئاغاكانیش ڕەت دەكەینەوە، بۆیە ئێستە ئێمە لە قۆناغێكی تری خواستە نەتەوەییەكانداین و ئەمجارە تاك بە تاكی ئەم نەتەوە خاوەنداری لە دۆزەكەی دەكات، بە ڕاستی 2026 لەگەڵ شۆكەكانی، بەڵام دڵخۆشكەر بوو لە ڕووی ستراتیجییەوە بۆ كورد.